فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل پێنج خەڵاتی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئیماجن ئیندیا بەدەستهێنا

فیلمی سینەمایی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیماجن ئیندیا لە مەدریدی ئیسپانیا، پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا.
مانۆ خەلیل دانیشتووی سویسرایە و بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا ئێستا لە مەدریدە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر ئەو فیلمانە پبەشدارن کە لە ئاسیا بەرهەمهاتوون و فیلمی 'جیران' توانی خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین مۆنتاژ، باشترین میوزیک و خەڵاتی رێزلێنانی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە بۆ باشترین رۆڵی منداڵ بە سەرهەد خەلیل، ئەکتەری فیلمەکە بەخشرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیماجن ئیندیا لە 23-9-2022 دەستیپێکرد و 9-10-2022 چالاکییەکانی کۆتایی دێت.

ئەو دەرهێنەرە کوردە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گرنگی ئامادەبوون لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا لەوەدایە کە خەڵکی نوێ دەبینیت و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی فیلمەکەت لە فێستیڤاڵی دیکەی سینەمایی داوا بکرێت، لەو فێستیڤاڵەدا دوو فێستیڤاڵی دیکەی هیندی داوای فیلمی 'جیران'یان کرد.

ئەم بەرهەمە سینەماییە تاوەکو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا بەشداربووە و 50 خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرا.

مانۆ خەلیل ئاشکرای کرد، لە 13 ئەم مانگە فیلمەکەی لە سینەمای تەواوی شارەکانی ئەڵمانیا پێشاندەدرێت، دواتریش لە سوێد، دانیمارک، فنلەند، ئایسلەند، نەرویج، ئەمریکا و کەنداش پێشاندەدرێت.

گوتیشی، لەم هەفتەیدا دەچێتە ئیمارەتی شاریقە لە ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و گەنجان  کە چالاکییەکانی لە 10-15 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرهەمە سینەماییە بۆ دەستپێکی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ هەڵبژێردراوە کە چالاکییەکانی لە 26-31 تشرینی دووەمی 2022 دەستپێدەکات.

 

سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق

 'جیران' لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و عەرەب تێیدا بەشدارن.

مانۆ خەلیل، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە 'پەرەسێلكە'، 'حافیز و مارا'، 'ئەنفال'، 'دایڤید تولهیلدان'، 'زیندانەكەم، ماڵەكەم'، 'باخچەكانی بەهەشت' و 'تامی هەنگوین' و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.