لەو هەڵبژاردنە کێ دۆڕا و و کێ براوە بوو؟

 

 

 

 


ڕێبین شەمامکی


لەو  هەڵبژاردنە دۆڕاوی یەکەم  کۆمەڵی دادگەری بوو، کورسیەکانی لە نیوە زیاتر دابەزی، 
دۆڕاوی دووەم، بزووتنەوەی گۆڕان بوو، دەنگەکانی نیوەی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ی نە هێنایەوە.
براوەی ئەو هەڵبژاردنە کێ بوو؟ 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کورسیەکانی لە چاو هەڵبژاردنی رابردوو  زیادی کرد و دەنگەکانیشی لە هەولێر دوو بەرانبەر زیادی کرد.
بەڵام نەوەی نوێش  بە زیاتر لە و رێژەیە براوە بووە. 
پارتی دۆڕاوێکی  براوەی یەکەم  بوو، ئەگەرچی دەنگەکانی زیاتر بوون  بە هۆی رێژەی زیاتری بەشدار بووی خەڵک!  بەڵام  ٦ کورسی لە دەستدا.  بۆیە جارێکی تر ٥٠ + یەکی لە دەست نەما!
 نەیتوانی پارێزگاری لە حەجمی خۆی بکات! ئەگەر کورسی کۆتاکانی  جارانیشی بۆ بمابایەوە!

یەکگرتوش براوەیەکی تری لیستەکان  بوو، رەنگە ئیتر بەسەکەی تەجاوزی فۆڕمی رابردووی کردبێ لە سیاسەتە میانڕەوەکەی! هەنگاوێکی تر چووە پێش.

 ئەگەر شیکاریەکی سادە بۆ کاریگەری بانگەشەکان بکەین؛ 
- خیتابەکانی پافڵ دوو سەرەبوون،  بە سەرێک فاکتەری سەرکی بوون، لەئاشتکردنەوەی دەنگدەرانی یەکێتی، بە تایبەتی لە هەولێر. بۆیە ئەرکی بافڵ قوڕس بوو ، لە لایەک شەڕی پارتی لە پێش بوو لێی بباتەوە،  هاو زەمان لاهوری ئامۆزای لیستی هەبوو، دەبوو  رای بگرێت! بەڵام لایەنێکی خراپی بانگەشەکەی پافڵ تاڵەبانی بە خێر گەڕایەوە بۆ پارتی ؛ پەیامێک بوو بۆ  پارتی و ئەوانەی هەواداری پارتین و سوودمەندی حکومڕانی پارتین، بەرژەوەندیان دەکەوێتە خەتەر بە سەرکەوتنی  یەکێتی و  لە ئەگەری وەرگرتنەوەی هەولێر  رەنگە چارەنووسیان  باش نابێت! چونکە سروشتی هەولێریەکانیش وایە؛ هەمیشە ئارامییەکی هەمیشەییان پێ باشترە لە دۆخێک نەزانن بۆ کوێیان دەبات؟  ئەگەرچی دروشمەکانی بافڵ مەدەنی بوون بە مۆدێلی ئەوڕوپا ،   بەڵام  لەسەرووی تێگەیشتنی خەڵکی عەوام و رەشۆکی بوون، لە دیدی ئەوان  مەترسی شەڕی لێ دەخوێندرایەوە وەک دۆخێکی باشتر!  بۆیە پارتی بە هەلی قۆستەوە بە هەولێریەکان بڵێ  چارەنووستان ئاوا دەبێ ئەگەر  یەکێتی هەولێرمان لێ  وەربگرنەوە!
- خاڵێکی تری بانگەشە ئاگرینەکانی باڤڵ، کە  پارتی پێ سوژن ئاژن دەکرد،  وای لێ کردن بە جددی هەست بە مەترسی بکەن . چونکە هەموو شکەستەکانی حکومڕانی ئاڕاستەی پارتی کرد، تا ئاستێکی باش یەکێتی لەو شکەستانە بێ بەری کرد، بەر مەبنای ئەوەی سەرۆکی کابینە خۆسەپێنەو بڕیاری کۆتایی لای ئەوە!
وە ئەوەی لە رابڕدووش یەکێتی شەریکی بووە، ئەوە کاستێکی تری یەکێتی بوون، کە ئێستاکە هەموویانی لاداوە.
بۆیە ئەو جارە خودی بارزانیەکان لە ترسی دۆڕانێکی گەورە هاتنە سەر خەت و پەیوەندی راستەوخۆ بە هەموو ئەو هەولێریانەی پێگەیان لەو شارە هەیە و  داوای کاندیدیان لێ کردن بۆ ئەوەی بیانکاتە شەریکی سەرکەوتن و دۆڕانەکانیش ئەگەر رووی دا! کە جاران ئەو ئیشەیان بە بەرپرسی لقەکان دەکرد بە هەما هەنگی هەموو ئەو فاکتانەی مسەخەر بوون وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن و گزی فزی و مردووەکانیش دەنگیان دەدا!

- نەوەی نوێ بۆ دەنگەکانی زیاد کرد؟
نەوەی نوێ هێزێکی پۆپۆلیستی بێ ئادیاو بەرنامە تا ئەو ئاستەی سەرۆکەکەی ئامادە نیە جێگریشی هەبێت! ئیش لەسەر دوو شەریحەی کۆمەڵگا دەکات یەکیان گەنج  دووەمیان خەڵکی ساویلکەو عەوام!
لە  گەڕەکی باداوە خەڵکێکی رەش و رووت هەن بە چەند تانکەرە ئاوێک  سەرنجی خەڵکی پەلکێش کرد بەوەی ئەوان فریاد رەسی ئەوانن! لە کاتێکدا هیچ پڕۆژەیەکیان نیە چۆن بێ ئاوی شارێک چارەسەر بکەن؟
وە خاڵی بە هێزی نەوەی نوێ لەوەتەی هەن وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش دەکەن! لەو کابینەیە چی دەکەن؟ ئەوە باسێکی تر دەبێ لە داهاتوو.
- خاڵی شکەستی کۆمەڵی دادگەری دوو بارە دانانەوەی عبدالستاری زاوای  ئەمیری کۆمەڵ بوو، ئەوەی کۆمەڵیش نەبا پێی هەزم نەدکرا چ جای ئەندامی خۆیان!
- هۆکاری شکەستی گۆڕان خەتای کاندیدەکان نەبوو، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، کاندیدەکانی گۆڕان لە زۆربەی خولەکان پێشتر باشتر بوو، بەڵام گرفت لەو دۆخە خراپەی ناوخۆیی و مانەوەیان بوو لەو کابینە شەق و شڕەدا، بۆیە سزاکان بەردەوامی هەیە!