مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیدا

 

ئەرسەلان رەحمان

 

ئەوەی ئەمڕۆ لە دێگەڵە بینرا، زادەی عەقڵێکە، لە دەنگە ناڕازییەکان پتر زیانی لە وێنای هەرێم و دەسەڵاتی ئیداری داوە و خستوویەتییە سوچێکەوە، ڕوونکردنەوە و قڕوقەپی میدیاکەی و شانامەی دەربارییەکانی توانای ڕاستکردنەوەی وێنا شکاوەکەیان نەبێت.

خۆنواندنەوە

ئەو عەقڵیەتەی لە دێگەڵە بەرامبەر بە خەڵک خۆی نواند، لە شاخیش هەبووە و حەزی بە وێرانکردنی ژێرخان و سەرخانی گوندەکان بوو، بۆ ئەوەی گەنجەکانیان ناچار بن ڕوو لە شاخ بکەن، (وەک ئەوەی خۆیان لە یادەوەرییەکانیاندا باسیانکردووە). 

لە 2006ەوە کە شەپۆلێکی ناڕەزایی سنووری سلێمانی گرتەوە و دواتر پەڕیەوە بۆ زاخۆ، پاشان ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و تا دەگاتە شیلادزێ و ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە ژێر ناوی جیادا ئەو عەقڵیەتە خۆی وێنا دەکاتەوە و خاوەنەکانی لە پێناو مانەوەدا، گوێیان بە گیان و ژیانی خەڵک نەداوە.

لە قۆناغەکانی مێژووی شەڕی چەکداریدا، خاوەنانی ئەم عەقڵە ئەمنیی و چەکدارییە لێیان نەبیستراوە، لەو گوند و چۆڵەوانیانەی بەدەستیانەوە بووە، داکۆکی لەسەر مافی هاووڵاتیبوونی خەڵکەکەیان بکەن.

بەردەوام بۆ مانەوە، کاریان بۆ پەرتکردن و تێکدانی شیرازەی ژیانی خەڵک کردووە، شەڕی یەکدی، کوشتار و تاڵان بە دروشمی "سەر بۆ من و ماڵ بۆ تۆ" دیارترین سیمای شەڕی چەکدارییان بووە.

لە 1992 بۆ 2003 و لەوێشەوە تا ئێستا، تاکی کورد، بە خەون و خولیا، کەسایەتیی و بوون و چیرۆکیی ژیانییەوە، نەبووەتە سەنتەر لای عەقڵیەتیی سیاسیی و چەکداریی دەستڕۆیشتووان لە هەرێم. 

بێ کاریگەرکردنی تاک

ئێستاش هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە، کەس، حزب، گروپی بەرژەوەند و بازنەی بچووکی دەسەڵات سەنتەر بن، خەمی گەورەیان ئەوەیە: تاک لە کۆمەڵگەدا ئیعتباری بۆ دانەنرێت، بێ ئیرادە و سەرکز لە پەراوێز و مەقاشی بەدیهێنانی سەنتەرگەرایی ئەوانی دیکە بێت، جگە لە خۆی.

هەر بۆیە ئاسایی دەبینین، کاتێک ڕووداو پەیوەستە بە مافی خەڵک بە گشتیی و تاک بە تایبەتی، میدیای وابەستە بە بازنەی دەستڕۆیشتوو، مێش میوانی نیە. وەک چۆن کەناڵەکانی ئەسەد، واقیعیان پیشان نەدەدا، دیمەنی سوڕی ژیانی کیسەڵیان پەخشدەکرد، تا چەکدارەکان گەیشتنە دیمەشق، کەناڵە وابەستەکانیش، بۆیان ئاساییە ڕووماڵی شەڕەتۆپەڵ لە کۆڕەک و ئەزمڕ بکەن، تەنیا بۆئەوەی خۆیان لە دەنگی خەڵک نەبان بکەن، ئەو کاتەی "زیانی بۆ پەزەکان" هەیە.

چاویلکەی ئەمنیی 

هەڵچنرانی دیواری خڕەکەڵەکی دەسەڵات بە عەقڵیەتی ئەمنیی، بەرهەمی ئەوەیە: هەموو شتێک بە کێش و گەز و پیمانەی ئەمنیی دەکێشێت و دەپێوێت. سادەترین جوڵەی تاک، وەک هاووڵاتی، بە پیلانی ناحەزان و دەستی دەرەکی و فیتی دوژمنان و حەزی خۆدەرخستن و دەستکەوتی ماددی و کلکایەتی بۆ ئەم و ئەو مانا دەکات، مانایەک بۆ بوونی تاک لە ئارادا نامێنێت. 

ئیدی بەو تێگەیشتنە شکۆی تاک وەک مرۆڤ با لە توێژی ڕێزلێگراویش بێت!، دەربەستی نایەت و دەبێتە قوربانی شەقی چەکدار. نەک تەنیا لە هەولێر، لە سلێمانیش بە مانای زۆنی سیاسیی وایە.

پەروەردەی مەدەنی

لە هەرێمدا عەقڵی ئەمنیی، گۆش و پەروەردە نەکراوە لە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی بێت، تاک وەک سەرچاوەی ڕەوایەتیی ببینێت، بۆیە بۆ هیچ دڕ نەبێت، بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەری مەدەنی دڕ و جەربەزەیە.

کێشە ئەوەیە، لە هەرێم ئەو عەقڵە لە بازنەی خۆی گەورەتر پەلیهاویشتووە و ئابووری، بازاڕ، سیاسەت و ئیدارەی بە دەستەوەیە. 

ئەزموونێک لەوانی دیکەوە

سەیرە.. لە ناوچەکە جوڵانەوەی چەکداری هاوشێوە، بیریان لە مەترسی باڵادەستیی ئەو عەقڵیەتە کردووەتەوە، باڵی سیاسیی و چەکداریان لەیەک جیاکردووەتەوە، کەچی لێرە باڵی چەکداری و ئەمنیی، ئاوی کردووەتە ژێر سیاسییەکانیش و بە درێژایی مێژوو جوڵانەوەی چەکداری کورد بیری لەو جیاییە نەکردووەتەوە.

ناو و ناتۆرە بەخشینەوە

ئەو عەقڵیەتە ئەمنییە چارەسەری بۆ هیچ گرفتێک پێ نیە، جگە لە تەوهین، تەخوین، شکاندن و ڕاوەدوونان؛ ناتوانێت پەی بە گۆڕانکارییەکانی واقیع بەرێت، پێی وایە هەرچی بکرێت لە دژیەتی، (بەم وتارەیشەوە)، چونکە سیستمی بیرکردنەوەی لەقاڵبدراوە و تەنیا لە چاویلکەی ئەمنییەوە دەڕوانێت. 

بە نموونە: ماوەی دوو هەفتەیە، جووڵەیەکی مەدەنی بێ چەک، بێ داواکاری سیاسیی و ئەمنیی هەیە، ئەو عەقڵیەتە ئەمنییە نەیتوانی مامەڵەیەکی ژیرانەی لەگەڵدا بکات، بە هۆی داخراوییەکەیەوە، توانای گفتوگۆی نیە و بگرە باوەڕیشی پێی نیە.

ئیدی بۆ سەرکوتکردنی ئەو جوڵانەوەیە، پەنای بۆ هەموو چەواشەکارییەک بردووە، بێ ئەوەی ساتێک بیر لە مافی تاک و ڕەوایەتیی داوا و توانای گوێگرتن بکاتەوە.

زیانی پتر

دەکرا، ئەوانەی وابەستەی عەقڵیەتیی ئەمنییانە لە ئیدارە نین، لانیکەم تەنیا ڕاهێنانیان کردبا و بۆ یەکجاریش بوایە گوێیان لە خەڵک گرتبا، بۆ ئەوەی ئەو گرێیەی بە دەست دەکرێتەوە نەیانخستبا ددان.

باڵادەستی ئەو عەقڵە ئەمنییە، زیانی پتر بووە لە سوودی بۆ خودی ئیدارەی مەدەنی لەم هەرێمەدا. بە جۆرێک وێنایەکی دژ و پێچەوانەی خواستی ڕووکاری مەدەنیانەی بۆ ئەم کابینەیە و سەرۆکەکەی دروستکردووە. ئەوەش لەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەدا ڕوونتر دەردەکەوێت، لە بارەی ماف و ئازادییەکان لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە و دەبنەوە، بە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاشەوە، لە زۆرینەیاندا، ئاماژەی ڕوون هەیە بۆ بێ توانایی و لاوازی مامەڵەی مەدەنیانەی دەستڕۆیشتووان لەگەڵ دەنگی جیا، ڕەخنە، ناڕەزایی و مافی هاووڵاتییدا.

چی بکرێ

کاتیەتی، بەر لە هەموو شتێک، دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی بە عەقڵێکی کراوەی نیشتمانیانە بڕوانێتە تاکەکانی هەرێمەکەی، لە بری ئەوەی ناو و ناتۆرەیان بۆ بدۆزێتەوە، گوێیان لێ بگرێت. لە بری ئەوەی سنووری زۆنە سیاسییەکان تۆخ بکاتەوە، کار بۆ کاڵکردنەوەیان بکات، ئەگەر پەیامێکی هەیە بۆ وتن، بۆچی بە گفتوگۆ نایگەیەنێت؟ 

بۆچی دەبێت بە زمانێکی زبر کار بۆ دابڕینی خەڵک لە یەک و شارەکان لە یەکدی بکات؟ ئەم جیاکارییە چەندێک خزمەتی گوتاری سیاسییان دەکات؟ 

لە کاتێکدا مافی ڕا دەربڕین، ئازادی چالاکی مەدەنی، خۆپیشاندان، گردبوونەوە، بەشێکن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و کاتی نکوڵی لێکردنیان بەسەرچووە. 

پەندێک هەیە دەڵێ پشیلە تەنگەتاو بکەی پڕت دەداتێ، تفت تێدەگرێت، هەموو دەرگایەک بە ڕووی دەنگی خەڵکدا دابخرێت، ئەو بڕوایە لەدایکدەبێت، کە ئەمڕۆ زۆرتر برەوی سەندووە و پێی وایە هەموو شتێک تاقیکراوەتەوە، سوودی نەبووە، تەنیا شۆڕشی چەکداری ماوە تاقیبکرێتەوە!!

سەرچاوە : سپی میدیا