لەخۆت پرسیوە دەربارەی کارەکەت..؟

 

Aras Omer

ئاراس عومەر

 

باشترین چاکەیەک کە لەگەڵ خۆمانا بیکەین ئەوەیە واز لەو ئیشە بهێنین کە هەست ئەکەین باش نین تیایا. واتا خۆمان بە ئیشێکا هەڵنەواسین کە خۆمان دڵنیاین هی ئێمە نیە. ئەم شتە نەک هەر بۆ خۆمان، بگرە بۆ خەڵک و چواردەور و کڕیارەکانیشمان باشە.

چەند ساڵێک پێش ئێستا دەستم دایە ئیشی ستۆک مارکێت (ناسراو بە بۆرسە لەناو خۆماندا)، دوای شەش مانگ لە خوێندنەوە و بەدواداچوون  و هەراو بەزم دەستم کرد بە ئیش، بەڵام کاتێک بەراوردی  خۆمم ئەکرد بە بازاڕەکە، بە کەسە شارەزاکانی ئەو بوارە لەجیهانا بە کەسە شارەزاکانی ئەوبوارە، بەو کاتەی ئەبێ بۆ ئەم ئیشەی تەرخان بکەم، بەراستی شەرمم ئەکرد کە خەریکی ئەو ئیشەم، بۆیە هەر زوو وازم لێهێنا چونکە تێگەشتم کە من بۆ ئەو ئیشە نابم.

بۆیە دایمە پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەرێ من خەریکی چیم وڕێڕەوی ژیانی خۆم لەسەر چی بنیات ناوە؟

ئایا ئەمەی من خەریکیم لە چ ئاستێکام بەراورد بە فۆرمە جیهانیەکەی؟

(باسی ئاستی ناوخۆیی هەر ناکەم..!). ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە من بگەمە ئەو ئاستە؟

ئایا لەپارساڵەوە تا ئێستا چەند لەو بوارەیا پێشکەوتوم؟

ئایا ئەو خزمەت و کاڵا و بەرهەمەی ئەیدەم بە کڕیارەکانم پڕ بەپێستیەتی؟

ئایا کەسێکی تر نیە بتوانێ شتی باشتریان بداتێ بە هەرزانتر؟

ئایا ناتوانم لە بوارێکی کەدا باشتر بچمە پێشەوە و پارە زیاتر پەیاکەم!؟

وەڵامی گشت ئەم پرسیارانە زۆرپێویستن  بۆ دزۆینەوەی ڕێگاکەمان...!

دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ ئەزموون لە ئیشی بەڕێوەبردن لە کۆمپانیاو و ڕێکخراو، دوای چەندین ساڵ خوێندن لە بوارەکەیا، چوومە بواری راوێژکاریی و مارکێتینگ و بەڕێوەبردنی کارگە و بازرگانی گشتی و دابەشکردن و.. هتد

 تاکە شتێک کە هەمیشە ڕوون بوە لای من ئەوەیە کە تا ئەم خولەکە لە هەر بوارێکا ئیش بکەم هەمیشە  خۆم بەراورد ئەکەم بەوانەی لە لوتکەی سەرەوەی هەرەمەکەن لەو بوارەیا کاردەکەن لە جیهانا، بە کەمیم  نەزانیوەو پەنام بۆ  خەڵکانێکی زۆربردووە لە ناوخۆ +و دەرەوە بۆ ئەوەی کۆمەکم بکەن، بەم بچوکی و لاوازیەی خۆمەوە سەیری کۆمپانیا جیهانیەکانم کردووە. جا لەدوای هەموو شتێک ئەگەر زانیبێتم ئەگەرێکی بچووک هەیە بچمە پێشەوە ئەوا بەردەوام بووم، ئەگەریش زانیبێتم ئەوەی ئەیکەم بێسوودەو لە ئیشەکە نازانم یەکسەر بێ دوودڵی پاشەکشەم کردوە.

ئەمەش لەبەر دوو هۆکار،

یەکیان: لەبەر خۆم تا ناوم خراپ نەبێت، (لەراستیا خۆ هیچ نەبێت ئەتوانم یەک دوو ساڵێک بە قسەی زل قەناعەت بە هەندێک کەس بکەم کە من شارەزا ی بوارەکە ی خۆمم و پارەیان لێوەرگرم بەڵام تەمەنی درێژم دوو ساڵ ئەبێت بە حەرامی و ناڕەوشتی ).

دووەم : لەبەر کڵایەنت و کڕیارەکەم کە نەمویستوە سەنتێک زەرەر بکات، واتا  هەمیشە وا بیرم کردوەتەوە گەر کڕیارەکەم زیاتر لەو پارەیە قازانج نەکات کە ئەییات بە من؛ ئەوا شتێکی خراپم کردوە.

بۆیە هاوڕێی ئەزیزم، ئێمە هەموومان خۆمان باش ئەناسین، یەک دنیا بواری ئیشمان هەیە کە بە دڵنیاییەوە هەریەکەمان لە یەکێکیاندا باشین و ئەکرێت خۆمانی تیا بدۆزینەوە، بەڵام با زوڵم لەخۆمان نەکەین کاتێک لە ئیشێک نازانین؛ با بەزۆر و لەپێناو بژێوی ژیانا خۆمانی پیا هەڵنەواسین، هەم لەبەر خۆمان و هەم لەبەر خەڵکیش.

من ئەزموونی خۆمم باسکردوە کە ئەکرێ تۆ هەرگیز باوەڕت پێی نەبێت، ڕەنگە ئەم قسانەش بەراوەد بکەیت بە بوارەکەی خۆت و بڵێی وەڵا وایە. بەڵام لانی کەم ئەتوانی چاوت داخەیت و بیر بکەیتەوە تۆ خەریکی چیت؟

 ئایا کێ باشترە لە تۆ..چۆن ئەتوانی بگەیتە ئەو؟

 ئامانجت چیە؟ ئایا درێژەی بەمکارەت بدەیت یان نا؟ هتد.