لە هەرێمی کوردستان بە روونی بەرچاو دەکەوێت کاریگەریی قوڵبوونەوەی نایەکسانیی ئابووری لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان

 

 

 

 

 

 

 


لاجان عوسمان

لەگەڵ فراوانبوونی نایەکسانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیاتر دەردەکەون. لەو کۆمەڵگەیانەی کە سامان و داهات بە شێوەیەکی نایەکسان دابەش دەکرێت، هەستی یەکگرتوویی و ئامانجی هاوبەش لە نێوان هاووڵاتییان دەکەوێتە مەترسییەوە. متمانەی کۆمەڵایەتی بە بەردی بناغەی کۆمەڵەگەیەکی بەهێز دادەنرێت کە شەرعیەتی لە رێگەی دادگەریی و دادپەروەریی نێو کۆمەڵگەوە وەردەگرێت. بەڵام زیادبوونی نایەکسانی ئابووری هەڕەشە لە متمانەی نێوان تاکەکان لەلایەک و هاووڵاتی لەگەڵ سیستمی حوکمڕانی لەلایەکی ترەوە دەکات. 
توێژینەوەکان دەریدەخەن لەو کۆمەڵگەیانەی کە جیاوازی زۆر هەیە لە داهاتی تاکدا، یاخود جیاوازی زۆر هەیە لە بڕی ئەو داهاتەی کە تاکێکی کۆمەڵگە لە رێگەی پیشەکەیەوە دەستی دەکەوێت، ئاستی متمانەی کۆمەڵایەتی زۆر کەمە، یاخود بەرەو لەناوچوون دەچێت. ئەمەش زۆر بە روونی لە هەرێمی کوردستان بەرچاو دەکەوێت، کاتێک بەراوردی نێوان مووچەی کەمئەندامێک دەکەیت لەگەڵ پەرلەمانتارێک کە نوێنەرایەتی ئەو کەسە دەکات کە خاوەن پیداویستیی تایبەتە. 

جیاوازیی نێوان مووچەی کەمئەندامێک و پەرلەمانتارێک ئەوەندە زۆرە کە پەرلەمانتارێک بە نزیکەیی 80 هێندەی کەمئەندامێک مووچە وەردەگرێت


 کەرتی تایبەتیشی گرتۆتەوە
بە پێی ئامارەکان، مووچەی کەمئەندامێک لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناری عیراقیدایە. لە کاتێکدا مووچەی پەرلەمانتارێک دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن دیناری عیراقی. واتە جیاوازی نێوان ئەم دوو مووچەیە هەشت ملیۆن و 900 هەزار دینارە. بە واتایەکی تر پەرلەمانتارێک بە نزیکەیی 80 هێندەی کەمئەندامێک مووچە وەردەگرێت. ئەمە تەنها بۆ پەلەمانتار و کەمئەندامان راست نییە، بەڵکو سەدان کەیسی تر هەن وەکو پلە تایبەتەکان و مووچە باڵاکان بەراورد بە فەرمانبەرێکی ئاسایی. هەمان جیاوازی تەنانەت لە نێو کەرتی تایبەتیشدا رەنگیداوەتەوە. هاووڵاتی ئێمە لەم روانگەیەوە سەیری سیستمەکە دەکەن، کە هەستی نامۆبوون و ناڕەزایی و توڕەیی درووستکردووە. ئەم هەستکردنە بە نادادپەروەری بە ئاشکرا متمانەی کۆمەڵایەتی کەم کردۆتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز کردووە. 
نایەکسانی ئابووری تەنیا کاریگەریی لەسەر تاکەکان نییە، بەڵکو پەیکەری فیزیکی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان لە قاڵب دەدات. لەو شارانەی کە نایەکسانی و نادادی زۆرە، زۆرجار گەڕەکەکان جەمسەرگیر دەبن هەر وەکو شاری هەولێر و سلێمانی. ئەگەر تەماشای شاری هەولێر بکەین دەبینین لە زۆنی ئاڵتونی و دایمۆند خزمەتگوزارییەکان باشتر دەگاتە دەستی هاووڵاتیان و هەندێک جار گومان دەکرێت تەنانەت هاووڵاتی ئەو ناوچانە لە هەرێمی کوردستان بژین، چونکە شوێن و شێوازی ژیانیان زیاتر لە وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەوروپایی دەچێت، لە کاتێکدا ناوچە هەژارەکان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشکراون و تا ئێستا شەڕی ئاو و کارەبا و پیداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دەکەن، تێدەکۆشن بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانی رۆژانە، کە لە هەندێک وڵاتی هەژاری ئەفریقا خەڵکی ئەم قۆناغەشیان بڕیوە. 
ئەم جیاکارییە دابەشبوونی کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر دەکات و ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە و وایکردووە باوەڕبوون بە نیشتمان و دۆزی رەوای میللەتێک هێندە کەمبێتەوە، هاووڵاتی کۆتا شت بیری لێبکاتەوە وڵات و نیشتمان بێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە هاووڵاتی لە پاشخانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە جیاوازەکانەوە دەرفەتی کارلێککردن و دروستکردنی پەیوەندییان کەمترە. دەرئەنجامەکەی کۆمەڵگەیەکی پارچەپارچە دروست دەبێت کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێیدا دەخرێتە ژێر مەترسییەوە.

قۆرخکردنی هەلی کار
لەو کۆمەڵگەیانەی کە نایەکسانی ئابوورییان تێدایە، توانای هاووڵاتی بۆ زیادکردنی داهات و قۆستنەوەی دەرفەتەکان زۆرجار سنووردار دەبێت. جگە لەمەش زۆرجار دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی کوالێتی بەرز، چاودێری تەندروستی و هەلی کار زەحمەت دەبێت و هەموو ئەو کایە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە لەلایەن دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارانەوە قۆرخ دەکرێت، کە دیسانەوە ئەم وێنەیە لە کوردستان هەیە و زۆر بە روونی دەبینرێت و وایکردووە سەدان کەس وڵات جێبهێڵن بە هیوای دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتی باشتر لە وڵاتانی رۆژاوا. بەداخەوە کاتێک مرۆڤەکان هەست دەکەن دۆخی ئابووری کۆمەڵایەتییان پێشوەختە و بەر لە لەدایکبوونیان دیاریکراوە، هەستێکی بێهیوایی و خۆبەدەستەوەدان لەلای خێزانەکان درووست دەبێت کە دەرئەنجام تاکێکی بێهیوا و ناچالاک دروست دەبێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات.

 

ئەو کەسانەی ئەزموونی نادادی و نایەکسانیی ئابووری دەچێژن، زۆرجار تووشی فشاری دەروونیی درێژخایەن دەبنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی و جەستەیی و سەرەنجام تاکێکی ناتەندروست بەرهەم دێت

 

کێشەی دەروونی
ئەو کەسانەی ئەزموونی نادادی و نایەکسانی ئابووری دەچێژن، زۆرجار تووشی فشاری دەروونی درێژخایەن دەبنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی و جەستەیی و سەرەنجام تاکێکی ناتەندروست بەرهەم دێت. مرۆڤەکان کاتێک هەست بە مامەڵەی نادادپەروەرانە دەکەن و خۆیان بەراورد دەکەن بە کەسانی تر، هەستی بێهیوایی باڵییان بەسەردا دەکێشێت و ئەو کاتیش خۆشگوزەرانیی بەکۆمەڵ کە پێویستە بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەموان، دەشێوێت.
فراوانبوونی ئەو جیاوازییە چینایەتییەی کە لە کوردستاندا درووست بووە و رۆژ بەرۆژ فراونتر و زیاتر دەبێت مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. نایەکسانی ئابووری متمانەی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت، کۆمەڵگەکان پارچە پارچە دەکات، رێگریی لە جووڵە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێت و فشاری دەروونی سەر تاکەکان زیاد دەکات. هەر بۆیە لە پێناو خۆشگوزەرانیی تەواوی کۆمەڵگە، پێویستە حکومەت لە بری قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان، هەروەها لە بری بەخشینەوەی تۆمەت و یاریکردن بە سۆزی هاووڵاتییان، پێویستە زۆر بە جددی کار لەسەر نەهێشتنی دۆخە قێزەون و نەخوازراوەکان بکات کە لایەنە سیاسییەکان دروستییان کردووە.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ