مامۆستا بەنی هەتوان
مامۆستا بەنی هەتوان برا بچووکی مامۆستایانی خوالێخۆشبوو و نەمر، دوکتور محەمەد سەعید ئیبڕاهیمی محەمەدی ناسراو بە ‘ئاوێر’ و دوکتور محەمەد صاڵح ئیبراهیمی ناسرو بە ‘شەپۆل’ بوو.خوالێخۆشبوو لە دایکبووی شاری مهاباد لە کوردستانی روژهەڵات (٤ رەزبەر ٢٥٥٩) و کوڕی خوالێخۆشبوو مەلا ئیبراهیم و کوڕەزای خوالێخۆشبوو حاجی خەلیفە مەلا محەمەد باڵەقولوو ناسراو بە ‘بەها’، ئەمین حزوری شێخ عوبەیدوڵلا نەهری بوو. گڵکۆی خەلێفە بەها لە تەنیشت گڵکۆی شێخ مەحموودی نەهری لە داوێن کێوی داشامەجیدی مەهاباد زیارەتگەی پیاوچاکان و خەڵکی ئاساییە.
خوالێخۆشبوو، مامۆستا بەنی هەتوان، خاوەن بڕوانامەی ماستەری کارگێڕی بازاڕوانی و بڕوانامەی وانە وتنەوە لە زانکۆ بوو. لە ماوەی ژیانیدا لە زۆرێک زانکۆ و خوێندنگەی باڵای پێشەیی وەک زانکۆی کوردستان، زانکۆ پەیام نوور، زانکۆ ئازاد، زانکۆ تەربیەت موعەلم، و فەنی و حیرفەیی کتێبی وانەیی دابین کرد، وانەی وتەوە و خوێندکارانێکی زۆری پەروەردە کرد.
مامۆستا ئیبڕاهیمی وەک نوسەرێک ، زۆربەی ژیانی تەرخان کرد بە توێژینەوە و نوسین و وەرگێڕانی کتێب و هەروەها ناردنی دەق بۆ رۆژنامەکانێک وەک سیروان و ئاسۆ. نمونە یەک لە کتێبەکان و وتارەکانی بریتین لە:
١- کتێبی کورد و کوردستان لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا (وەرگێڕان بۆ فارسی)
٢- کتێبی پاشیلا (وەرگێڕان بۆ کوردی)
٣- کتێبی وارگەی مێژووی کورد (دانان و نوسین). مامۆستا ئیبڕاهیمی بایەخێکی تایبەتی بەم کتێبە ئەدا و لەسەر داواکەی ئەم کتێبە ئیستا وەرگێڕاوەتەوە سەر ئینگلیزی (The Historical Chronicles of the Kurds)
٤- کتێبی گوڵبژێرێک لە کتێبی کورد و کوردستان واسیلی نیکیتین، (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی لەلایەن محەمەد ئیبراهیمی محەمەدی)
٥- کتێبی بنەماکانی رێکخراوە و بەڕێوەبەرایەتی (نوسین)
٦- کتێبی فۆلکلۆری کورد پاشخوانی نەخوێندەواری (نوسین)
٧- کتێبی شوێنی نیشتەجێ بوونی هۆزە ئێرانیەکان لە درێژەی مێژوو و گۆڕانکاری و وەرچەرخانەکان لەسەر ئەم شوێنانە بە هۆی هێرشی هۆزە بێگانەکان بۆ سەر وڵاتی باوباپیرانی ئێرانیەکان (نوسین بە فارسی)
٨- وتارێک سەبارەت بە گوندی جیهانی لە حەفتەنامەی ئاسۆ، ساڵی سێهەم، ژمارە ٧٣، ڕێکەوتی ١٧ جۆزەردانی ٨٣، لاپەڕەی ١٥ بە زمانی کوردی
٩- وتارێک سەبارەت بە نیشتەجێ بوون لە چەمشارەکان، سیروان، لاپەڕەی ١٢، ١٤ی گەڵاڕێزانی ٨٣ ژمارە ٣٥٦ بە زمانی کوردی
١٠- وتارێک سەبارەت بە پلان دانان لە دوو حەفتەنامەی چرۆ ساڵی یەکەم ژمارە ٧ ساڵی ٩١ بە زمانی کوردی
١١- وتارێک سەبارەت بە فێرکاری و پەروەردە لە روانگەی فەیلەسوفانەوە بە پشت بەستن بە شێوازی وانە وتنەوە لە ناوەندە ئایینیەکان، حەفتەنامەی دیدگاە، ساڵی شەشەم، قۆناغی نوێ ژمارە ٦٨ یەکشەمە ١٩ی خەرمانان ٩١ بە زمانی کوردی.
١٢- قۆناغی دوهەمی مێژووی کوردەکان، وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی. لە دەقی کتێبەکانی وەرگێڕاوی ناودار خوالێخۆشبوو محەمەدی قازی، سیروان، لاپەڕەی ١٠، شەمە ٢٨ی گەڵاڕێزانی ٩٠ ژمارە ٦٦١ ساڵی سێزدەهەم.
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٨ی سەرماوەز ٢٦٣٦ مالئاوایی لێکردین و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.
مامۆستا بەنی هەتوان لە ماوەی ژیانی بەنرخیدا بەشداری لە زۆرێک کۆنفڕانس و کۆبوونەوەی زانستی و فەرهەنگی و کولتوری کرد وەک پەنێلیست و هەروەها وتاری لە بوارە جورواجۆرەکان پێشکەش کرد و رێزی لێگیراو و خەڵاتی وەرگرت، بۆ نمونە، کۆنگرەی بێسارانی، کۆبوونەوەی پەرەپێدانی مەهاباد، یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی نوسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە ورمێ، کۆنگرەی رێزلێنانی زانای سەردەم مەلا ئەبوبەکری موسەنیف لە مەریوان، کۆنگرەی ئەردەڵانناسی لە زانکۆی کوردستان، فێستیواڵی رۆشنبیری لە شاری سۆران، کۆنگرەی جیهانی کورد لە هەولێر، و زۆرێک کۆبوونەوەی دیکە.
مامۆستا بەنی هەتوان مرۆڤێکی پڕلەزانستی مێژوویی، هەردەم بێهەواو مێهرەبان و دڵسۆز بوو،هەمووانی خۆشی دەویست. ئەوەی لە توانایدا بوو بۆنیشتمان ونەتەوەکەی کردویەتی. ژیانی خۆی بە تەواوی تەرخان کرد بۆ بنەماڵەکەی و بەردەوام تێدەکۆشی تا منداڵەکانی ژیانێکی سەربەرزیان هەبێت و سەرکەوتوو بن.