له‌ چ ده‌ستێكی نا ئه‌مینداین

 

 لەتیف فاتیح

 

 ئایه‌ نیشتمان به‌مجۆره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ، ئه‌ركی ئه‌حزاب هه‌ر ئه‌وه‌ بێت ته‌خوینی یه‌كتر بكه‌ن و ئه‌و به‌وی دی بڵێت من نه‌بومایه‌ دنیا وێران ده‌بوو، ئایه‌ ئه‌ركی فراكسیۆنی په‌رله‌مانی فڵان حیزب ئه‌وه‌یه‌ قه‌وانی درۆزنانه‌ی ڕابردوو لێبداته‌وه‌ ، ئه‌ركی ئه‌وی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ بڵێت سیحه‌تت باشه‌، ئه‌مانه‌ نیشتمان سازی و نه‌ته‌وه‌ سازی ده‌كه‌ن، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نیشتمان وێرانی و نه‌ته‌وه‌ وێرانی ، دوو هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ترین حزبی باشور پارتی و یه‌كێتین ، بڕوانن له‌ بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ سبه‌ی بكه‌نه‌وه‌ به‌ چ زمانێ‌ له‌یه‌كتر ده‌دوێن ، چه‌ند شه‌رمه‌ میله‌تێك گاڕانی ده‌ستی ئه‌مانه‌ بێت ، له‌ وشه‌ی گاڕان لێبوردنم هه‌یه‌ لانی كه‌م له‌ مێگه‌ل باشتره‌ ، بڕوانن ئه‌و به‌یاننامه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ كرچ و كاڵانه‌ی ده‌رهه‌ق میله‌ت، سه‌یركه‌ن چۆن له‌ ده‌رگای به‌غداو پایته‌خته‌كانی تر كورد سوك و سه‌لیم نیشانده‌ده‌ن، خۆ ده‌رده‌كه‌ هه‌ر پارتی و یه‌كێتی نیه‌، حزبه‌كانی دیكه‌شن ، ئه‌وانه‌شن كه‌ هه‌ر هه‌شت نۆیه‌ك كۆبونه‌ته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت له‌ سه‌ر حسابی جنێو دان به‌ پارتی و یه‌كێتی هه‌ندێك له‌ گشته‌كه‌ دابڕن و هیچیش ناكه‌ن ، دواتر لۆژه‌ لۆژ هه‌ندێكیان ده‌چنه‌وه‌ ئامێزی پارتی و یه‌كێتی وه‌ك چۆن هه‌ر وا كراوه‌ ، جا ئیدی بیرو باوه‌ڕو هه‌ڵوێست و ئه‌وانه‌ هه‌مووی به‌ فلسێك .
 

2

یه‌كخستنی  میلیشیای پێشمه‌رگه‌ له‌ چوار چێوه‌ی وه‌زاره‌تێكی  یه‌كگرتودا ئه‌ركی كورد خۆیه‌تی دنیامان هێناوه‌ته‌ خه‌ت داوای یه‌كخستنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی خۆمان دژی ئه‌وه‌ین و هه‌ر ڕۆژه‌ یه‌كێك له‌ پشت وه‌زیره‌وه‌ كایه‌كه‌ تێكده‌داته‌وه‌، ئیلاو بیلاو عینادی سه‌ری كورده‌كه‌ی خواردوه‌ ، چه‌ترێك نیه‌ كورده‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌، بارزانی باوك له‌ دۆخێكدایه‌ كوڕو برازاش به‌ قسه‌ی ناكه‌ن، ئومێدێك هه‌بوو ئه‌و شتێ‌ بكات ، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ی داخ له‌ دڵانه‌ سه‌یری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی نێو كه‌شتیه‌كه‌ ده‌كات ، ئه‌وه‌نده‌ بیری له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌م بارو دۆخه‌داببێته‌ كۆكه‌ره‌وه‌ ، من تێناگه‌م باره‌گایه‌ك به‌ ناوێكی قه‌به‌وه‌ نه‌توانێ‌ كۆكه‌ره‌وه‌ بێت ئیدی بوونی چ پێویسته‌، له‌ نه‌بوونی ئاوه‌زی سیاسیانه‌و كۆكه‌ره‌وه‌دا سیاسه‌ت بوه‌ به‌ مناڵ بازاڕ ، ئاخر نه‌ته‌وه‌یه‌ك هێشتا له‌ خێڵ ڕزگاری نه‌بووه‌ ، هێشتا چه‌كی عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه‌ له‌ بری یاسا به‌ركاره‌ ، هێشتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژودایه‌، ئه‌م هه‌موو سیاسه‌ت بازو سیاسه‌ت سازه‌ی بۆچیه‌ كه‌ فڕیان به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نیه‌.
 

3

هه‌ڵبژاردن بۆخۆت ده‌كه‌ی خێره‌ ئه‌مه‌ریكاو ئێران و توركیاو دارو به‌رد دێنیته‌ سه‌ر خه‌ت ، گه‌لۆ هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌رێمه‌ مالكی و عامری و سه‌درو به‌در چكاریان به‌وه‌یه‌ ، له‌ ده‌رگایان بده‌ن ، ئه‌وان به‌ تر ده‌ڵێن چی ده‌كه‌ن و چی ناكه‌ن ، بابه‌گه‌وره‌یه‌كی وه‌ك ڕه‌جه‌ب ته‌یب  ئه‌ردۆغان كه‌ فه‌رشی سوری بۆ ڕاده‌خه‌ن ، ئاماده‌یه‌ ناوی كوردستان بێت به‌ ده‌میدا ، كه‌س نیه‌ كۆتان بكاته‌وه‌ " هه‌زار تیره‌و لق و هۆزن " هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رته‌وازه‌یی نیه‌ ، ئه‌وه‌ خێره‌ ئێستا پێكهاته‌كانی دیكه‌ هاتون به‌ خه‌یاڵدا ، ئه‌ی كه‌م كوشت و بڕكران ، ناشێ‌ بڵێن ئه‌وی چوو چوو، ئێستا هه‌موو كایه‌ی سیاسی ئێوه‌ له‌ ماڵه‌ باجێنه‌یه‌كی بێئاوه‌زیانه‌ زیاتر نیه‌، ئه‌وه‌ ماڵه‌ باجێنه‌ی مناڵ نیه‌ ، هی گه‌وره‌كانه‌ ، ئه‌وانه‌ی وای تێكده‌ده‌ن كه‌ به‌ هیچ كلۆجێك چاك نه‌كرێته‌وه‌، بڕۆن شكاتی خۆتان له‌نه‌مانی كارژۆڵه‌كانی خۆتان به‌رنه‌ لای مام گورگ ، ئه‌وه‌بۆیه‌ هه‌زاره‌ ساڵه‌و هێشتا له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدان .
 

4

چ مێژویه‌كی له‌وتاومان هه‌یه‌ ، چ ناشرینیه‌كی لێخن بۆ ئاینده‌ به‌ جێده‌هێڵین ، نه‌وه‌ی نه‌وه‌كانیشمان ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان ئاوه‌زی ئێمه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ باشین ئاغایه‌كی فارس و یابه‌یه‌كی عه‌ره‌ب و قارداشێكی تورك حوكممان بكه‌ن، ئه‌و ڕسته‌یه‌ له‌ سه‌ر دیواری قه‌ڵای هه‌ولێرو كه‌ركوك و كه‌لار بنووسن و له‌به‌ر ده‌ركی سه‌راش هه‌ڵیواسن، هه‌ڵواسینی خه‌ڵك نا، ئاغاو یابه‌ و قارداشه‌كه‌ ده‌ڵێم

سەرچاوە : سپیمیدیا