مامۆستا هێمن

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری 1921 لە مەهاباد – ١٦ی نیسانی 1986 لە ورمێ )شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

ھێمن یەکێک بوو لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە بواری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، حەقی خستووەتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک و ڕوونی بەیانی ژیانیدا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خەرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی  چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە وا ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی 1300ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەهاباد چاوی بە گەردوون کەوت. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەگرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

لە کاتی منداڵی دا گوێی بۆ بەسەرھاتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، وا پیرێژنێکی دونیا دیتوو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف و بێ لای عەبدوڵڵای مستەوفی (سەعید ناکام) دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف و بێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شیعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەهاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکا، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەووت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و ڕاھێنانی نووسینی خەت دەکا. باوکی کاتێ دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمنێکی ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھانی وا ھەشت نۆ نەفەر دەبن، جگە لە هەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزات دا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:

«ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ڕیش پان، لە عەرەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو ڕەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە ڕاوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شیعر ھاتبوو، ھەروا گارە گاری دەھات، جار و بارە شیعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم».

بەو جۆرە شیعر ووتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە ئەوا پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ، ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھێمن دەچێتە سەر و بۆ یەکەمین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و ڕاوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی 1317ی کۆچی هەتاوی  بەرامبەر 1938ی زایینی وا تەمەنی 17 ساڵان دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێی ماڵیان چووبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی دەنێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شیعردانان دەبێ، باوکی پێ دەزانێ و دەفتەری شیعرەکانی دەسووتێنێ.

لە ساڵی 1938 دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. لە کاری کشت وکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات لێزان بووە، لەبەرئەوە ساڵی 1941 دەستی داوەتێ و سەرکەوتووە. ساڵی 1942 کە کۆمەڵەی نھێنی ژێ کاف دامەزراوە، بووەتە ئەندام، ناوی نھێنی (ھێمن) و ژمارەی ئەندامیەتی (٥٥) بووە.
لە ساڵی 1946 کچی خاڵیان بۆ ھێناوە بەبێ ئەوەی چاوی پێ بکەوێ. لە سەرەتادا بەدڵی نەبووە بەڵام لە پاشاندا خۆشی ویستووە. لە دوای ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و ھاوڕێکانی، لە زێدی خۆی دوور دەکەوێتەوە و سنوور دەبڕێ و خۆی دەگەیەنێتە قەڵادزێ، ماوەیەک لە مزگەوتێکدا بەنھێنی دەژی، دواتر کاتێ سیاسەتی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بەکورد نەرم دەبێ و بڕیاری لێبوردن لە ساڵی 1948 بۆ عەشیرەتەکان دەردەکا، ھێمن دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و دەست دەکاتەوە بەکاسبی و بایەخ دان بەشیعر و ئەدەب، ھەروەھا تا ساڵی 1965 لە ژیانی سیاسیی دوور نەبووە.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی 1364ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێ «ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا».

ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

دیوانی هێمن

بارگەی یاران

تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). 1974

پاشەڕۆک  (شیعر و پەخشان).

(توحفەی موزەففەرییە) فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن هاوردوویەتیە سەر ڕێزمانی کوردی.

شازادە و گەدا

قەڵای دم دم

هەواری خاڵی

چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز

ئەفسانە کوردی یەکان (کاری قەنات کۆردۆ وا ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).

ناڵەی جودایی، شیعر 1979

پاشەڕۆکی مامۆستا هێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد 1983