هێمن مەحموود
(مووسا عەنتەر) ناوێکی ئاشنا بەڵام دنیایەکی نەخوێنراو، ناوێکی دیار بەڵام جیهانێکی کەشفنەکراو..زۆرمان ناوی عەنتەرمان بیستووە بەڵام نازانین کێ بووە؟ چی کردووە؟ چۆن ژیاوە؟ بۆچی و لەسەر چی تیرۆرکراوە؟ چی بۆ دۆزی کورد کردووە لە باکوور؟
مووسا عەنتەر سەدان شەو و سەدان ڕۆژی لە ژوورە تەنگ و بچوکەکانی زیندانەکانی تورکیا بەسەربردووە، بە تاق و تەنیا لەسەردەمێکدا کە بە کوردی قسەکردن، بە کوردی نووسین، بە کوردی بیرکردنەوە قەدەغە بووە عەنتەرەکەی خۆمان یاخی بووە و ئاڵای بەرەنگاری هەڵکردووە بە کوردی بیریکردۆتەوە و بە کوردی نووسیویەتی و بە کوردی قسەیکردووە.
سەردەمانێک مووسا عەنتەر لە گوندێکی بچووکەوە دەڕواتە ئەستانبوڵ و لە دڵی فاشیەتی تورکییەوە بەرەنگاری دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە کوردی باکوور لەسەردەمێکی تاریکدا ژیاون و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و سەرکوتکردن و تەنانەت ڕێگەنەدان بە قسەکردن بە زمانی دایکییان لەلایەن دەوڵەتەوە فەزای تەواوی شار و شارۆچکەکانی باکووری گرتبوویەوە، ئا لەو سەردەمەدا عەنتەر لە ڕۆژنامەکاندا بە کوردی دەنووسێت و بە کوردی دەدوێت و عەرشی ئەتاتورکییەکان دەهێنێتە لەرزە و بۆ کپکردنی دەنگی ڕێگای زیندانی لێدەگرنەبەر و ساڵانێکی زۆر زیندانی دەکەن، ئەوان لە زیندانیکردنی ماندوودەبن، وەلێ عەنتەر لە کوردی نووسین ماندوو نابێت و کۆڵنادات.
بیرەوەرییەکانی عەنتەر یەکێکە لەو کتێبانەی بڕوام وایە دەبێت هەموو تاکێکی کورد بیخوێنێتەوە تا بزانین ئەم پیاوە کێیە و چی کردووە و چی بەسەرهاتووە تەنیا لەپێناوی یەک شتدا کە ئەویش دۆزی کورد و زمانی کوردییە لە باکوور.
بێ خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئێمە هەر بە تەنیا ناوی عەنتەرمان بیستووە،ئاشنای ئەو ئەشکەنجانە نەبووین کە لە زیندانەکانی تورکیادا چەشتوویەتی، ئاشنای ئەو ژیانەی نابین کە لە ئەستانبوڵ چی دەکات بۆ ئەو کوردانەی ڕوویانکردۆتە ئەو شارە، نازانین چی هەستێکی کوردانەی هەبووە کاتێک لەشوێنێکدا بەڕێکەوت گوێی لە ئەفسەرێکی تورک دەبێت بە شانازییەوە باس لە کورد کوشتنی شۆڕشەکەی دەرسیم دەکات و عەنتەر دەیداتە بەر شەق.
مووسا عەنتەر بەخۆی هێندەی حزبێکی گەورە خەباتیکردووە و چالاکی نواندووە، لە دیاربەکر تەحەدای دەسەڵاتی کردووە و بە کوردی نووسیویەتی، ڕەخنەی گرتووە و فاشیەتی تورکی ئیدانە کردووە، هێندەی حزبێک ناووناوبانگی هەبووە، شانازی پێوەکراوە.
کتێبەکە ڕووداوی زۆر ناوازە و کاریگەری تیایە، ئاشنای کەسانێکی زۆر دەبین کە تەنیا ناومان بیستوون، شارەزاییەکی زۆرمان دەبێت لەسەر ڕووداوەکان، لەسەر ململانێکان.
لەشوێنێکدا مووسا عەنتەر باس لەوە دەکات کە عەبدولڕەحمان قاسملۆ لەڕێگای ئەوەوە لە ئەستانبوڵەوە ڕەوانەی پاریس دەکات و دواتریش ئیرەیی بە قاسملۆ دەبات کە شەهیدکراوە و ئەم هێشتا ماوە، کەچی بەداخەوە دەستێکی ڕەشی فاشییەکانی تورک مووسا عەنتەریش شەهید دەکەن.
وەرگێڕانی ئەم کتێبە جێگای دەستخۆشییە و حەقوایە لە خوێندنگاکان بخوێنرێت..ئەم بیرەوەرییانە بیرەوەری نەتەوەیەکە، بیرەوەری هەموو کوردە...بەحەق مووسا عەنتەر ئەستێرە گەشەی ئاسمانی بەرخودانی کوردانە.
سەرچاوە : ئاوێنە