لەنێوان حەماقەت و زەلكاوی كوردایەتی و عێراقچێتی دا

 

سەعيد عەلی محەمەد

 

ئاشكرایە گەلی كورد لە باشووری كوردستان ماوەی دەیان ساڵە بەدەست جۆرەها زوڵم و ستەم و دەسەڵاتی سەقەت و، نادادیی لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانەو، كپكردنی ئازادی ڕاستەقینەدا گیرۆدە بووە، ڕاستە دوای (33) ساڵ لە حوكمڕانی خۆماڵی و سەرەڕای ئەو سەروەت و سامان و داهاتە خەیاڵی و زەبەلاحەی پەروەردگار بەم نیشتمان و گەلەی بەخشیوە كەچی (33) ملیار دۆلار قەرز بەسەر شانی ئەم میللەتە بەش مەینەتەدا دراوە و تاكی كورد ئێستا هەموو خەم و خەون و ئاواتێكی تەنها بووەتە موچەو دابینكردنی ژیانی ڕۆژانە و هیچی تر! ڕاستە كوردستان ساڵانێكی دوورودرێژە بەدەست دەسەڵاتی حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی یەوە دەناڵێنێت و حكومەت لەرزۆكە و دام و دەزگاكانی نیمچە ئیفلیج كراون و جەماوەر هیچ جۆرە متمانەیەكی نەبەدەسەڵات و نە بەحیزب و نە بە ئۆپۆزسیۆن و نە بەهەڵبژاردن و نە بەگۆڕانكاری نەماوە! سەرەڕای داننان بەم هەموو ڕاستیانەدا ئێمە ئەگەر بەراوردێكی ووردو واقیعیانە لەنێوان بارودۆخ و دەسەڵات لە كوردستان و دەسەڵات لە بەغداو دام و دەزگاكانی و ئەو بارۆخەی عێراق و هاوڵاتیان تێیدا دەژین بكەین و، بمانەوێ بە ویژدان و بە ئینسافەوە و بێ لایەنانە بڕیار بدەین و دیمەنە ڕاستەقینەكە وەك خۆی پیشان جەماوەر بدەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بە ڕاستی سەرەڕای ئەو هەموو تاڵاویانەی بەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان گرتووە دەبینین جیاوازی نێوان كوردستان و بەغداو ناوچەكانی تری عێراق جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە و ئەوەی لە عێراقدا هەیە لە پێكهاتەی دەسەڵات و نوخبەی سیاسی و سروشت و جۆری بەڕێوەبردن و حوكمڕانی لە هیچ شوێنێكی تری دنیادا بوونی نیە مەگەر لەلای پڵنگەكانی تامیل لە سریلانكاو بەرەی پۆلیساریۆ لە بیابانی مەغریب و وڵاتی مەدەغەشقەرو مۆزەمبیق لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیادا نەبێت! 

دوای ڕووخانی سەدام عێراق بە چەندان دەردی سەری و قۆناغی تاڵدا تێپەڕیوە هەر لە تیرۆركردن و كوشتني سەدان پیاوی ئاینیی و زاناو پسپۆڕی ئەكادیمی گەورە و كەسایەتی ناوداری عێراقی، هەروەها هەڵگیرساندنی شەڕی تايیفی شیعە و سوننە و بوون بە سوتەمەنی دەیان هەزار كەس بەو شەڕە نەگریسەوە، بە هەدەردان و دیارنەمانی سەدەها ملیار دۆلار لە خەزێنەی گشتی و، پەیدابوونی دەیان هێزی چەكدارو میلیشا لە دەرەوەی هێزی چەكداری دەوڵەت و، ڕفاندن و بێ سەروشوێن كردنی سەدان كەسانی ناودارو بازرگان و مامۆستای زانكۆو كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئایینی و، هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و وێران كردن و خاپووركردنی دەیان شارو شارۆچكە و ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراق و، ئاواره بوونی سه دان هه زار هاوولاتی سوننه مه زهه بە بەهۆی شەڕی داعش و حكومەتی عێراقەوە ، ئەمانە دیمەنی عێراقی ساڵانی ڕابردووە! 

عێراقی ئێستاش: حاڵی حازر تا بینە قاقای نوقمی گەندەڵی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئیداری بووە و لە وەزیرەوە بگرە تا پاسەوان و فەرمانبەرێكی سادە تێوەگلاوە و عێراق بە سێهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان دادەنرێت! جگە لەوە هەزارەها پڕۆژەی خەیاڵی لە پایتەخت و شارەكانی تری عێراقدا كە بووجەیان بۆ تەرخان كراوە پارەكەیان دیار نەماوە و، پۆستی وەزیرو بریكارو بەڕێوبەرایەتیە گشتیەكان و تەنانەت هەندێ جار پۆستی سەرۆكی زانكۆو ڕاگری كۆلیژەكانیش لەلایەن بەرپرس و كەسانی دەست ڕۆشتوو نزیك لە باڵەكانی دەسەڵاتەوە كڕین و فرۆشتن و مامەڵە و سەودای سەدان دەفتەر دۆلاریان پێوە دەكرێ! 

بە وتەی كەسانی نزیك لە دام و دەزگا ڕەسمییەكان و شارەزا و ئاگادار لە ووردەكاری ژیانی خێزانیی كۆمەڵگەی عێراقی، كۆمەڵگەی عێراقی لەڕووی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەوە خەریكە ڕووبەڕووی مەترسی هەرەسهێنان دەبێتەوە و، بەهۆی نەبوونی هۆشیاریي و بێ باكی و خەمساردی دەوڵەت و دەزگا پەیوەندی دارەكانەوە شەپۆلێكی بەربڵاوی بەدڕەوشتی و ناپاكی خێزانی و مۆدێلی هاوسەر گۆڕینەوە بەشێوەیەكی مەترسیدارو پەنهانی و شاراوە لە پەرەسەندندایە! لەلایەكی تریشەوە هەزارەها مرۆڤی بێ تاوان چەندان ساڵە ڕاپێچی زیندانەكان كراون و نە دادگایی دەكرێن و دۆسیەكانیان یەكلایی دەكرێتەوە، یان ئەگەر دۆسیەكانیشیان یەكلایی بكرێتەوە ئاوا ئازاد ناكرێن هەتاوەكو چەند دەفتەر دۆلارێك بەرتیل لە خێزانەكانیان وەرنەگیرێت، یان هاوسەرەكانیان توشی گێچەڵ و دەست درێژی سێكسی دەكرێنەوە! 

ئەگەر فەرمانبەرو هاوڵاتی لە كوردستان لە ئەنجامی هەژاری و بێ موچەیی و ستەم و نادادیدا دەكوڵێ و توڕەیە لە دەسەڵات و ئاوات بە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق ئەخوازێ ئەوا ئاساییە و گلەیی لێ ناكرێ و مافی خۆیەتی، چونكە ئەوە ئەوە قوربانیەكەیە و دوورو نزیكیش ئاگای لەم ڕاستیانە نیە كە باسمان كردن و ئێمە و هەموو كەسێكی بە ئاگاو بەویژدان بەڕوونی و بەچاوی خۆمان دەیبینین و دەیبیستین و بەڕۆژی ئاشكرا هەستیان پێ دەكەین. 

بەڵام خۆ دەبێت ئەو كەس و لایەن و دەستە و تاقم و گردبوونەوانەی كە لێرە و لەوێ و لەژێر چەند ناونیشانی جۆراوجۆردا خۆیان بە خەمخۆرو دڵسۆزو دەمڕاستی فەرمانبەرو مامۆستاو موچەخۆر دەزانن هاوڵاتی نەگەوجێنن و باری دەروونی شێواو و ناجێگيری جەماوەر بۆ خۆدەرخستن و مەرامی تایبەت و ڕازی كردنی ئەملاو ئەولا نەقۆزنەوە و، بە ئەنقەست یان لە بێ ئاگایی و نەزانیەوە نەبنە كەرەستەیەك بۆ ناشیرین كردنی ئەم میللەت و نیشتمانە و لەكەداركردنی مێژووەكەی و سیما جوانەكانی و بەدێوەزمە كردنی ڕەمزە نیشتمانی و خەباتگێڕو كەڵە پیاوە گەورەكانی، كە بەڕاستی ئەمە جکه لەوه ی هه ست نەکردن بەبەربرسیاریتی و ساویلکەیی و لاوازی هوشیاری سیاسی ده کەیەنیت، سەرلیشیواوی و کارەساتیشەو و هیجیشی که متر نیە له و حەماقەت و زەلكاوی کوردایەتیە ی دەسەلات کە ئەوان باسی دەکەن، چونكە ئەگەر كوردستان بە دەردی دەسەڵاتەكەیەوە دەناڵێنێت ئەوا عێراق و دەسەڵاتەكەی و دامەزراوەكانی و كۆمەڵگەكەی بە دەیان دەردو ئافەتی كوشندەی ترەوە دەناڵێت كە چارەسەركردنیان لە قۆناغی ئێستادا ئەگەر خەونیش نەبێت ئەوا مەحاڵە! 

جەماوەر مافی خۆیەتی لەچوارچێوەی (پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەكان و ئامانجە ستراتیجیەكان و نەبەزاندنی هێڵە سورەكان) هەر ڕێگاو ڕێكارو میكانیزمێكی سیاسی و دیموكراسی و عەقڵانی  کونجاو بگرێتە بەر بۆ ڕاست كردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات و بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیی و سەندنەوەی مافە خوراوەكانی، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت هۆشیارو بە ئاگا بێت و دیمەنە ڕاستەقینەكە بخوێنێتەوە و هەموو ڕاستیەكان ببینێ و بە ئاسانی یاری بە هەست و نەستی نەكرێت و، كێشە و قەیرانەكانی نەبنە بیانوو و ڕێخۆشكەر بۆ لە دەستدانی دەستكەوتە گەورەكان و بەدیهێنانی ئامانجە حیزبی و بەرژەوەندی و ئارەزووە كەسییەكان. 

نایشارمەوە یەكێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردە متمانە پێكراوەكان پێی ووتم: زۆرێك لەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی عێراق كە لەسەر شاشەی تیڤیەكان و كەناڵە ئاسمانیەكان خۆیان مكیاج ئەكەن و قسەی قەڵەو و زرق و باق بۆ جەماوەر دەكەن كاتێك هاوڵاتیەك كێشەیەكی هەیە و تەلەفۆنم بۆ دەكات یارمەتی بدەم و بۆی چارەسەر بكەم، پێم دەڵێن: چیت داوە لەسەر ئێشە و وەڵام مەدەرەوە و تەلەفۆنەكەت داخە، خۆ ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكار نین باخۆی چارەسەری كێشەی خۆی بكات.

 

سەرچاوە : خەندان