مرۆڤ کەی ئۆقرە دەگرێت؟

زەینی مرۆڤ وەک هەر شتێکی تر لە سێکوچکەیەک پێکهاتووە. لەم گەردوونەدا سێ حاڵەت بنەمای بەرجەستەکردنەوە و راگرتن و درێژەپێدانی بەشە جیاجیاکانی ژیان و جۆرە جیاجیاکانی بوونەوەرن. ئەم سێ جۆرە بنەمای هەموو شتێکن کە بریتیین لە یەکەم: وزە و بنەڕەت و رۆح یان سووکەڵەیی(ساتڤا)، دووەم: جوڵە و هەوا (راجاس)، سێیەم: بێ جوڵەیی و قورسی (تاماس). ئەم سێ حاڵەتە بنەڕەتی هەموو شتێکن و هەموو شتێک ئەم سێ حاڵەتەی تێدایە. دنیای فیزیکی ئێمە لە ئەتۆم پێکهاتووە و ئەتۆمیش ئەم سێ حاڵەتەی تێدایە، واتە پرۆتۆن و نیترۆن و ئەلکترۆنی تێدایە و هەر کامیان یەکێک لەم سێ حاڵەتەی سەرەوە نوێنەرایەتی دەکەن.
رێژەیان وەک یەک بێ
ئەگەر ئەم سێ حاڵەتە لە شتەکاندا هاوسەنگ بن، واتە رێژەیان وەک یەک بێ یان لە کاتە جیاجیاکاندا ئەگەر یەکێکیان زیاتر لەوانیتر پێویست بێ، دەوری خۆی بە باشی ببینێ و رێژەکەی بەگوێرەی پێویستی بەرز بێتەوە و دوای تێپەڕاندنی دۆخەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، ئەوا ئەو شتە یان ئەو کەسە هاوسەنگە. لەسەر بنەمای ئەم زانستە مرۆڤی ئەم سەردەمە و شارستانییەتی مرۆیی ناهاوسەنگە، واتە لە ناو ئەم سێ حاڵەتەدا زیاتر کار لەسەر یەکێکیان دەکا. ئەمەش بەرهەمی گۆڕانی ئەم هاوسەنگییە کە لە زەینی مرۆڤدا روویداوە. شەپۆلەکانی زەینی مرۆڤ و بیرکردنەوە و هەستی مرۆڤەکانیش بەسەر ئەم سێ حاڵەتەدا دابەش دەبن و لەم سێ حاڵەتە پێکهاتوون، واتە بەشێک لە شەپۆلەکان ئارامن، هەندێکیان وەک هەوا دەجوڵێن و هەندێکیان قورس و بێ جووڵەن. مرۆڤ لە کۆندا شەپۆلە ئارام و سووکەڵە و بنەڕەتییەکەی زیاتر بەسەر ئەوانیتردا زاڵ بووە، هەر بۆیەش مرڤی هەزاران ساڵ لەوە پێش و شارستانییەتی هەزاران ساڵ لەوە پێش ئارامتر و رەوتی گەشەکردنی خاوتر و بەرهەمە مەعریفی و هونەریی و کەلتورییەکانیان قووڵتر بوون، بۆ نمونە هەموو دینەکانی ئەو سەردەمە و بەشی زۆری فەلسەفەکانی ئەو سەردەمە حیکمەت و عیرفانن، زیاتر هانی ناسینی بنەڕەت و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و خۆناسیی دەدەن، بەڵام بەرە بەرە شەپۆلەکانی زەینی مرۆڤەکان گۆڕانی بەسەردا هات، بیریان لە شتی زیاتر کردەوە و حەزەکانیان زیاتر پەرەی سەند و بۆ دابینکردنی حەزەکانیان هەوڵێکی زیاتریان دەست پێکرد و بەرە بەرە بوون بە کۆیلەی تەواوەتی حەز و ئارەزووە جیاجیاکان، ئەوە وای کرد شەپۆلی جوڵە و نەوەستاو چالاک بێ و بەسەر ئەوانیتدا زاڵ بێ، واتە شەپۆلی راکەڕاک و ئۆقرەنەگرتن بەسەر سووکەڵەیی و قورسیدا سەرکەوت. واتە شەپۆلەکانی زەینی مرۆڤ لە ساتڤاوە بەرە راجاس و ئینجا راجاس – تاماس هاتووە. مرۆڤ و شارستانییەتی ئێستا ئارام و بە ئاگا نیە، بەڵکوو یان نائارام و ورووژاوە یان تەنبەڵ و قورسە، سووکەڵە و شاد و ئارام و بە ئاگا نییە.
لەبەرچی وایە؟
هۆکاریی سەرەکیی ئەو هەمووە کێشەیەی ئێستای مرۆڤ و شارستانییەتی مرۆیی تیکچوونی هاوسەنگی نێوان ئەم سێ حاڵەتەیە لە زەینی مرۆڤدا، بۆیە هەموو کەس لەهەر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی دابێ زیاتر لە هەست کردن بە بەختەوەریی هەست بە ترس و نیگەرانی دەکات، یان لە بوارە جیاجیاکاندا ورووژاوە و راکەراکێتی، یان نائومێد و رەشبینە و جۆرێک لە داهێزران و تەنبەڵی بەسەریدا زاڵ بووە، کەمتر وایە کەسێک ببینی ئارام و گەشبین و تەڕ و تازە بێ، لەبەرچی وایە؟ لەبەر ئەوەی هاوسەنگی نێوان ئەم سێ حاڵەتەی لەسەرەوە باس کران تێکچووە.

خۆیان ژیان نین
مرۆڤ لەم دۆخەدا ژیان وەک ئەوەی کە هەیە ئەزموون ناکا، بەڵکوو شەپۆلی جوڵە و راکەراکی لێ بووە بە ژیان، پێی وایە ژیان بریتییە لە راکە راک بەدوای شتەکاندا و پێی وایە ئەو شتانەش بریتیین لە ژیان و بە بێ ئەوان ناتوانێ بژیی، لە حاڵێکدا ئەم سێ حاڵەتە خۆیان ژیان نین، بەڵکوو کەرەستەیەکن لە خزمەت بەرجەستەکردنەوە و راگرتن و درێژەپێدانی ژیاندان، ئەگەر لە زەینی هەر یەک لە ئێمەدا ئەم سێ حاڵەتە هاوسەنگ بن ئەوا ئەو کەسە دەتوانێ بە بێ هەوڵ و ماندووبوون، بە بێ راکەراک و بە بێ هیچ کەرەستەیە ژیان وەک ئەوەی کە هەیە ئەزموون بکات، بە پێچەوانەش لە ژیان دادەبڕێ و دەکەوێتە ناو بازنەیەکی بێ سنووری دووبارەبوونەوەی بیرکردنەوە و هەست و حاڵەتە نەرێنی و ناخۆشەکان.
چۆن هاوسەنگ بینەوە؟
بۆ ئەوەی ئەم سێ حاڵەتەی ئێمە بەبەردەوامی هاوسەنگ بن دەبێ چی بکەین؟ یەکەم: کاتەکانی شەو و رۆژ لەم سێ حاڵەتە پێکهاتوون و ئێمە دەبێ لەگەڵ کاتەکانی شەو و رۆژدا خۆمان رێکبخەینەوە، واتە بەیانی لە کاتژمێر شەشەوە تا کاتژمێر دەی پێشنیوەڕۆ کات تاماسە، ئێمەش دەبێ تاماس بین، لە کاتژمێر دەوە تا دووی پاشنیوەڕۆ کات راجاسە، راجاسی ئەم کاتە دەرەکییە و ئێمەش دەبێ لەم کاتەدا چالاک بین و باشترین کاتیشە بۆ خواردنی ژەمی سەرەکییمان، لە کاتژمێر دووشەوە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە ساتڤایە، لە کوردەواریی خۆماندا دەڵێن شاعیرانەیە، رێک وایە و ئێمەش دەبێ وا بین. دوای ئەوە لە شەشی ئێوارەوە تا دەی شەو کاتی تاماس دەست پێدەکاتەوە و لەدەوە تا دووی بەرەبەیان راجاسە، بەڵام ئەم راجاسە لەم کاتەدا ناوەکییە نەک دەرەکیی، دەبێ جەستە لەخەودا بێ تا لە ناوەوە وزە بجوڵێ و لەناوەوە خەریکی پێداچوونەوە بێ، لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانەوە تا شەشی بەیانی ساتڤایە، لە کوردەواریی خۆماندا پێی دەڵێن سەبای ساڵحان، لەو کاتەدا وزەی ژیان زۆرە و هەر کەس ئەو کاتە بەخەبەر بێ رۆژەکەی هاوسەنگ و پڕ وزە دەبێ.
دووەم: خۆراکەکانیش دابەش دەبن بەسەر ئەم سێ حاڵەتەدا: یەکەم: ساتڤا (سەوزەکان و میوە و دانەوێڵەکان بە دەستکارینەکراوی)، دووەم: راجاس (خۆراک و خواردنەوە ورووژێنەرەکانی وەک توندی و سیر و پیاز و خواردنەوە کحولییەکان و مادە هۆشبەرەکان)، سێیەم: تاماس ( خۆراکەکانی وەک گۆشتی ئاژەڵ، سوورەوەکراو، برژاو و زۆر کوڵاوەکان). دەبێ ئاگامان لێ بێ لە یەکێکیاندا زیادەڕۆی نەکەین و هەر سێکیان بە رێژەی گونجاو و پێویست و هاوسەنگ بەکار بێنین.
سێیەم: ئەگەر ئێمە یۆگا بکەین زۆر بە ئاسانی ئەم زانستە لە خۆمان دەبینین و دەیناسین و دەتوانین کاری پێبکەین، واتە بەشێکی زۆری کاتەکان هاوسەنگ بین، یانی بەڕاستی بژین و ببینەوە بە ژیان.

مەحمود شێرزاد

سەرچاوە: knwe