مارف خەزنەدار

ناوی تەواوی (مارف عەبدولقادر مارف ئەحمەد ئاغا رەسوڵ ئاغای خەزنەدار)ە، بنەماڵەکەیان بە ڕەچەڵەك خەڵکی سلێمانی-یە و لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم هاتوونەتە هەولێر، لە رۆژی 1930/11/1 لە شاری هەولێر لە دایك بووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر خوێندووە و دواناوەندیش لە کەرکوك، لە ساڵی 1952 دەبێتە مامۆستای سەرەتایی و پاش ماوەیەك دەبێتە کاتب لە پەروەردەی هەولێر، لە ساڵی 1957 بەشی زمانی عەرەبی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستای زمانی عەرەبی.
ساڵی 1960 لە رێگای (البعثة العلمیة العراقیة) دەچێتە مۆسکۆ بۆ خوێندن و نۆ مانگ دەمێنیتەوە و پاشان دەچێتە شاری (سانت پترسبۆرگ) و لەوێ دەست بە خوێندن لە بەشی لێکۆڵینەوەی کوردی لە پەیمانگای دیراساتی رۆژهەڵاتی سەر بە ئەکادیمیای زانستی سۆڤیەت دەکات و بڕوانامەی دوکتۆرا بە دەست دێنێت. 

لە ساڵی 1963 تا ساڵی 1968 مامۆستا بووەو دواتر بۆتە سەرۆکی بەشی کوردی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا، ساڵی 1981 خانەنشین کراوە. ساڵی 1973 بۆتە (استاذ مساعد - یاریدەدەری مامۆستا) و هەر لەو ساڵیش بەشی کوردی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی بەغدا دامەزراندووە.
پرۆفیسۆر دوکتۆر مارف خەزنەدار دەستپێکی نووسینەکانی لە گۆڤاری گەلاوێژ دەست پێکردووە، بۆ رۆژنامەکانی هەولێر و ژین و دەنگی کورد و گۆڤاری شەفەق کە خۆی یەکێك بووە لە هەلسۆڕێنەرانی و هیوا و نەورۆز و رۆژی نوێ و دەیان رۆژنامە و گۆڤاری تری کوردی و عەرەبی کە بابەتی هەمەجۆرەی تیایان بڵاوکردۆتەوە، هەر لەگەڵ دەرچوونی بەیانی 11 ئاداری ساڵی 1970 ئیجازەی گۆڤاری (نووسەری کورد) وەردەگرێت و 11 ژمارەی لێدەردەچێت، دواتر گۆڤاری وەرزی (دەفتەری کوردەواری) کە تەنها 3 ژمارەی لێدەرکرد، سەرپەرشتی دەیان نامەی ماجستێر و دوکتۆرای قوتابیانی کوردی کردووە و هانی داون بۆ زیاتر خوێندن و خوێندنی باڵا و لێکۆڵینەوەی زانستی لە بواری ئەدەب و زمانی کوردی. پرۆفیسۆردوکتۆر مارف خەزنەدار ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراقی و جیهانی بوو، ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کوردستان بووە.

ناوبراو ئەزموونێکی زۆری هەبوو لە بواری ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی و پەیوەندیەکی باشیشی لەگەڵ گەورە نووسەران و مێژوونووسان و شاعیران و پیاوە ناودارەکانی کورد لە بواری زمان و ئەدەب هەبووە، لە هەڤپەیڤنێکی تێر و تەسەل کە نووسەر ئازاد عەبدولواحید لەگەڵ پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار کردوویەتی و لە گۆڤاری مانگانەی (ڕامان) لە ژمارە 161-162 بڵاویکردۆتەوە، بەڵام بە داخەوە دوکتۆر مارف بەشی یەکەمی بینیووە و بەشی دووەمی نەبینی چونكە بە سەردا کۆچی دوایی کرد، دوکتۆر مارف خەزنەدار ئەو کاتەی لە بەغدا کە سەرۆکی بەشی کوردی بوو لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا هەمیشە کێشە و گرفتیان هەبوو لەگەڵ کۆڕی زانیاری کوردی سەبارەت بە وشە داتاشین و رێنووس و 
هەندێ شتی تر، ئەو ماوەیەی لە کۆڕی زانیاری کوردستانی سەر بە ئەکادیمیای کوردی بووە، دیارە ڕەخنەو گلوگازاندەی هەبووە، بۆیە دەڵێت: (لەم کارو ئەزمونە پەشیمانم و هەڵەیەك بوو لە ژیانی خوێندەواری خۆم، بە زەحمەت لەم هەڵەیەی خۆم خۆش دەبم). پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار کە ماوەی 60 ساڵ خزمەتی ئەدەب و زمانی کوردی کرد و زیاتر لە 40 كتێبی لە چاپ داوەو بڵاویکردۆتەوە، گرنگەکانیان ئەمانەن؛ (ئەڵەمان کوردی و چەند چیرۆکێکی تری کوردی، بەرەو رۆژ، تاریخ الاستشراق و الدراسات العربیة و الکردیة فی المتحف الآسیوی و معهد الدراسات الشرقیة فی لینیگراد (1818-1968)، دیجلەی هزرم بەرگی یەکەم و دووەم، دیوانی بێ دڵ، حاجی قادر شاعیری شۆڕشگێر و پیشکەوتنخواز و دیموکراتی و نەتەوەیی کورد، دیوانی نالی ساغکردنەوە لەسەر تێکستی دەستنووس و چاپکراوی دیوانی شاعیر، دیوانی نالی و فەرهەنگی نالی: لێكۆڵینەوە و ساغکردنەوەی هۆنراوە، رۆژگاری من - پەیدا بوون 1930-1949، رۆژگاری من - دروست بوون 1949-1960، رۆژگاری من - ژیانی روسیا A ساڵی 1960-1968، رۆژگاری من - ژیانی روسیا B ساڵی 1960-1968، رۆژگاری من - هەڕەشەی سیاسی و گەشەی رۆشنبیری 1975- 1983 بەرگی شەش، عەبدوڵا بەگی میسباح - دیوانی شاعیری گەورەی خاکی موکریان، گەشتێك بۆ ئەرزەرۆم، لە ڕێگای ئەدەب و لە پێناوی نالی دا، لە بابەت مێژووی ئەدەبی کوردیەوە، مارف خەزنەدار دنیایەك لە وشەو مەملەکەتێک لە کتێب، مێژووی ئەدەبی کوردی لە حەوت بەرگدا(، مێژووی ئەدەبی کوردی لە سەدەکانی چواردەم - هەژدەم، مێژووی ئەدەبی کوردی لە سەرەتاوە - تا سەدەی چواردەم، مێژووی ئەدەبی نیوەی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم (1851-1914)، مێژووی ئەدەبی کوردی نیوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمی سەدەی بیستەم (1914-1945)، کوردی تورکمانستان: مێژوو، ئەنتۆگرافیا، ئەدەب).
پرۆفیسۆر دوکتۆر مارف خەزنەدار خاوەنی زیاتر لە  25000 هەزار کتێبی بەنرخ و نایاب و دەگمەن بوو، لە کتێبخانەکەی خۆی هەمیشە هەموو کات و ساتێکیش دەرگای واڵا بووە بۆ قوتابیان و رۆشنبیران بۆ سوود وەرگرتن لێیان، ناوبراو خودی خۆی وەكو شەخسی دوکتۆر مارف و هەموو بەرهەمەکانی هەوێنێکی خەستن بۆ 
لێكۆڵینەوە و دیراسە لەسەرکردنی لە لایەن قوتابیانی کۆلیژەکانی بەشی کوردی لە هەموو زانکۆکانی کوردستان. ناوبراو لە بەرواری 2010/10/25  بە نەخۆشی دڵ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. لەسەر پێشنیاری شاعیر ئیسماعیل بەرزنجی ئەو کاتەی کە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بوو لە بەرواری 2010/10/24 پەیکەرێك بۆ پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار لە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر دانراوە، ئەوەی منیش زانیاریم هەیە لە سنووری قەزای شاری هەولێر شەقامێك بە ناوی دوکتۆر مارف خەزنەدار کراوە. بۆ دکتۆر مارف خەزنەدار روحت شاد و ئارام و ئاسوودە و ئارامگات هەردەم چراخان بێت و رەحمەتت لێبێت بۆ ئەو هەموو گەنجینە بە نرخەی کە لە دوای خۆت بۆ نەوەکانی کوردت بەجێهێشت.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان