محه‌مه‌د ئەمین پێنجوێنی: تورکیا ترسی هەیە ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە بەریبکەوێت

 

 

 

محەمەد ئەمین پێنجوینی

بەشێک چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە گومانەوە لە جوڵەکانی ئەم دواییەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەگەڵ کورد دەڕوانن و ڕایان وایە، پرسی ئاشتی لە دیدی تورکیا تەنها تاکتیکە و چەند ئامانجێکی لە پشتە کە گرنگترینیان بە لاڕێدابردنی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

محه‌مه‌د ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد و چاودێری سیاسی له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگە و لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە تورکیا خۆی پێویستی بە ئاشتیە و لە بەردەم پڕۆسەیەکی نێودەوڵەتی ناتۆ و جیهاندایە بۆ تێکچونی دۆخی وڵاتەکەی، واتا تورکیا ترسی هەیە ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە بەریکەوێت، بۆیە خۆی داوا دەکات ئۆجەلان بانگی ئاشتی بدات".

یەکەم جارە لە مێژوی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردا بڵێن دەبێت کورد مافی خۆی هەبێت وەک میللەتانی تر

وتیشی، "پرسی کورد بوه‌تە جیهانی و گەورەترین سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان باس لە کورد و چارەسەری دۆسیەکەی دەکەن، باس لەوە دەکەن کورد دەبێت کیانی خۆی هەبێت کە یەکەم جارە لە مێژوی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردا بڵێن دەبێت کورد مافی خۆی هەبێت وەک میللەتانی تر".

 پەروین بوڵتان و سەری سورەیا ئۆندەر سەردانی دورگەی ئیمڕاڵیان کرد

28ی ئه‌م مانگه‌، شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەریەک لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵتان و سەری سورەیا ئۆندەر سەردانی دورگەی ئیمڕاڵیان کرد و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامدا.

ئۆجەلان جەختی لە "برایەتی نیوان کورد و تورک" کردوه‌تەوە

شاندی دەمپارتی لە دوای دیدارەکەیان بۆ ئیمڕاڵی ڕایانگەیاند ئۆجەلان جەختی لە "برایەتی نیوان کورد و تورک" کردوه‌تەوە و ڕایگەیاندوە، "بەهێزکردنی برایەتیی تورک-کورد لە نوێوە نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان، بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەمو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن، و بونیادنەرانە هەنگاوبنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن".

ئەردۆگان بەردەوام لە میدیاکانیانەوە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە 

وێڕای ئاماژەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەردەوام لە میدیاکانیانەوە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە و بەشێک لە لایەنە کوردیەکان و هەڕەشەی لە ناوبردنیان لێدەکات.

 

 

سەرچاوە : خەندان