میدیا بەهێزترین هاوپەیمانی یەکێتیی ئەورووپایە

 

 

* خێسوس کارمۆنا
* خێسوس کارمۆنا

 

 

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دەکرێن. ئێمە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی توانای خۆمانەوە کار دەکەین بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو پرۆسە دیموکراسییە نێونەتەوەییە. هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەورووپا هیچ واتایەکی نەدەبوو ئەگەر هاووڵاتیان لەگەڵ ئێمەدا نەبووان. دەمەوێت ئاماژە بە هەندێ ئامار بکەم کە لە دامەزراوەی ئامار و راپرسیی ئەورووپاییمانەوە لە حوزەیرانی رابردوو بڵاوکرانەتەوە، کە زانیاریی سەرنجڕاکێشیان بۆ هەموومان تێدایە.

زانیاری سەرنجڕاکێشی یەکەم ئەوەیە کە 62٪ی هاووڵاتیان، ئەندامێتی یەکێتیی ئەورووپا بە شتێکی باش دەبینن. لەوەش سەرنجڕاکێشتر، 71٪ یان هەست بەکارەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن لە ژیانی رۆژانەیاندا. ئاماژە بەم رێژانە دەکەم، چونکە لە هەمووان بەرزترن کە تاوەکو ئێستا هەمانبوون. داتایەکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نزیکەی دوو لەسەر سێی  بەشداربووانی راپرسییەکەمان، واتە 60٪یان، دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنی 2024دا بەشداری لە دەنگدان دا بکەن، لەساڵی 2018 دا 58٪ بەر لە هەڵبژاردنەکە رایانگەیاند دەنگدەدەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپا گرنگییەکی زۆر بە کار و سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەدەن.

بێگومان، ئەم داتایانە لە کۆتایی خولێکی زۆر سەختی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا دێن، کە بە پەتادا دەربازبووین؛ بە قەیرانی وزە و دووژمنکاری سەربازییانەی رووسیا بەرامبەر ئۆکراینا و هێرشی ئەم دواییەی سەر ئیسرائیل دەرباز دەبین. هەموو ئەم رووداوانە ژمارەیەکی زۆر ئاستەنگی گەورەیان بۆ دروستکردین لەڕووی پەیوەندی و گەیاندنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا رۆڵیان هەبوو لە تێگەیشتنی هاووڵاتیان لە بایەخی یەکێتیی ئەورووپا و لە هەبوونی هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەسەر ئاستی ئەورووپایی. ئێوە باسی لە برێگزیتتان کرد، بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنمان دا سەرنجەکە لەسەر بیرۆکەی مانەوەی یەکێتیی ئەورووپا بوو کە ئایا لە دوای برێگزیت دەمێنێتەوە یان نا. چیدیکە یەکێتیی ئەورووپا، بابەتی مشتومڕی مانەوە و نەمان نییە، بەڵکو بابەتی خۆڕاگریی یەکێتیی ئەورووپایە. ئێستا هیچ کەس گومان یان پرسیار ناخاتە سەر مانەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بەڵکو بەپێچەوانەوە، هاووڵاتیانمان زیاتر و زیاتر هەست بە گرنگیی هەبوونی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن.

دوای ئەم زانیاریانە، دێمە سەر بابەتە سەرەکییەکە. ئەم هۆشیارییە روو لە زیادبووەی هاووڵاتیانمان سەبارەت کاروباری ئەورووپا ئێمەی گەیێنەر [راگەیاندنکار، میدیاکار، گوتەبێژ و.. هتد] ناچار دەکات کە زانیاریی بێلایەنانە سەبارەت یەکێتیی ئەورووپا و دامەزراوەکانی بدەینە هاووڵاتیانمان. لەم نێوەندەدا، ئێوەی میدیا، بەهێزترین هاوپەیمانیی ئێمەن. ئێوە نوێنەری ئەو تەلەڤزیۆنە پێشەنگە بازرگانیانەن کە مەودای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانیان هەیە و رۆڵێکی گەورە دەبینن لەم هەوڵەکانی گەیاندنی زانیارییەکان دا. ئێوە هاوبەشی سرووشتی و سەرچاوەی متمانەپێکراوی زانیاری ئێمەن.

ئێمە راپرسییەکمان لەسەر کارەکانی میدیا کردووە لە ساڵی رابردوودا، کە دەریدەخات تەلەڤزیۆن سەرچاوەی یەکەمی هەواڵە و 75٪ی وەرگرەکان بەکاری دێنن بۆ زانیاری وەرگرتن، کە زۆر لە پێشەوەی سەرچاوەی هەواڵی دیجتاڵی و ئۆنلاینە . 43٪ی وەرگرەکان رادیۆ و 39٪یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بلۆگەکان بەکاردێنن. واتە وێڕای ئەوەی گرنگییەکی زیاد بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێت، بەڵام ئێوە هێشتا لەسەرووی هەمووانەوەن. زیاد لەوە، دەزگا نەریتییەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت، لەڕووی متمانەوە لە سەرووی سەکۆ ئۆنلاینەکانی دیکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و یوتیووبەوەن. بۆیە، وەک گوتم، ئێوە هاوبەشی سەرەکین لەم جەنگە درێژخایەنەی کە لەم خولەدا رووبەڕووی بووینەتەوە، کە جەنگی دژی زانیاریی ناڕاست و هەواڵی ساختەیە.

هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سلۆڤاکیا، ئاماژەی زۆر نیگەرانکەریان دوای خۆیان بەجێهشت و چاوەڕێ دەکەین بزانین لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پۆڵەنداش چی روودەدات. زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستیمان بەوەیە پێکەوە کاربکەین و لە بەرەی زانیاریی راست و دروست و متمانەپێکراودا بین.

سەبارەت هەڵمەتی هەڵبژاردنیش، ئێمە چ دەکەین بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ هاووڵاتییەکانمان لە پەیوەندیدا بمێنینەوە و وایان لێ بکەین بچن دەنگ بدەن؟ ئێمە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانمان بەسەر دوو قۆناخ دا دابەشکردووە. ئێستا ئێمە لەو قۆناخەداین کە بە قۆناخی گەیاندنی هەڵمەتەکە ناوی دەبەین. بۆ ئەو قۆناخە، ئامانجی روونمان هەیە؛ بۆ ئەوەی زانیاری بدەینە هاووڵاتیان لە بارەی کاری سیاسی و یاسادانانی پەرلەمانی ئەورووپا. ئێمە دەمانەوێت بۆ خەڵک روونی بکەینەوە کە کارەکانی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانەکەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە. زۆر نموونەمان هەیە لەسەر ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دانراون و کاریگەرییان هەبووە و هێشتا زۆری دیکەشیان بەڕێوەن.

پێشتر مشتومڕ لەسەر بەکارهێنانی پلاستیک هەبوو و ئەوەبوو لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە یاسایەکی بۆ دەرکرا. هەر شتێک پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەبووبێت، لەم خولەی یاساداناندا کاری لەپێشینە بووە. زۆر کارمان لەسەر بەدیجیتاڵیکردن کردووە؛ یاسای بازاڕی دیجیتاڵی و یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیمان دەرکرد کە کاریگەری لەسەر بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان هەبوو. دوێنێ لەلایەن کۆمیسیۆنەوە نامەیەک بۆ ئیلۆن [مەسک] نێردرا بۆ ئەوەی گرنگیی کۆنترۆڵکردنی پلاتفۆرمەکەی وەبیر بهێندرێتەوە لەو زانیارییە ناڕاستانەی سەبارەت هێرشی سەر ئیسرائیل بڵاودەکرێنەوە. کاتێک کە ساڵی داهاتوو لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە، دوو سێ مانگ پێش هەڵبژاردن، پێدەنێینە قۆناخی "بچن دەنگ بدەن"ەوە. لەو قۆناخەدا سەرنجی پەیام و گوتاری سیاسی لەسەر دیموکراسی پەرلەمانی و  گرنگیی بەشداریکردن لە دەنگدانی یەکێتیی ئەورووپادا دەبێت. دەمەوێت هەندێ نموونەتان بۆ باس بکەم کە ئێمە لە قۆناخی یەکەم، واتە قۆناخی گەیاندن دا چ دەکەین بۆ ئەوەی سەرنج بخەینە سەر ئەو ئامانجانە. یەکێک لەو شتانەی کە رەنگە ببێتە مایەی سەرنجی ئێوە، ئامرازێکی ئۆنلاینمان ئامادە کردووە بە هەموو زمانە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، کە نەخشەڕێیەکی پڕ لە زانیاری بەسوودە بۆ ئێوە بۆ رووماڵکردنی کاروباری ئەورووپا. ئەو ئامرازە هەموو شتێکی تێدایە؛ هەر شتێک کە پەرلەمانی ئەورووپا لەم مانگانەی دواییدا کردبێتی لەوێیە؛ بۆیە دوودڵ نەبن لە سەیرکردنی. ئامرازەکە تازە لەلایەن میدیاکارەکانمانەوە ئامادەکراوە و بە زمانێکی سادە و ساکارە. خاڵێکی دیکەی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە، رێکخستنی میدیایە. پلانمان وایە لە ئێستاوە تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکە، سەردانی هەموو میدیا سەرەکییەکانی سەرانسەری ئەورووپا بکەین. دوو هەفتە لەمەوبەر لە هێلسنکی بووم، سێ چوار هەفتە لەمەوبەر لە نیقۆسیا بووم و دوو هەفتەی دیکەش دەچمە دەبڵن. یەكێتیی ئەورووپا دەیەوێت پەیوەندیی نێوان میدیا و بڕیاربەدەستەکانی کە دەبنە بابەتی هەواڵەکان، بەهێز بکات. ئەمە بەشێکی زۆر گرنگی هەڵمەتەکەمانە، چونکە دەمانەوێت هاوبەش و هاوپەیمان بۆ هەڵمەتەکەمان بدۆزینەوە.

خاڵێکی دیکەی ستراتیجییەکەمان بریتییە لە ئەنجامدانی سەمینار و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی لەسەر کارەکانمان. ئێمە رۆژنامەڤانان بانگهێشت دەکەین بۆ دانیشتنە سەرەتاییەکانمان لە ستراسبۆرگ کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچن، وەک هەفتەی رابردوو. هەروەها لە ئێستاوە تاوەکو کاتی هەڵبژاردن، ژمارەی رۆژنامەڤانە بانگهێشتکراوەکان زیاد دەکەین. هەروەها ئایاری رابردوو، مێزگردێکی ئاست باڵامان بۆ پیشەگەرانی بواری رۆژنامەڤانیی سەرانسەری ئەورووپا رێکخست.

ئەمانە بەشێک بوون لە نموونەکان. ئێمە هەروەها لە پەرلەمانی ئەورووپا، ناوەندی میدیای بینراو و بیستراومان هەیە کە چەندین پەنجەرەی جۆراوجۆری تێدایە و بابەتی نوێکراوەی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوە لەخۆ دەگرێت و زانیارییەکانی نێوی بە گوێرەی گرنگی ریزکراون. ئەوە تایبەت دەبێت بە پەرەدان بە هەڵبژاردن و ئاگادارکردنەوەی خەڵک. هەروەها بابەتی وەک ڤیدیۆی ئەنیمەیشن لەسەر دیموکراسی و ڤیدیۆی دیکە سەبارەت پڕۆژەکانی یەکێتیی ئەورووپای تێدایە. ساڵی داهاتوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، قۆناخی دووەمی هەڵمەتەکەمان بەناوی "بچن دەنگ بدەن" دەستپێدەکات. لەو کاتەدا، ئێمە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دیموکراسی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، میدیا و تۆڕەکانی دیکە دەدەین. خاڵێکی دیکەی هەڵمەتەکەمان ریکلامکردن دەبێت. ئەمە گەورەترین بەشی هەڵمەتەکەمانە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر دەستمانپێکرد، لەوانەش فیلمی (قارەمان)مان بڵاوکردەوە؛ هەروەها فیلمی منداڵە ساواکە. ئەوانە بەشێک بوون لە هەڵمەتەکەمان و پێشوازیەکی زۆر باشیان لێ کرا.

ئێستا لەگەڵ بەڵێندەرێکی دەرەکی کار دەکەین بۆ ئەوەی بابەتی نوێ دروستبکەین. ئەوە قۆناخە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بوون. لە رۆژی ئەورووپادا، 9ی ئایار، هەوڵدەدەین هەموو سەرنجمان لە هەموو وڵاتانی ئەندام لەسەر هەڵبژاردنەکان بێت. ئێمە بنکەی گەیاندنی لامەرکەزیمان هەیە و تەنیا لە برۆکسڵ نین، بەڵکو لە هەموو وڵاتە ئەندامەکان پێش 9ی ئایار دیبەیت و چالاکیی پەیوەست بە هەڵبژاردنمان دەبێت. قۆناخێکی دیکەی گرنگیی هەڵمەتەکە، دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەبێت. ئەمە لە مانگی ئایاردا دەبێت، واتە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان. هێشتا زۆر ماوە بۆ ئەوکاتە، بەڵام هەر لە ئێستاوە کار لەسەر ئامادەکردنی دەکەین بۆ ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێش بێت. ئەوە دیبەیتێکی کاریگەر دەبێت و بەربژێرانی پایتەختە جیاجیاکانی وڵاتانی ئەندام تێیدا بەشدار دەبن و رۆژنامەڤانانی سەرانسەری ئەورووپا پرسیاریان لێ دەکەن. گرنگترین کات بۆ ئێمە، بێگومان شەو و رۆژەکانی هەڵبژاردن دەبن، واتە 9ی حوزەیران و نووسینگەکەمان دەگۆڕدرێت بۆ ژوورێکی گەورەی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی و ئێوەش بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی بەشداربن و لە نزیکەوە هەموو ئەنجامەکان وەربگرن و بزانن پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە پێنج ساڵی دواتردا بە چ جۆرێک دەبێت.

جەخت دەکەمەوە کە دیموکراسی پەیامیی سەرەکیمانە. وێڕای قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان، هاووڵاتیان هێشتا متمانە بە یەکێتیی ئەورووپا و بڕیارەکانی دەکەن؛ هەڵبژاردنەکانیش ساتێکی گرنگ دەبن بۆ بەهێزکردنی ئەم بیرۆکەیەی دیموکراسی. کورت و پووخت، تاوەکو دێت ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان لەبارەی کاروباری ئەورووپا زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستمان بە زانیاریی روون، راست و متمانەپێکراو هەیە لە بارەی یەکێتیی ئەورووپا و دامەزراوەکانی، کە ئێوە پێویستە رۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا بگێڕن. ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە کارەکەتان بکەین؛ دامەزراوە فەرمییەکانمان لە برۆکسل و ستراسبۆرگ و وڵاتە ئەندامەکان لە خزمەتاندان و نووسینگەکانی هاوئاهەنگیمان لە وڵاتە ئەندامە جیاجیاکان ئێستا ستۆدیۆی نوێیان هەیە. لە کۆتاییشدا، ئاماژە بە هەندێ لە پرۆگرامەکانی پشتیوانیکردنی رۆژنامەڤانان دەکەم. ئێمە یارمەتیی دارایی تایبەت بە میدیامان هەیە بۆ ئەوانەی کار لەسەر کاروباری ئەورووپا دەکەن؛ هەروەها پشتیوانی لە میدیا و رۆژنامەڤانانی ئازاد دەکەین. هەفتەی داهاتوو لە ستراسبۆرگ براوەی خەڵاتی دیفنا کاراونا گالیتزیا بۆ رۆژنامەڤانان رادەگەیێنین. ساڵی رابردوو، خەڵاتەکە درایە بەڵگەفیلمێکی دیاری تەلەڤزیۆنی. لێرەوە کۆتایی بە قسەکانم دێنم."

* خێسوس کارمۆنا، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایە و ئەم گوتارەی لە یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی ئینێکس لە لۆکسەمبۆرگ رۆژی پێنجشەممە 12-10-2023 پێشکێش کرد

سەرچاوە : ڕووداو