ئه‌ده‌ب و هونه‌ر وێڕای خزمه‌تكردن به مرۆڤایه‌تی و شارستانییه‌ت، شێوه‌یه‌كیش بووه بۆ به‌ره‌نگاری دژی زۆرداری، كوردیش مێژووی پڕ شانازی هه‌یه و شاری كۆیه‌ش به تایبه‌تی خاوه‌نی ده‌یان رووناكبیری و نووسه‌ر و كه‌ڵه‌شاعیری تێكۆشه‌ر و هونه‌رمه‌ندی شۆڕش گێڕبووه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ههنگاوهكانییهوه تا ئێستاش دیرۆكێكی پڕ سه‌روه‌ری هه‌یه و چه‌ندین كاری داهێنه‌رانه‌ی هه‌یه. چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی نه‌وه‌ی نوێی پێگه‌یاندووه. ئێمه‌ش بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌م بواره له ده‌رگای بیره‌وه‌ری رووناكبیر و نووسه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموونی شاری كۆیه‌مان دا، تا گه‌ڕانێك به دڵی ئه‌و مامۆستایه‌دا بكه‌ین، ئه‌ویش مامۆستا جه‌واد حه‌مه به‌گه.
سازدانی: سه‌هه‌ند كۆیی
*ده‌مه‌وێت بپرسم مامۆستا جه‌واد حه‌مه به‌گ كێیه؟
-ساڵی (1946)له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵاتی كۆیه چاوم به ژیان هه‌ڵێناوه ، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم له كۆیه ته‌واو كردووه،پاشانیش خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر، دواتریش له قوتابخانه‌ی هاموونی بنه‌ڕه‌تی مامۆستا بووم كه خوێندن تێیدا به زمانی عه‌ره‌بی بوو.
*چی بوو وای لێكردی كه مێژووی شانۆ و درامای كۆیه بنووسیته‌وه،سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
-باوكم له به‌رایی په‌نجاكاندا كۆچی دوایی كرد،براگه‌وره‌كه‌م جه‌لال بۆ ئه‌وه‌ی له نازی باوكم بێبه‌ش نه‌بم هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆی دهگهڕاندم، ئه‌و كاته‌ش كاكم ئه‌كته‌رێكی ئه‌كتیڤی تیپی شانۆی یه‌كێتی به‌رگدرووانی كۆیه بوو،له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردم بۆ بینینی شانۆ گهرییهكان،ئه‌و كاته‌ش سێ تیپی شانۆیی چالاك هه‌بوون له كۆیه، وێڕای ئه‌مانه‌ش كاكم ئه‌رشیفێكی هه‌بوو، ناوی ئه‌و شانۆ گهرییانهی تێدا بوو كه له (1948) هوهنمایش كرابوون له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ری ده‌ق و ساڵی (1956) ئه‌و كاته‌ی كاكم له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی كه‌وته به‌ندیخانه‌وه بڕیارم دا په‌یامه پیرۆزه‌كه‌ی بگهیهنمهجێ، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نم (10)ساڵان بوو، هه‌ر شانۆگه‌رییه‌ك نمایش كرابایه به‌هاوكاری هاوڕێیانی كاكم له ئه‌رشیفه‌كه‌ی له‌سه‌ر شێوازی نووسینه‌كه‌ی كاكه جه‌لالم ده‌منووسییه‌وه، ئه‌م هۆكاره و چه‌ند هۆكارێكی تر بوونه خاڵی سه‌ره‌تای نووسینم بۆ مێژووی شانۆیی كۆیه و كوردستان و عیراق و جیهان.
*سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ له كۆیه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
-سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ له كۆیه بۆ به‌هاری (1931) ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵێ له قوتابیانی قوتابخانه‌ی ئوولای كۆیه شانۆگه‌ری (پیرۆزخان كچی كوردستان) نیان نمایش كرد، قۆناغی (شانۆی قوتابخانه‌كان) ده‌ستیپێكرد و تا به‌رایی چله‌كانی خایاند.
*شانۆی كۆیه كۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، كه جیای ده‌كاته‌وه له شانۆی شاره‌كانی تر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه چین؟
-به‌ڵێ شانۆگه‌ری كۆیه هێندی تایبه‌تمه‌ندی جیا ده‌گرێته‌خۆ، له‌مانه چالاكی و زۆری تیپی شانۆ، هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا كه له په‌نجاكاندا سێ تیپی شانۆی چاك هه‌بوون، كه‌له هیچ شوێنێكی تری كوردستان ئه‌مه‌نده تیپ نه‌بووه، هه‌ر تیپه‌ش خاوه‌نی كۆمه‌ڵی چالاكی خۆی بووه كه پێكهاتبوون له: (تیپی شانۆی میللی كۆیه یان تیپی شانۆی گازینۆی سه‌عیدی مه‌لا ئه‌حمه‌د، تیپی شانۆی یه‌كێتی قوتابیان و لاوان، تیپی شانۆی یه‌كێتی به‌رگدرووانی كۆیه).
وێڕای ئه‌مانه‌ش سیاسه‌تمه‌داران به جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لالیشه‌وه روویان له شانۆ كردووه، به هۆی شانۆوه بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تییان ده‌ربڕیووه، وێڕای ئه‌م دوو خاڵه‌ش خاڵێكی تریش به‌دیده‌كرێت كه به‌شداری ئافره‌ته له شانۆدا له پێش سه‌رجه‌م شاره‌كانی تری كوردستانه‌وه،(1963) له شانۆ گه‌ری جووتیای كورددا خوێندكارێكی ئه‌م شاره سه‌ركه‌وتوانه رۆڵی ژنه جووتیاری كوردی بینیوه،له (1948) خاتوو لوتفیه رۆڵی كاره‌كه‌ری بینیوه له ئۆپه‌رێتی گوڵی خوێناویدا كه‌له نه‌ورۆزی (1948)نمایشكراوه، له (1957)خاتوو خه‌یریه عه‌بدولڕه‌حمان رۆڵی ژنه شه‌هیدی بینیوه ،دواتر ماریه باكوری چه‌ندانی تر ته‌خته‌ی شانۆیان پیرۆزكردووه، یه‌كه‌مین ته‌خته‌ی شانۆش له كۆیه به ده‌ستی (عومه‌ر نه‌جاڕ) ساڵی (1936)دروستكراوه.
*مامۆستا چالاكییه‌كانی بواری شانۆت چی بووه؟ وه‌ك ئه‌كته‌ر،ده‌قنووس ده‌رهێنه‌ر؟
-نه ئه‌كته‌ر و نه دهرهێنهربوومه، ئه‌مه‌ی له‌م دووبوارهدا كردبێتم ته‌نها له‌به‌رناچاری بووه، رۆژگار تووشی كردووم، وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداریم له دوو شانۆگه‌ری كردووه ئه‌وانیش شانۆگه‌ری (قه‌یس و له‌یلا) نووسینی ئه‌حمه‌د شه‌وقی، ساڵی (1968) له هۆڵی خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر نمایشكرا،ده‌رهێنانی مامۆستایان، جه‌واد ره‌سوڵ ناجی و جه‌لال غه‌ریب عومه‌ر بوو، شانۆگه‌رییه‌كه‌ش به زمانی عه‌ره‌بی بوو، شانۆگه‌ریی (دواڕۆژی ده‌هاك) نووسینی مامۆستا زه‌كی ئه‌حمه‌د هه‌ناری و ده‌رهێنانی مامۆستا عیزه‌ت جه‌مال له نه‌ورۆزی (1970) نمایشكرا،له‌م شانۆگه‌رییه‌دا رۆڵی زوحاكم بینی، وه‌ك ده‌رهێنانیش كۆمه‌ڵێك شانۆ گه‌ریم ده‌رهێناوه وه‌ك (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر 1967)، ته‌بایی (چیرۆكی تایبه‌ت به منداڵان 1971)، (من كافرم 1972)، زێڕین وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر (1972)، كۆمیدیای (سه‌یدا ئه‌حمه‌د و ره‌مه‌زان 1973)، بازرگانی ڤینیسیا وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر (1974)، (كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤه 2007) ئه‌مانه‌و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌كی تر، كه ناو و ساڵهكانیانم له‌بیركردووه. سه‌باره‌ت به ده‌قیش (شانۆنامه) ئهمانهنهن كه ئێستاكهلهبیر من (شانۆگه‌ری چاوگه‌ی تاوان، ده‌رهێنانی ره‌هبه‌ر جه‌لال حه‌مه‌د مامه‌ش له ( 1 / 8 /1969) له حه‌وشه‌ی سه‌رای كۆن (ئۆرزی ئێستاكه) نمایشكرا، (شانۆگه‌ری ته‌بایی) پێشتر ئاماژه‌ی پێكراو دهرهێنانهكهشی هی خۆمه، له ساڵی (1971) نمایشكراوه، (من كافرم ساڵی 1972) نمایشكراوه، كۆمیدیای (سه‌یدا ئه‌حمه‌د و ره‌مه‌زان ساڵی 1973) نمایشكراوه، (دكتۆری داتاشراو له 6/1/1970) نمایشكراوه (له یادی دامه‌زراندنی سوپای عیراقدا)، (كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤه له ساڵی 2007) نمایشكراوه، (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) ئه‌مه‌م ئاماده‌كردووه له ساڵی (1967)، زێڕین ده‌رهێنانی مامۆستا (هۆشمه‌ند مه‌جید) له ساڵی (1972) نمایشكراوه، ئێستا ئه‌وانه‌م له بیرماوه له كۆی (12) ده‌ق (شانۆنامه)ی نمایش كرا‌و.
*تیپی شانۆی كه‌كۆن كه تۆ له‌گه‌ڵ ره‌هبه‌ر جه‌لال داتان مه‌زراند چۆن بوو؟ چالاكییه‌كانی چی بوون؟
-ده‌رباره‌ی تیپی شانۆی كه‌كۆن
شانۆگه‌ری كۆیه له نه‌ورۆزی (1963) وه تووشی قه‌یران بوو، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌و توندوتیژی و مه‌رگه‌ساته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كوده‌تاچییه‌كانی شوباتی (1963) به‌سه‌ر گه‌لی عیراق به‌گشتی كوردستان به تایبه‌تی داهێنا. تا(1/8/1969) هیچ شتێك نه‌بوو به ناوی شانۆوه، ئه‌م ماوه‌یه به قه‌یرانی یه‌كه‌می شانۆی كۆیه ناوزه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام توانیمان به‌سه‌ر ئه‌م قه‌یران و ئاسته‌نگه‌دا زاڵ بین، كاتێ ده‌مبیست كه ره‌هبه‌ر جه‌لال و هاوڕێكانی جگه له ره‌هبه‌ر هه‌موویان له ژیاندا ماون، رۆژانه ده‌چوونه گۆڕستانی كه‌كۆن و له‌وێ له ژێردارهگهورهكهی سه‌ید (حاجی) دا كۆده‌بوونه‌وه و لاسایی كه‌سانی نائاسایی و كه‌مئه‌ندامیان ده‌كرده‌وه، لاسایی ده‌نگی باڵنده و گیانله‌به‌ریان ده‌كرده‌وه، له یادمه ( 20/7/1969) بوو لێیان نزیكبوومه‌وه، من پێشتریش رههبهرم باش ده‌ناسی و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان و ئامۆزاكانی زۆر باش بوو، كه گه‌یشتمه نزیكیان هه‌ر هه‌موویان به بێده‌نگی له شوێی خۆیان دانیشتن، رووم له ره‌هبه‌ر كرد و لێم پرسی: ئه‌وه چی ده‌كه‌ن؟ له وه‌ڵامدا وتی: هیچ ناكه‌ین، وتم: راست بڵێ، وتی: ته‌نها كات به‌سه‌ر ده‌به‌ین، ئه‌وسا پێم وتن: وه‌رن ته‌مسیل بۆ زیندوان بكه‌ن، نه‌ك بۆ مردوان ... ره‌هبه‌ر له مه‌به‌سته‌كه‌م گه‌یشت و وتی: ئه‌وه‌ی تۆ مه‌به‌سته پولی زۆری گه‌ره‌كه، منیش وتم: خوا كه‌ریمه، بۆ ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به مامۆستا (ئیبراهیم سابیر وه‌لی)یه‌وه كرد و باسی قه‌یرانی شانۆ و ئه‌م رووداوه‌م بۆ گێڕایه‌وه، جوامێرانه هاته پێش و به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی دامه‌وه ((له ئێوه كار و چالاكی و له منیشه‌وه پول و ئاسانكاری) به‌م چه‌شنه له ره‌هبه‌ر و هاوڕێكانی تیپی شانۆی كه‌كۆن هاته كایه‌وه، هه‌ندێ له چالاكییه‌كانی ئه‌م تیپه، شانۆگه‌ری چاوگه‌ی تاوان كه پێشتر باسم كرد له ( 1 /8 /1969) نمایشكرا. شانۆگه‌ری (دانیشتنی به‌ر ده‌رگا) كه ئه‌میش هه‌مان رۆژ نمایش كرا. شانۆگه‌ری (دكتۆری داتاشراو له 6 /1 /1979) نمایش كرا. كۆمیدیای (ئێمه مناڵی جوانین قاله و ئه‌حه و رهحمانین له 1970) نمایشكرا.
سەرچاوە: knwe