گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
لەدوای 27 ساڵ یەکەم سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکرێت
دوێنێ کاژێر 12:05
- بهشی بكه لە
- SHARE ON FACEBOOK
- SHARE ON TWITTER
- SHARE ON WHATSAPP
- SHARE ON TELEGRAM
- SHARE ON VIBER
- SHARE ON MESSENGER
زیادی بکە بۆ لیستی دڵخوازەکانم
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
27 ساڵە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق نەکراوە. ئێستا وڵاتەکە ئامادەکاری دەکات و رۆژی 20ـی تشرینی دووەم بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکراوە. بەڵام پێش ئەوە، بەشێوەیەکی ئەزموونیی دەکرێت.
عەلی عریان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: "سەرژمێریی ئەزموونى لە 20ى ئایارى ئەم ساڵ دەکرێت، 120 هەزار سەرژمێریکار لەو پرۆسەیەدا بەشدارییان پێدەکرێت، زۆرینەیان مامۆستان وەک ئەوەى هەمیشە بەو شێوەیە کراوە، بەڕێز سەرۆکوەزیران فەرمانى بە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە، کە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەزارەتى پلاندانان بکەن بۆ سەرخستنى ئەزموونى سەرژمێریی گشتیى دانیشتووان".
دوایین سەرژمێرى عێراق لە 1997 لە 15 پارێزگا کرا، ئەمجارە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە. لە یاسای بودجە 400 ملیار دینار بۆ پێداویستی و خەرجیی سەرژمێرى تەرخان کراوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق دەڵێت: "فۆرمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئەلیکترۆنیی دەبێت، پرسیارەکانی نێو فۆرمەکە لە 70 پرسیار زیاترە، سەرجەمیان پەیوەستن بە تایبەتمەندییەکانی ژیان: تەندروستی، کار، خوێندن و خزمەتگوزاریی. هەر پارێزگایەک ژمارەی راستەقینەی دانیشتووانەکەی دیار دەبێت، سەرژمێرییەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و سەردانی هەموو خێزانێک دەکرێت."
دەبوو هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێرى لە عێراق بکرێت، تاوەکو ئێستا هەشت جار کراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیى پڕۆسەکە دەکات، تاوەکو بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکرێت و رەوایەتیى هەبێت.
مەهدی عەللاق، سەرۆکی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق دەڵێت: "سندووقی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسێکی نێودەوڵەتییە کە چاودێریی هەموو سەرژمێرییەکانی جیهان دەکات، پرۆسەکە دەچێتە ژێرباری بەرنامە و پرۆگرامی نێودەوڵەتییەوە، تاوەکو لە رووی نێودەوڵەتی پەسندکراو بێت. سندووقەکە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی سەرژمێریی دانیشتووان. یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە رێگەدایە بۆ واژۆکردن، ئەوەش ئەم رۆڵە بەهێز دەکات و دڵنیایی دەدات لە هەموو قۆناخەکانی سەرژمێرییەکەدا."
ئێستا ژمارەى دانیشتووانى عێراق زیاتر لە 43 ملیۆن کەسە، پێشبینی دەکرێت ساڵى 2030 بگاتە زیاتر لە 51 ملیۆن کەس.
سەرچاوە : ڕووداو