2-11-2022 هونەرمەندی میوزیسیان و گۆرانیبێژ مامۆستا "باكوری" لە تەمەنی 94 ساڵیدا لەشاری هەولێر، كۆچی دواییكرد.
باكووری، ناوی (ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ)یەو لە (5-11-1928) لەقشڵەی شاری كۆیە لە خێزانێكی كریستیان لەدایكبووە، باوك و دایكی هونەرمەند لەلادێكانی سەر بەشاری وانی باكوری كوردستان لەدایكبوون، لەسەرەتای بیستەكانی سەدەی پێشوو دێنە شاری كۆیەو لە( قشڵەی كۆیە) نیشتەجێ دەبن .
مامۆستا باكووری لەساڵی (1935) چۆتە بەرخوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەشاری كۆیە تەواو كردووەو هەر لە قۆناغی سەرەتایشدا لەڕێی وانەی سروود و خوێندنی سروود لەگۆڕەپانی قوتابخانە هەست بەتوانا و دەنگخۆشیی هونەرمەند كراوە، دواتر لەبەر ئەوەی قۆناغی ئامادەیی لە كۆیە نەبووە ، باوكی هونەرمەند بەهۆی پیشەكەی كە پۆلیس بووە شوێنی كارەكەی دەگوازێتەوە بۆ شاری هەولێر و قۆناغی ئامادەیی بەشی (وێژەیی ) تەواو دەكات.
بۆ درێژەدان بەخوێندن لەساڵی (1952) ڕوودەكاتە شاری بەغداو لە كۆلیژی (دارالمعلمین عالیە) بەشی زمانی ئینگلیزی وەردەگیرێت، لەهەمان ساڵدا دەچێتە ڕادیۆی كوردی بەغدا، دوای چوار ساڵ خوێندن بەسەركەوتوویی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرێت، لەساڵی (1957) وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ، لەناوەندی كوڕانی كۆیە كەپێشتر خۆی قوتابی بووە لەو قوتابخانەیە دادەمەزرێت.
دەستپێكی كاری هونەری مامۆستا باكوری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی پێشوو لەڕادیۆی كوردی بەغدا و ئاشنابوونی بە هونەرمەندانی كورد و عەرەب، مامۆستا باكووری بەدامەزرێنەی تیپی مۆسیقای باواجی لەكۆیە دادەنرێت.
لەماوەی ژیانیدا جگە لەوەی خزمەتێكی زۆری بەبواری هونەرو گۆرنی كوردی كردووە، هەروەها چەند كتێبێكی بەچاپ گەیاندووە :
1/ یەكەم كتێبی ، بابەتێكی وەرگێڕان بووە لەزمانی ئینگلیزییەوە بۆ كوردی بەناوی (چۆنیەتی گۆرانی گوتن)
2/ سێ بەرگ لە كتێبی (گۆرانیبێژە نەمرەكان) كە پێكهاتووە لە (699) لاپەڕە و هەڵدانەوەی لاپەرە جوان و شیرینەكانی ( 47) هونەرمەندی نەتەوەكەمان .
3/ كتێبی چیرۆكی هەندێ گۆرانی كوردی ڕەسەن .
4/ كتێبی تەمەنێك ، گۆرانی و ئاوازو مۆسیقا و خۆشخوانی.
5/ كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە لە (1957 تا 2008)
6/ كتێبی ئیزگە ، مێژووی دامەزراندنی ڕادیۆی بەغدای عەرەبی و بەشی كوردی.
لەبارەی نازناوی باكووری-یەوە، هونەرمەند لەیەكێك لەچاوپێكەوتنەكانی دەڵێت: كاتێك چوومە ئێزگەی بەغدا بە ناوی (ئەندریۆس)چووم، دوای دوو مانگ رۆژێك بەڕێوەبەری رادیۆ “كامل كاكە “ بانگی كردم وتی: خەڵك نامەمان بۆ دەنرێن دەڵێن ئەندریۆس كێیە حەز دەكەین نازناوێكی كوردیت بۆدابنێین منیش وتم باش، ئەو كات هونەرمەندەكان بە لەقەب دەناسران یاخود لە چ شوێنێك هاتوون بەناوی ئەو شوێنە دەناسران. منیش دایك و باوكم لەلای توركیاوە هاتوونەتە عێراق. ئەوەبوو نازناوی “باكوری”یان بۆ دانام.
سەرچاوە: galawej