لەتیف هەڵمەت
نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد لەتیف هەڵمەت لە نوێترین نوسینیدا هۆنراوەیەک بۆ شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان دەنووسێت.
لە بڵاوکراوەیەکدا شاعیری دیاری کورد لەتیف هەڵمەت لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسینێکی نوێی لە ژێر ناونیشانی (نەورۆزی ئەمساڵ لە كۆبانێ) بڵاوکردووەتەوە کە لە هۆنراوەکەیدا هەستی كوردایەتی و نیشتمانی تێدا بەدی دەکرێت و نوسینەکەشی پێشكەشی خەڵكی كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان كردووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
نەورۆزی ئەمساڵ لە کۆبانێ
گوێ ڕادێرن .. گوێ ڕادێرن
بۆ کورتەی کورتەی هەواڵ:
ئیتر ئاسمان هی کۆترە
نەک فڕۆکەی هەزار باڵ
لەمەودا لە کۆبانێ منداڵ
دەبابە شکاوەکانی تورکیا
لە لووتکەی ئەم چیا و ئەو چیا
بۆ مریشک و جوچکەکان
دەکەن بە کولانە و بە ماڵ
لوولەی تفەنگی جەندرمەی تورک
دەکەن بەنای و بە شمشاڵ
قۆناخی تفەنگی کوردکوژەکان
دەسووتێنین بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ …
ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێ
لەسەر هەزاران لووتکە و یاڵ
لەتیف ھەڵمەت لەساڵی ١٩٤٧ لە ناوچەی کەرکووک لەدایکبووە، نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردە، لە ساڵی ١٩٧٩ دەستیکردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، یەکەم بەرھەمی (جوانترین دێ) بووە کە بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە بیست دیوانە شیعری هەیە، تا ئێستە ١٧ بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە، ساڵی ٢٠٠٦ بەرھەمەکانی کۆکراوەتە کە دەکاتە ٥٠٠ لاپەڕە، ھەروەھا خەڵاتی (ئاپیک)ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە.
سەرچاوە : سپی میدیا