کارزان فازل
ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی یادی ( 76حەفتاوشەش)ەمین ساڵیادی گرنگترین بەڵگەنامەی مێژووی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كاتەوە،كەپاش چەندین كارەسات و جەنگی ماڵوێرانكەر و شكاندنی شكۆی مرۆڤ و ئاوارەبوون و بێسەروشوێن بوونی سەدان هەزار كەس و ڕووخانی ماڵ و گیان لەدەستدانی ملێونان كەس بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگ لەساڵی 1948 ، مرۆڤایەتی گەیشتە ئەو بڕوایەی كەدەبێت سنوورێك بۆ دەسەڵات وهەژموونی دەوڵەتان دابنرێت بەسەر هاوڵاتیەكانیەوە ، بۆیە ئەم بەڵگەنامەیە بێوێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە بووە هۆی وشیاركردنەوە و دابینكردنی چەندین ماف كەپێشتر نەدەكرا باسبكرێن و قەدەغەبوون و لەكەرامەتی مرۆڤیان كەم دەكردەوە.
پاش 76 ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئه‌م بەڵگەنامەیە لەلایەن دەستەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، جیهان له‌كاتێكدا ئەم یادە دەكاتەوە كه به‌شێكی زۆری گه‌لانی دونیا له زۆرێك له‌م مافانه بێ به‌شن و ته‌نانه‌ت له زۆرێک لە وڵاتدان مافه‌كانیان پێشێلده‌كرێت و به شێوه‌یه‌كی خراپ ژیان ده‌گوزه‌رێنن، له‌م گۆشه نیگایه‌وه دەپرسین ئایا ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت وه ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت چی لێ ده‌خوێنرێته‌وه؟ ئایا پێوستی مانه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی مافی مرۆڤ وەک خۆی ماوە؟ هاوکات ئه‌و پاشخانه فكریەی کە لەپشتیەوە بوو په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤ گرنگی خۆی ماوە یان نا؟
ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی پێیگه‌شت له‌سه‌ده‌ی بیستدا سه‌باره‌ت بە چه‌مكه‌كان وپاراستنی شكۆ‌و كه‌رامه‌تی مرۆڤ، له مێژووی خۆیدا وێنه‌ی نه‌بووه، ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت كە پێشتر باسی هیچ كام لەو مافانە نەكرابێت لە شارستانیەتەكان و ئایینە جیاوازەکاندا، بەڵام بەم شێوە وردهكاریەی كە ئێستا بوونی هەیە بۆ چەمكی مافه‌كانی مرۆڤ له دابین كردنی ژیانی شایستەو مافی پەروەردە و ته‌ندروستی و به‌شداری سیاسی و بەكارنەهێنانی ئەشكەنجەو و توندوتیژی ودابینكردنی یه‌كسانی ژن و پیاو و مافەكلتوری و ئابوریەكان وجیاكاری نه‌كردن... هتد له‌و مافانەی باسكراون، دەبێت ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت كاتێك باسی ئه‌م چه‌مكانه ده‌كه‌ین هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ پێشێلكاری و زهوتكردنیان لەلایەن دەوڵەتانەوە.
به‌ڵام ئەوەی كێشە و گرفتە جێبه‌جێكردن و پیادەكردنی ئەم مافانە بەسەر تەواوی دەوڵەت و میللەتانی جیهاندا ، ئەمەش وای كردوە زۆرێك لە دەوڵەتان گرنگی ئەم جاڕنامەیە بەهەند وەرنەگرن، وە دەڵێن مافەكانی مرۆڤ (درۆیەكی گەورەیە)، كه‌واته ئەی كێ جێبه‌جێکار و پێشێلکاری ئەم مافانەیە!؟دیاره ئه‌وه‌ی ئه‌م مافانه دابین دەکات و زامنیان دەکات ده‌وڵه‌تانی ئەندامن لەنەتەوەیەكگرتووەكان ،هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی كەمافی ڤیتۆیان هەیە دەتوانن بڕیاری چارەنووسساز بدەن لەبارەی گرفتە گەورەو پێشێلكاریە گەورەکان کە لەسەر ئاستی جیهاندا ڕوودەدەن، كەواتە كەباسی دەوڵەتانی زلهێزدەكرێت دەبێت ئەوە بزانین كە بەرژەوەندی و سیاسەتی دەوڵەتان دێتە پێشەوە كە دەبنە لەمپەری سەرەكی بۆ دەستوەردان لەكاروباری دەوڵەتانی پێشلیكاری مافەكانی مرۆڤ، به واتایه‌كی تر ئه‌وه‌ی زۆر جار باسده‌كرێت كه داموده‌زگای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ نایه‌نه ده‌نگ وهێز بەكار ناهێنن لەئاست جێبەجێكردن و سەپاندنی بڕگەکانی مافی مرۆڤ.
ئاشکرایە لەو وڵاتانەی كە پێشێلكاری تیادا ئەنجامدەدرێت ئەنجومەنی ئاسایش ناگاتە ئەو بڕیارەی هێزی سەربازی بەكاربهێنێت بۆ وەستاندنی پێشێلكاریەکان. وەك ئەو كارەساتەی بەسەر كەرتی غەزەی فەڵەستین و سوریا دا هات لەڕابردوودا ، كەواتە تا كو ئێستاش دەوڵەتانی زلهێزی دونیا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی كە بیانەوێت پارێزگاری لەم مافانە بکەن و بیخەنە پێش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەكانیانەوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لەڕووی كرداریەوە کە هێز لەسەر ئاستی هه‌موو جیهان تەرخان بکات بۆ پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن بەڵگەنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ گرنگی خۆی لەدەست نەداوە، وە خۆشحاڵیش بۆئەو گه‌لانه‌ی كه هۆشیارن و گه‌یشتونه‌ته ئەو ئاستەی کەلە دەوڵەتەكانیاندا ڕێزی مافەکانی مرۆڤ بگیرێت، وەههوڵ بۆ دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەدەن بۆ هاوڵاتیانیان بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە، نەك پاساو هێنانەوە بۆ پیشێلكردنی مافەکان، وەک دەبینین بە بەرچاوی هەموومانەوە پێشێلكاری بەرامبەر بەمافی مرۆڤ دەكرێت کەئەوەش دەکەنە بەهانەی ئەوەی بڵێن (ئەم مافی مرۆڤە درۆیەكی گەورەیە و هیچی تر) بەو مانایەی دەبێت ئێمەش لە وڵاتەكەی خۆماندا پێشلیبكەین و ڕێزی لێنەگرین.
سەرچاوە : سپی میدیا