
د.هەژار عوسمان مەعروف
ڕوداوەکانی توندوتیژی ودەست وەشاندن تا کوشتن لە چەند ساڵی ڕابوردودا هەرێمی کوردستانی ناخۆش کردوە ، کەم ڕۆژ هەیە دڵمان بە ڕوداێک خورپەی لێنەدرێت، تەنانەت ڕوداوە زۆرەکانی هاتوچۆش هۆی قوڵ و پشتەوەیان هەر توڕەیی و توندوتیژیە ، دەنا کە تۆ دەزانی ڕێگاکان و هێماکانی هاتوچۆ پڕن لە کەم و کوڕی ئیتر بۆ پێ توند دەکەیت لە بەنزین و دەکەویتە هۆڕن لێدان و وەک ماری ژەهراوی پێچاوپێچ دەکەیت و بە پەلە پەل پێشی ئوتومبیلەکان دەدەیتەوە؟
شەوی ١٣ی٣ی٢٠٢٥ پزیشکێکی ناسراو لە هەولێر چوار کەسی کوشت : ژنەکەی و ژنخوشکەکەی کە پزیشک بون، هەروەها خەسو و خەزوری. بکوژ دارا و دەوڵەمەند بو، پێشینەی تاوانکردنی نەبو، کوژراوان خەڵکی بەڕێز و بێ کێشەبون. هۆی ڕوداوەکە کۆمەڵایەتی بوە، گوایە بکوژ ویستویەتی ژنی دوهەم بێنێ و هاوژینەکەی قبوڵی نەکردوە و ماڵی جێهێشتوە. پێشینەی نەخۆشیی دەرونی لە بکوژدا نەزانراوە، دیارە دوای وتووێژێکی کورت و توندوتیژ کە بەدڵی ئەو نەڕۆشتوە بە دەمانچە لە چەند خولەکێکدا چوار کەسەکەی کوشتوە.دیارە پێشتر بیری لە کوشتنیان کردۆتەوە وەک ئەگەرێک دەنا بۆ چەک لەگەڵ خۆی دەبات؟ لە ڕوداوی ئاوادا پۆلیس و ئاسایش دەبێت هەرچی زورترە و درەنگترین لە ماوەی ٢٤ کاژێردا تاوانکار ببنە بەردەم دوکتۆر و دەرونناس بۆ تێڕوانینی دەرونی و پزیشکیی گشتی کە ئەوەش دەگرێتەوە بزانن ئایا لە کاتی تاوانەکەدا بکوژ لە ژێر کارلێکی مادەی هۆشبەردا(مەی وئەوانی تر) نەبوە، ئەترسم ئەمانە هیچیان نەکرابێت !
توڕەبون، ڕق و کینە و حەزی تۆڵەسەندن، هەڕەشە و ترسی زۆر لە سەر ژیانت و شکۆ و هەستی نێرگزیت ،هەستی غەدرلێکراوی و سوکایەتی پێکردن و خیانەت لێکردن، دڵتەنگیی توند و درێژخایەن، شەکەتیی دەرونی ، دابڕان لە یا نەبونیی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و پشتیوان و کارا و ڕۆشنبیر، کێشەی خێزانیی درێژخایەن و بێچارەسەر، زۆربون و کەڵەکەبون و چارەسەر نەکردنی هەمو ئەم بیروهەست وسۆزە ئاسایی و نەباشانە، دەشێت لە ڕوی چۆنایەتیەوە لە ئاساییبونەوە بگۆڕێت بۆهەست و سۆزی نەخۆش و ترسناک و ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤێکی ئاسایی و لاشەڕ و تەنانەت سەرکەوتو لە ژیانی مادی و کار و نان پەیداکردندا کە پێشترنەخۆشیی دەرونیی نەبوە، لە شوێن - کاتێک ی نالەباری پڕ لە گرژی و نائارامی و توندوتیژدا کەسێک یا چەند کەسێک یا خۆی بکوژێ، ئاوا زۆر ناسک و تەنک و دەڵێنەرە (permeable) دیواری نێوان دەروندروستی و دەروننەخۆشی !
بێگومان ئەم ڕاڤەکردنە بۆ ئەوە نیە لە بکوژ تێبگەین و بەهانەی بۆ بهێنینەوە بە تایبەتی کە ئەو هەرزەکارێکی بێکەس و بێ پشتیوان نەبوە بەڵکو خۆی پزیشکێکی بە تەمەن و بە ئەزمون بوە و زانیاریی دەرونیی هەبوە و نە ئەبو هەرگیز تاوانی لێبوەشێتەوە.
بۆ خۆپاراستن لە ڕوداوی ئاوا پێویستە هەوساری ئەسپی هەست و سۆز و هەڵچونەکانمان توند بە دەستەوە بگرین و نەهێڵین شل بێتەوە و لە دەستمان دەرچێت ، دەبێت هەمیشە دوابڕیاردەر بۆ چارەسەری کێشە قورس و گەورەکانمان هەر ئاوەز و ژیری و لۆژیک بێت نەک هەژان و هەڵچونی هەست و سۆزەکانمان. ئەگەر خۆمان نەمانتوانی ئەمە بکەین با بێ ترس و شەرم ، بۆ ڕاوێژ و پرس و ڕا پەنا بۆ کەسە نزیکەکانمان بەرین بەتایبەتی ئەوانەی هاوسەنگ و ئارام و دڵسۆز و ڕۆشنبیرن، ئەگەر کەسی وامان نەبو با بێترس لەوەی پێمان بڵێن شێتە بچین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دەرونی و دڵ و دەرونمانی لا بکەینەوە بۆ ڕاوێژ و ئەزمون و زانیاریی بەسود، بەڵام دوا بڕیار هەردەبێت خۆت بیدەیت کە دەبێت لە سەر بناغەی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری بێت نەک خۆپەرستی و خۆشیدایی نێرگسیانە.
پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەمو شارە ناوەند و گەورەکان (سێنتەری ڕاوێژکاریی دەرون - کۆمەڵایەتی) ی پیشەیی و کارا بکاتەوە کە پزیشکی دەرونی و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و چارەسازی دەرونی بیبەن بە ڕێوە.
لە مێژە پێویستە و ئیتر زۆر درەنگە کە تۆڕێکی پەیوەندیی تەلەفونیی ٢٤ سەعاتیی ٧ ڕۆژ هەفتەیی ١٢ مانگ ساڵی بۆ هەمو هەرێمی کوردستان بە شار و گوندەکانەوە لە ژێر ناوی (هێڵی گەرمی قەیران) دامەزرێ و ژمارەکانی لە هەمو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێگەکانی سۆشیال میدیا بەردەوام بڵاوبکرێتەوە کە ئیتر هەمو کەسێک بیانزانێ و لە کاتی تەنگانە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەرونیدا پەیوەندی بە کەسی سەر تەلەفون بکەن بۆ ڕاوێژی پیشەییانە و هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی دەمودەستی کەسەکە بۆ نمونە بە چون بۆلای کەسەکە یا بردنی بۆ نەخۆشخانە.
سەرچاوە : سپی میدیا