مامۆستایانی هونەر: ئەو هێزەیی هونەر هەیەتی بۆ گۆڕانكاریی هیچ شتێكی دیکە نیەتی

مامۆستایانی هونەر و شانۆكاران بە گرنگی دەزانن وانەی هونەر هەر لە باخچەی ساوایانەوە بخوێنرێت و لە قۆناغەكانی خوێنداندا گرنگی پێبدرێت و دەشڵێن: ئەو هێزەی هونەر هەیەتی بۆ گۆڕانكاریی لەناو كۆمەڵگادا هیچ شتێكی دیکە نیەتی.
هەرچەندە لە دنیادا هونەر و سینەما ئامرازێك بووە بۆ گەیاندنی پەیام و هەروەها، گۆڕانكاری گەورە لە سیستمی سیاسی و بە دیكۆمێنتكردنی ڕووداوە مێژووییەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا ئەو لایەنە پشتگوێ خراوە و نەتوانراوە لە ڕێگەی هونەر و سینەماوە ئەو زوڵم و كۆمەڵكوژییەی بەرامبەر بە كورد كراوە لە ڕێگەی هونەر و سینەماوە بە دنیا بگەیەندرێت.

لەسەر ئەو پرسە، ژیوار عومەر، مامۆستای بەشی هونەر بە ڕۆژنیوز وت: هونەر بە جۆرێك لەجۆرەكان بەرەو پێشەوە چوونی زیاتریی بەخۆیەوە دیوە بەراورد بە ڕابردوو، بەرەو پێشەوە چونەشی بەهۆی بوونی سەنتەرەكانی هونەرەوەیە لە شارەكەدا، بەردەوام خول دەكەنەوە بۆ ئەو كەسانەیی حەز بەهونەر دەكەن.

ژیوار عومەر

دەشڵێت: پێویستە هەموان ئاوڕ لە هونەر بدەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر بەرەوە پێشچوونى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، چونكە بە هونەر دەتوانرێت ژیانی تاكەكان و گۆڕانكاری لەناوكۆمەڵگادا دروستبێت.
هەردی حەسەن، شانۆكارە و ئەو پێیوایە، لە ئێستادا هونەر لەئاستێكی باشدایە لەناو هەڵەبجەدا، بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی هەرێم و جەختدەكاتەوە، كە تەنها لەڕێگەی هونەرەوە دەتوانرێت لەناو كۆمەڵگادا گۆڕانكاریی ئەنجامی بدرێت ودەڵێت: ئەو هێزەشی هونەر هەیەتی دەتوانێت دەرخەریی هەقیقەت بێت، هیچ شتێكی دیكە بەوجۆرە كاریگەری نیە.

هەردی حەسەن

ئەو شانۆكارە وتیشی: دەبێت حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار و سەندیكای هونەرمەندان، بەپێی قەبارەی خۆیان هەوڵبدەن بۆ دروستكردنی كەشێكی لەبار بۆ زیاتر بەرەو پێشەوەچونی هونەر.
دەشڵێت: لە لایەنی پەروەردەوە و لە باخچەی ساوایانەوە، پێویستە وەك لایەنی پەروەردەیی هونەر زاڵ بكەین بەسەر وانەكانی دیكەدا، نەوەك ساڵی جارێك وانەیەكی هونەر هەبێت و فەرامۆشبكرێت، لەو ڕێگەیەوە دەتوانین پەروەردەی تاكی كوردی بكەیتەوە، هونەر وایلێدێت بیكەین بە یەكێك لە كەرەستە زۆر باشەكان و هەموو تاكەكانی ناو كۆمەڵگا كاری لەسەربكەن.

 

 

سەرچاوە: rojnews