ئێوارەی ڕۆژی شەممە، پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری دیالۆگێكی تریان بە ناونیشانی "لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە بۆ بیركردنەوەی ڕەخنەیی" بۆ نووسەر و مامۆستای زانكۆ د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر سازكرد.
د،نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لە سەرەتادا ڕایگەیاند: ڕەخنەی ئەدەبی بریتییە لە پڕۆسەیەكی مەعریفی بۆ هەڵسەنگاندنی تێكستی ئەدەبی لە ڕووی شێوە و ناوەڕۆك و هەڵسەنگاندن و ئیستاتیكاوە.
دواتر سەبارەت بە قۆناغەكانی ڕەخنە دوا و وتی: ڕەخنە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە دروست دەبێت، ڕەخنەی ئینتیباعی دروست دەبێت. ئەو ڕەخنەیە پێوەری نەبوو، بە پێی زەوق و شارەزایی كەسەكە خۆی تێكستەكان هەڵدەسەنگێندرێت. دواتر لە سەرەتای سەدەی بیست وێستگەیەكی تر سەر هەڵدەدات پێی دەوترێت ڕەخنەی كۆمەڵایەتی، یان ڕەخنەی سیاقخوازی، لێرەشەوە پێوەر پەیدا دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دەق. لێرەدا تێكست دەبەسترا بە ژیانی نووسەر و دووەم ژینگەی كۆمەڵایەتی.
باسی لەوەش كرد، لەژێر دەستی بوونیادگەرەكان ڕەخنەی بوونیەوی دروست دەبێت و دەبێتە سەردەمی تێكستخوازی. پێیان وابوو ڕەخنە بریتییە لە پێوەر و هەڵسەنگاندن و تیۆری بوونادگەرییان پێك هێنا و پێیان وایە تێكست بریتییە لە كۆیەكی زمانەوانیی سەربەخۆ. تێكست بەهایەكی گەورەی هەیە كە زمانەوانی و فۆڕم و ئیستاتیكایە. بەڵام لە كۆتایی سەدەی بیست ڕەخنەگرەكانی ئەو بووارە پەشیمان بوونەوە و وتیان ئەدەب لە مەترسیدایە.
ڕوونیشی كردەوە، دوای بوونیادگەرەكانیش ڕەخنەی ڕۆشنبیری دروست دەبێت. تا ئێستاش لەسەر ئەم ڕەخنەیە كار دەكرێت. هەموو چەشنە ڕەخنەكانی تر لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە. هەموو میتۆد و ئایدیاییەك بە كار دەهێندرێت، پێوەرەكان تێكەڵ دەبن و جۆرە میتۆدێك دروست دەبێت پێی دەوترێت مۆڵتی میتۆد یان فرەیی میتۆد.
وتیشی: لەم قۆناغەدا ڕەخنەی ئەدەبی بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت و دەبێت بە پرسێكی ڕەخنەیی، تەنانەت خوێنەرەكانیشی نووخبەوی دەبنەوە. تەنانەت دەتوانم بڵێم بە گشتیش ئەدەبیات خوێنەری كەم بووەتەوە. ئەوەش هۆكارەكەی ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەیە كە مرۆڤی سەرقاڵ كردووە و بواری جیاجیای مەعریفی و زانستی دروست بوون.
نووسەر ئاشكرای كرد، دواتر و بە كاركردن لە ڕەخنەی ڕۆشنبیریدا بیركردنەوەی ڕەخنەیی دروست بوو، كە ڕەخنە لە چینێك یان نووخبەیەك وەرگرتێتەوە و ڕەخنە بكات بە باتەێك هەموو كەس لێی تێبگات و بتوانێت هەموو كەسێك ببێت بە ڕەخنەگەر. كە هەموومان دیدێكی ڕەخنەییمان هەبێت. ئەم میتۆدە باوەڕی بەوە نییە بڕوانامەی زانستیت هەبێت، بەڵكوو هەموو كەس دەتوانێت بیركردنەوەی ڕەخنەیی هەبێت.
زیاتر وتیشی: "بیركردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە گەشەدان بە تواناكانی بیركردنەوە. بیركردنەوەی ڕەخنەیی زەمینەی گەشەكردنی توانای بیركردنەوەت بۆ دەڕەخسێنێت لە ڕێگەی وشیاریی ڕەخنەییەوە دروست دەبێت. بۆ وشیاریی ڕەخنەییش پێویستیت بە پرسیاركردن و گفتوگۆكردن و بەڵگەهێنانەوەت دەبێت. لەم جۆرە ڕەخنەیەدا دەبێت بڕوات بە حەقیقەتی ڕەها نەبێت. ئامانجیش لێی شكاندنی دۆگما و نەهێشتنی تووندڕەوییە."
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد، بیركردنەوەی ڕەخنەیی لەگەڵ دوو شت ناكۆكە، لەگەڵ بیركردنەوەی دەستەجەمعی و هەرچەندە بیركردنەوەی ڕەخنەیی بەهێز بێت بیركردنەوەی دەستەجەمعی لاواز دەبێت. دووەمیش بیركردنەوەی ڕەخنەیی دژی تەمبەڵیی بیركردنەوەیە.
لە كۆتاییدا باسەكە گفتوگۆی چڕی ئامادەبووانی لێ كەوتەوە.
مەلا بەختیار بەشداریی گفتوگۆكەی كرد و ڕایگەیاند: جارێكیان لە پاریس چووم سەرم لە ئالان تۆرێن دا. كتێبێكی گەورەی بە دەستەوە بوو لەسەر سۆسیۆلۆژیای نوێ. سەبارەت بە فۆكۆ و بوونییەوییەكان پرسیارم لێ كرد وتم چۆنن لای ئێوە؟ ئەویش وەڵامی داوەمەوە و بردمی كتێبەكانی فۆكۆی پیشان دام و وتوویەتی هەر لەم جێگەیە سەد جار گفتوگۆم لەگەڵ فۆكۆ كردووە، بەڵام ئێوە میللەتێكی فەقیرن نەكەن خۆتان تووشی ئەم فەلسەفە قۆڕانە بكەن. وتی ئەمە لای ئێمە سەرلێشێواوی دروست كرد لای ئێوەش هەمان شت دەكات.
دەشڵێت: هەمان پرسیاریشم لە برنارد كوشنەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كردووە، وتی ئێوە خواخواتان بێت چوار فیشەكتان هەبێت و جادە و ڕێگەوبانەكەتان و تەلەفزیۆنەكەتان باش بێت، ئەوە لای ئێمە گەورەترین فەوزای دروست كردووە دەبێت لای ئێوە چی دروست بكات.
وتیشی: "لە شەستەكان تا نەوەدەكان ڕەخنە لای ئێمە فۆڕمێكی جوانتری هەیە. دەقەكان جوانتر دەخوێندرانەوە، بە دوو فەلسەفە و ئاراستەی جیاواز ڕەخنە كاری خۆی دەكرد. بەڵام لە دوای نەوەدەكانەوە ڕەخنە زۆرتریشە، بەڵام سەرلێشواوی بە ڕادەی سەرسوڕمان دروست بووە. كۆمەڵە گۆڤارێك دەرچوون تا گەیشتە سەر ڕەهەند كە باشترینیان بوو."
لەسەر ئەو پرسە زیاتر قسەی كرد و وتی: "بیرمەندەكانی ناو ڕەهەند ڕەخنەیان لە هەموو كەس و سیاسییەك دەگرت، بەڵام كەسێك ڕەخنەی لێ بگرتنایە بە شەش حەوت كەس لەسەریان دەنووسی و دایان دەشۆری، بەڵام دواتر هەموویان كەوتنە گیانی یەكتری."
پێشی وابوو ئێستا ڕەخنەی ئەدەبی لاوازە، بۆیە كتێبخانەی كوردی پڕ بووە لە كتێب و شیعر و ڕۆمانی خراپ و ڕاشیگەیاند: نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی بە شێوە زانستی و فەلسەفییەكەی بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە. جەختیشی كردەوە كە ڕەخنە تەنها دوو ڕووكنی هەیە، ئەوانیش: دەق و وەرگر.
سەرچاوە: galawej