نوری بێخاڵی
ئەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە خێر و خۆشی، بێ بەڵا و بەربەست، بێ کێشە و گرفت، بێ ئاڵۆزی و ئاژاوە، بێ توندوتیژی و زەبروزەنگ (مەبەستم جەستەییە!) تەواو بوو.
وەکووتر، هەر چ تێبینی و سەرنجێکمان لەسەر ئاستی گوتار و شێوازی دەربڕین و زمانی بانگەشەی لیست و قەوارەکان هەبێت، کە بەدڵنیاییەوە هەندێکیان توندوتیژیی زمان و زەبروزەنگی ڕەمزیان بێ سنوور لە دژی بەرامبەرەکانیان بەکار هێنا، تا دەگاتە ئاستی بەزاندنی سنووری نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارە، ئەزموونێکی تەواو نوێ و جیاوازی پڕ لە ئاماژەی ئەرێنی بوو.
خۆشبەختانە، کۆمەڵگای سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردی کە لەسەر مۆڕەکردنێک، تیروتوانجێک، تانەوتەشەرێک، چاوسوورکردنەوەیەک، جنێوێک، ناوزڕاندنێک، فوول لایتێک و ئۆتۆمبێل شکاندنەوەسەرێک، ئامادەیی ئەوەی تێدا بوو خوێن بڕێژێت، بگاتە ئەو ئاستە لە ئاگایی و هۆشیاری کە گوتاری هەڵچوو، زمانی زبر، شێوازی توندی دەربڕین، زەبروزەنگی ڕەمزی و توندوتیژیی مەعنەوی، هیچ لەمانە تیایدا نەبنە هۆی بەریەککەوتن و سەرکێشان بۆ توندوتیژی و زەبروزەنگی جەستەیی، بابەتێکە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.
دیارە ئەمە ئاماژەیەکی زۆر باش و ئەرێنییە، بەوەی کۆمەڵگای کوردی سەرەڕای هێشتا باڵادەستیی عەقڵیەتی حیزبی و ئایدیۆلۆژی تیایدا، بەڵام خەریکە فێری کولتووری دانبەخۆداگرتن، هونەری خۆجڵەوکردن و کارنەدانەوەی ناجۆر دەبێت.
ڕاستیتان دەوێت، ئەمە بۆ خۆی جۆرێکە لە گۆڕانێکی ئەرێنی لە دنیابینی، لە تێکشکانی عەقڵیەتی چەقبەستوو، لە کاڵبوونەوەی گیانی شەڕانگێزی، لە بەخۆداچوونەوە بە ئاراستەی باش و باشتردا لە لای مرۆڤی کورد و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی و پێشهاتێکی موژدەبەخشە.
دەرکەوت هەموو ئەو پێشبینییە تاڵ و تاریکانەی کە خەڵکانێک هەیانبوو، بەوەی کۆمەڵگای کوردی بەرگەی ئەم زەبروزەنگە سیمبولی و توندوتیژییەی زمان ناگرێ و زوو یان درەنگ دەیگوازێتەوە دۆخی شەڕی دەست و بازوو و توندوتیژی و زەبروزەنگی جەستەیی، بەتاڵ دەرچوون و چیتر ئەو کۆمەڵگایە ئامادەیی گەڕانەوەی بۆ ساتەوەختە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆ تێدا نییە و چاوی لە ئاسۆیەکی گەشتری ململانێی سیاسی و ڕکابەریی حیزبییە.
لەم گۆشەنیگایەوە، ئەم هەڵمەتی بانگەشەیەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (سەرەڕای هەموو تێبینییەکانمان لەسەری) وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی سی ساڵی ڕابردووی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگاکەمان، بۆیە زۆر گرنگە لە ئێستاوە هێزە سیاسییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە کار لەسەر وردکردنەوەی ڕەهەندە سیاسی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ئەزموونە بکەن و بۆ داهاتوو، بە ئاراستەیەکی باشتر و شارستانی و پێشکەوتووتردا وەبەرهێنانی تێدا بکەن
سەرچاوە : سپی میدیا