له‌ نێوان په‌روەر‌ده‌ و ئه‌ده‌بدا

له‌ پیشانگای پۆڵۆنیا بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان به‌ دیداری توێژه‌ر و مامۆستای زانكۆ جۆرجیا گرێلی شادبووم، به‌ مه‌به‌ستی وتووێژ ده‌رباره‌ی ره‌وتی توێژینه‌وه‌ و تێڕوانینی تایبه‌تیان ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان و ئه‌م دیداره‌ی لێكه‌وته‌وه‌.
*وه‌ك مامۆستایه‌كی، زانكۆ وانه‌ی كۆرسی«پێشه‌كییه‌ك له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان» له‌ به‌شی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی زانكۆی پۆڵۆنیا ده‌ڵێنه‌وه‌، ئایا به‌شێكی تایبه‌ت به‌ رۆشنبیری منداڵان له‌ زانكۆی پۆڵۆنیا نییه‌؟
-
راسته‌، من ئه‌و كۆرسه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كارانی قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی كرداری فێرخوازه‌كانم مامۆستایانی وانه‌بێژانن له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری ئیتالیادا، به‌شی ئه‌ده‌بی منداڵانی زانكۆی پۆڵۆنیا له‌ نێو چوارچێوه‌ی به‌شی په‌روه‌رده‌ و فێركردندایه‌ ته‌نها له‌ قۆناغه‌كانی دووه‌م و سێیه‌مدا ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ توێژینه‌وه‌ی رۆشنبیری منداڵان له‌ كۆلێژی ئاداب و رۆشنبیرییه‌كاندا. من هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌، وای نابینم ئه‌ده‌بی منداڵان به‌شێكی تایبه‌ت بێت له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێركردندا، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ فراوانتر و زیاتره‌، بێگومان ئه‌ده‌بی منداڵان یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌ده‌م به‌و جۆر قوتابیه‌كانم ئاماده‌بكه‌م و له‌سه‌ر ئه‌مجۆره‌ ره‌خنه‌گرتنه‌ وانه‌یان پێبڵێمه‌وه‌، پێویست ناكات له‌ هه‌موو كتێبێكی ئه‌ده‌بی منداڵاندا به‌دوای كاكڵه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییدا بگه‌ڕێن، زۆر لایه‌نی جوانكاری و هونه‌ركاری ئه‌ده‌بی له‌ ده‌قه‌كاندا هه‌یه‌ پێویسته‌ لێی به‌گابن و  هۆشیاریان به‌رامبه‌ری هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای چێژ و سه‌ركه‌شی له‌ ئه‌ده‌بی منداڵاندا، ئه‌مه‌ ون ده‌بێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌ده‌بی منداڵان قه‌تیس بكه‌ین له‌ ئه‌ده‌بێكی په‌روه‌رده‌ییدا، پێویسته‌ هه‌ندێ كات زۆر به‌ روونی ئه‌وه‌مان له‌ یادبێت چیرۆكێكی باش  پێچه‌وانه‌ی چیرۆكێكی فێركارییه‌، ئه‌گه‌ر چیرۆكی باشت بوێت ئه‌و پێویستیت به‌ سه‌ركێشی هه‌یه‌، پێویستی به‌ بڕێكی دیاریكراو له‌ یاخیبوونی گه‌وره‌كان هه‌یه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ورانه‌ دایك و باوكیش بن، پێویسته‌ ئه‌ده‌بی منداڵ توانستی كه‌وتنه‌ نێو ئه‌زموونی ژیانه‌وه‌ به‌ منداڵ ببه‌خشێت، ئه‌ده‌بی فێركاری پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه‌، ده‌یه‌وێت وانه‌ به‌ منداڵان دابدات، هیچ بوارێكیان بۆ ئه‌زموونكردن نه‌هێڵێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵی من ئه‌وه‌یه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ مامۆستایانی دواڕۆژ بكه‌م كه‌ به‌بێ هیچ نییه‌تێكی فێركاری كتێبی منداڵان بخوێننه‌وه‌، هیچ وانه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌ك دیاری بۆ وتنه‌وه‌ی ته‌رخان نه‌كه‌ن، تۆ بیركاری له‌ قوتابخانه‌ فێرده‌بیت، ئه‌ده‌ب و رێزمان ده‌خوێنیت، پاشان رۆڵی ئه‌ده‌بی منداڵ دێت وا له‌ منداڵ ده‌كات پرسیار بكات، منداڵان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كاندا. من ئه‌م نیگه‌رانییه‌م له‌ وۆركشۆپه‌كانی نووسینی ئه‌ده‌بی منداڵاندا به‌رچاوده‌كه‌وێت، زۆرجاریش ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌كاران و نووسه‌رانی نوێی ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه‌ ده‌بینم، به‌ راستی ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكی زیره‌كانه‌ی ده‌وێت، هه‌وڵێكی زۆری ده‌وێت له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌كارانه‌وه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ن بیرۆكه‌ی فێركردن له‌ ریی گۆشكردنه‌وه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌رپه‌رچ ده‌درێنه‌وه‌.
*ئه‌گه‌ر  ئێستا پۆستێكی كارگێڕی به‌ده‌ستبهێنیت له‌ زانكۆ، چی له‌ به‌شی ئه‌ده‌بی منداڵ ده‌كه‌یت؟
-بێگومان ئه‌ده‌بی منداڵ بوارێكی توێژینه‌وه‌ی سنوورداره‌، واتا ناچێته‌ ژێر ركێفی هیچ به‌شێكی زانكۆوه‌، ئه‌ده‌بی منداڵ بۆ منداڵه‌، به‌ڵام گه‌وره‌كان ده‌ینووسن، ئامرازێكی په‌روه‌رده‌ییه‌، به‌ڵام به‌ ئامرازێكی ئه‌ده‌بی، په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هونه‌ره‌، ده‌روونزانییه‌. به‌ڵام زانستێكی رۆشنبیرییه‌، بۆیه‌ به‌ڕای من ده‌كرێت ئه‌ده‌بی منداڵان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی زانكۆدا بخوێنرێت، به‌ڵام بێگومان رای دروستتر ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ به‌شێكی تایبه‌ت سه‌رجه‌م توێژه‌ران و مامۆستایان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كۆبكاته‌وه‌، بیربكه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێك هه‌بێت بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان تیایدا كۆرس ده‌رباره‌ی منداڵ هه‌بێت له‌ ده‌روونزانییدا، منداڵ له‌ فه‌لسه‌فه‌دا و به‌مجۆره‌، پێموایه‌  به‌شێكی وه‌ك ئه‌مه‌ خه‌ونی هه‌موو توێژه‌رێكه‌، ترنجاندنی له‌ به‌شی په‌روه‌رده‌ و فێركردن دابه‌شكارییه‌كی بیرۆكراتییه‌ و به‌ڕای من زیان به‌ بواره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.
*چۆن گه‌شتیته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی منداڵ وه‌ك رۆشنبیرییه‌كی گشتی بكۆڵیته‌وه‌ و ره‌خنه‌ له‌ ده‌زگای په‌روه‌رده‌ و فێركاری بگریت؟
-
من گرنگی به‌ بواری گشتی منداڵ ده‌ده‌م، بڕوام وایه‌ منداڵان به‌دیهێنراوێكی ئاڵۆزن، گه‌وره‌كان هه‌میشه‌ پێیانوایه‌ ده‌توانن له‌ منداڵ بگه‌ن، به‌ڵام ئه‌و بڕوایه‌ زۆربه‌ی كات هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌ی زۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، واده‌بینم ئێمه‌ی گه‌وران منداڵێتی خۆمان له‌یاد كردووه‌، من له‌ زۆر وتار و بابه‌تی ده‌روونزانی و بابه‌تی فێربوون ده‌كۆڵمه‌وه‌، هیچ كام له‌وانه‌ به‌هێنده‌ی ئه‌ده‌بی منداڵ روونییان تیانابینم بۆ تێگه‌یشتن له‌ دیدگا و تێڕوانین و سروشتی راسته‌قینه‌ی منداڵ، بۆیه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌ده‌بی منداڵ هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ چونه‌ نێو نادیارییه‌كانی منداڵ و چۆن منداڵان جیاواز له‌ ئێمه‌ی گه‌وره‌ دنیا ده‌بینن، منداڵ به‌ شێوازێكی جیاواز له‌ ئێمه‌ له‌ دنیا تێده‌گه‌ن و هه‌ستی پێده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵیدا هاوسۆز ده‌بن. ئه‌مه‌ش پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیم ده‌داتێ بۆ حوكمدان به‌سه‌ر كتێبی منداڵاندا ئه‌وه‌ باشه‌ یان باش نییه‌، پشت به‌ستوو به‌و هاوبه‌شییه‌ی منداڵان له‌گه‌ڵم ده‌یكه‌ن، ئه‌و منداڵانه‌ی نه‌دیومن و نه‌ده‌یانناسم، زۆرجار تووشی سه‌رسوورمان ده‌بم كه‌ منداڵان ده‌بینم كتێبێكی تایبه‌تیان خۆشده‌وێت، كاتێك لێیان ده‌پرسم بیركردنه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌ ئاساییه‌كانیان دووچاری تێڕامانم ده‌كه‌ن.
*چۆن گه‌یشتیته‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ ده‌رباره‌ی منداڵ؟
-
زمان و ئه‌ده‌بی بیانیم خوێندووه‌، به‌تایبه‌ت ئینگلیزیی به‌ریتانی هه‌روه‌ك وتم، تاكه‌ به‌شێك كه‌ ئه‌ده‌بی منداڵی تێدا ده‌خوێنرا به‌شی په‌روه‌رده‌ و فێركردن بوو، بۆیه‌ پێویست بوو بچم گوێبگرم، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم حه‌زم له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان بوو، رێك وه‌ك ئه‌ده‌ب، به‌مجۆره‌  وام هه‌ست ده‌كرد ده‌توانم پردێك له‌ نێوان ئه‌ده‌بی بییانی و ئه‌ده‌بی منداڵاندا بنیاتبنێم، له‌ توێژینه‌وه‌ی یه‌كه‌ممدا له‌ كه‌سایه‌تی (ماری بوبینز)م كۆڵییه‌وه‌ وه‌ك په‌روه‌رده‌كارێكی نه‌وه‌كان. به‌ڵام بێگومان ئه‌و وه‌ك جیاوازترین په‌روه‌رده‌كان له‌چاو بواری په‌روه‌رده‌ی ئێستا، ماری بوبینز، سه‌ركه‌شی هێنایه‌ نێو فێركارییه‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌لای منه‌وه‌ نموونه‌ی ئامرازی په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌، ئه‌گه‌ر بته‌وێ په‌روه‌رده‌كارێكی باش بیت ببه‌ به‌ ماری بوبینز، لێره‌وه‌ ده‌ستمكرد به‌ كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێ له‌باڵاترین مامۆستایانی ئه‌ده‌بی منداڵ له‌ ئیتالیا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ كۆرسی ئه‌ده‌بی منداڵی بنیاتنا له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م وجودی ئه‌ده‌بی منداڵ بوو له‌ ئه‌كادیمیای ئیتالیادا، لێره‌وه‌ كاروانی من ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ بوو به‌ هاوه‌ڵی توێژنه‌وه‌ی دكتۆراكه‌م، پێكه‌وه‌ توانیمان به‌شی ئه‌ده‌بی منداڵ له‌ كۆلێژی په‌روه‌رده‌ و فێركردن نوێ بكه‌ینه‌وه‌.
*كه‌واته‌ له‌ كۆرسی پێشه‌كییه‌ك بۆ ئه‌ده‌بی منداڵاندا چی ده‌ڵێیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ له‌كۆلێژی په‌روه‌رده‌ و فێركردن ئه‌م به‌شه‌ ره‌تبكه‌یته‌وه‌، چۆن ئه‌مه‌ له‌پلانی وانه‌وه‌تنه‌وه‌ی كۆرسه‌كه‌تدا ده‌كه‌یت؟
-
ئامانجی من تێكشكاندنی سه‌رجه‌م ئه‌و وێنه‌ پێڕاهاتوانه‌یه‌ كه‌ باسمكردن له‌ كتێبی منداڵاندا، كتێبی منداڵانی باش هه‌وڵنادا وانه‌ فێری منداڵان بكات، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت بڵاوكراوه‌ی جۆر به‌جۆر بۆ منداڵ جیابكه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان، ئه‌ده‌بی منداڵان یه‌كه‌مجار ئه‌ده‌به‌ و ئامرازێكی ده‌ربڕینی هونه‌رییه‌.
*كه‌واته‌ چۆن ده‌توانیت ئه‌و دووجۆره‌ له‌یه‌ك جودا بكه‌یته‌وه‌؟
-
سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌ سه‌رمان كتێبی باش له‌ كتێبی خراپ جودا بكه‌ینه‌وه‌، كتێبی جۆری له‌ كتێبی فێركردنی جودا بكه‌ینه‌وه‌، پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵانێك له‌وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵ ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت ژماره‌یه‌كی كه‌می فێرخوازان له‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی كلاسیكیاتی ئه‌ده‌بی منداڵانی جیهانییه‌وه‌ هاتوون بۆ زانكۆ، بۆیه‌ ناچاربووم له‌وێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م، هه‌میشه‌ له‌ (ئه‌لیس) له‌ وڵاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و (پیته‌ر بانه‌)ه‌وه‌ ده‌ستمپێده‌كرد، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی مێژوویی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌ده‌بی منداڵان، هه‌وڵمده‌دا ئه‌وه‌ فێری قوتابییه‌كانم بكه‌م ئه‌م كتێبانه‌ چیمان پێ ده‌ڵێن له‌ منداڵ و ژیانی منداڵێتی.
*چ كلاسیكیاتێكی تر هه‌یه‌ جه‌ختی له‌سه‌ربكه‌یته‌وه‌؟
-
بێگومان، من توێژینه‌وه‌ له‌ كلاسیكیاتی جیهانی ده‌كه‌م، وه‌ك  (ئه‌لیس و پیته‌ر بان و تۆم سۆیه‌ر و پینوكیو).
*بینوكیو كتێبێكی ئیتالییه‌؟
-
بێگومان، قوتابیان به‌ ئاسانتر ده‌توانن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئاوێته‌ بن، گرنگی ئه‌م كتێبانه‌ له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ نهێنییه‌كانی منداڵیمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌، نادیاری و ئاڵۆزییه‌كانیانمان بۆ ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌و كتێبانه‌ له‌ منداڵانێك ده‌دوێن جیاواز له‌و منداڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌ژین، ده‌روازه‌یه‌كی گه‌وره‌مان به‌ ئاسۆی منداڵانی دنیا و رۆشنبیرییه‌ جۆر به‌جۆره‌كانیانمان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م كتێبانه‌دا خوازه‌ی زۆر به‌كارده‌هێنرێن، پڕن له‌و هێمایانه‌ی كه‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌ده‌ب تێده‌په‌ڕێنن، به‌ڕاستی من ئه‌م جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ به‌ گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌بینم، هه‌ندێ كتێبێك ده‌توانن به‌ به‌كارهێنانی خوازه‌كانیان ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ی بیر و ره‌خنه‌ و كردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانمان پێ بڵێن، كتێبی له‌م شێوه‌یه‌ بێگومان گه‌نجینه‌یه‌كی هونه‌رین.
*سه‌ره‌ڕای ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ رابردوویه‌كی دووره‌وه‌ ده‌رچوون، ئایا ئه‌لیس له‌ وڵاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و پینوكیو له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و پیته‌ربان له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌رنه‌چوون؟
-
بێگومان، به‌ڕای من كلاسیكی پێی ده‌وترێت كلاسیكی ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌شدا نووسرابێت، چونكه‌ تا ئێستاش كۆمه‌ڵه‌ شتانێكی راستیمان پێ ده‌ڵێن، به‌لای منه‌وه‌ ئه‌مه‌ پێناسه‌ی كلاسیكییه‌، من هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌ده‌بێكی نوێ بدۆزمه‌وه‌ كه‌ به‌ها جیهانییه‌كانمان بۆ بگێڕێته‌وه‌ و بگۆڕێت بۆ كلاسیكی و بمێنێته‌وه‌ تا ئاینده‌یه‌كی دوور، بێگومان هه‌وڵیشده‌ده‌م دانه‌رانێكی هاوچه‌رخ به‌دیبهێنم كه‌ كلاسییكییه‌ك بنووسن كاریگه‌ری و سه‌ركه‌وتنیان بۆ هه‌میشه‌یی به‌رده‌وامبێت، بۆیه‌ من جیاوازییه‌كی دیاریكراو ناخه‌مه‌ نێوان پیته‌ربان و ئه‌لیس له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و ده‌یڤید ئۆڵمۆد كه‌ نووسه‌رێكی به‌ریتانییه‌، من ئاشقی كتێبه‌كانیم و هانی قوتابیه‌كانیشم ده‌ده‌م بیانخوێننه‌وه‌.
*كه‌واته‌ پێتوایه‌ چه‌مكێكی جیهانی هه‌یه‌ بۆ منداڵێتی و شتی هاوبه‌ش كه‌ له‌ نێوان هه‌موو منداڵانی دنیادا هه‌یه‌؟
-
بێگومان، هیچ گومانم له‌وه‌نییه‌.
*به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانمان له‌ ماڵپه‌ڕی (حیكایا)، پاڵپشتیكردنی خانه‌ بڵاوكراوه‌ نێو خۆییه‌كانه‌ له‌ رێی ئه‌و وتارانه‌ی كه‌ ده‌سته‌به‌ریان ده‌كه‌ین له‌ ئه‌زموونه‌ جۆربه‌جۆره‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌ده‌بی منداڵان له‌ هه‌موو جیهاندا، بێگومان چاوپیكه‌وتنی ئه‌مڕۆشمان له‌ پیشانگای پۆڵۆنیا-كه‌ گه‌وره‌ترین و دیارترین پیشانگایه‌ بۆ ئه‌ده‌بی منداڵ له‌جیهاندا- به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئیتاڵیدا فرۆشێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا، چۆن ئه‌م بواره‌ وا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌؟
-
ره‌نگه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌هۆی پینوكیوه‌وه‌ بێت، چونكه‌ چیرۆكی پینوكیو یه‌كێكه‌ له‌ باڵاترینی كلاسیكیاتی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، ده‌رچوونی پینوكیو پاڵی به‌زۆر نووسه‌ره‌وه‌ نا تا له‌م جۆره‌ نووسینه‌-مه‌به‌ستم نووسینی سه‌ركه‌شی منداڵانه‌- بنووسن، یه‌كێ له‌ دیارترین ئه‌و نووسه‌رانه‌ش (ئیمیلیۆ سالاگاری)ه‌، كه‌ كتێبه‌كه‌ی له‌ سه‌ده‌ی بیستدا بڵاوكرده‌وه‌، ده‌یه‌ها ده‌قی تر بڵاوكرانه‌وه‌ بوون به‌ده‌قی كلاسیكی له‌ ئیتاڵیادا ده‌رباره‌ی سه‌ركه‌شی چه‌ته‌ی ده‌ریایی و ده‌ریاوانه‌كان و گه‌شتی فرۆكه‌وانه‌ یه‌كه‌مینه‌كان، كتێبه‌كانی سالاگاری بۆ چه‌ندین زمان له‌ جیهاندا وه‌رگێڕدران، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی كارلۆ (كۆلۆدی نووسه‌ری كتێبی حینوكیۆ و سالاگاری)ه‌وه‌ كشوماتییه‌كی فراوان باڵی كێشا به‌سه‌ر ئیتاڵیادا كه‌ به‌رده‌وام بوو تا ساڵانی شه‌سته‌كان، ئه‌و ماوه‌یه‌ هیچ شتێكی بایه‌خدار و جۆریی بڵاو نه‌كرایه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و كێشه‌ نێوخۆییانه‌وه‌ بێت كه‌ به‌ره‌نگاریان ده‌بوونه‌وه‌.
*به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ئه‌و ماوه‌یه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت  ساڵانی جه‌نگی جیهانی و بیست و دوو ساڵیك دواتره‌؟
-
به‌ڵێ، تا راده‌یه‌ك، ئه‌مه‌ تا شه‌سته‌كان وابوو، لێره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ده‌ستیان كرد به‌نووسینی جۆریی زۆرباش وه‌ك (جیانی رووداری) ئه‌و نووسه‌ره‌ دڵگیره‌ی كتێبه‌كانی وه‌رگێرانی جیهانییان بۆكرا، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی تری  بێده‌نگی تریش هاته‌ ئاراوه‌ له‌ حه‌فتاكان و هه‌شتاكان، له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌ده‌بی منداڵان هیچ په‌ره‌سه‌ندن و به‌رهه‌مێكی گرنگی به‌خۆوه‌ نه‌بینی، له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌  كۆمه‌ڵێ خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی بچووك و سه‌ربه‌خۆ ده‌ركه‌وتن، ده‌ستیان كرد به‌ چاپكردن و بڵاو كردنه‌وه‌ی كتێبی نوێ و پێشه‌نگ، خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی بچووكی نێوخۆیش هه‌بوو توانی بگاته‌ ئاستی جیهانی پاش وه‌رگرتنی خه‌ڵانی جیهانی وه‌ك خه‌ڵاتی پیشانگای پۆڵۆنیا بۆ باشترین خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ئه‌ده‌بی منداڵی وێنه‌دار بووه‌ یه‌كێ له‌ باڵاترین  به‌رهه‌می نێوخۆیی منداڵان، كێبڕكێی نێوان خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌كانیش زیادیان كرد به‌مه‌به‌ستی ده‌رچواندنی باشترین ده‌قی وێنه‌دار تا بتوانن بچنه‌ نێو لیسته‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌.
*به‌ڵام چی وای له‌ ئیتاڵیا كرد پێشه‌نگی جیهانی ئه‌م بواره‌ بێت؟
-
پێموابێت ئه‌مه‌ گرنگترین پرسیاره‌ له‌م رۆژه‌ماندا، له‌م ئه‌زموونه‌وه‌ زۆر وڵات ده‌توانێت سوود وه‌ربگرێت، به‌ڵام، به‌پێی زانیاری من، تا ئێستا توێژینه‌وه‌یه‌كی فراوان نه‌كراوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، واده‌بینین بوونی پیشانگاكه‌ له‌ پۆلۆنیا وایكردووه‌ زۆرێك له‌ خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ جه‌خت له‌ ئه‌ده‌بی منداڵ و كوالێتییه‌كه‌ی بكه‌نه‌وه‌، من وه‌ك توێژه‌رێك له‌ بواره‌كه‌دا هه‌میشه‌ ئه‌و به‌رهه‌ڵستیانه‌ ده‌بیستم داواده‌كه‌ن پێشانگاكه‌ تایبه‌ت بێت به‌تایبه‌تمه‌ندان و ئه‌وانه‌ی ته‌نها له‌بواره‌كه‌دا كارده‌كه‌ن، زۆركه‌س ده‌خوازن سه‌ردانی پیشانگا بكه‌ن، كه‌سوكار و منداڵ، پیشانگاكه‌ له‌ پۆلۆنیا بووه‌ به‌شانازییه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌توانیت له‌ پۆلۆنیادا بگه‌ڕێیت و ده‌یه‌ها فرۆشگه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان ببینیت، به‌روارد به‌ شاره‌كانی تر كه‌  فرۆشگاكان فرۆشگه‌ی گشتین و به‌شێكیان بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان ته‌رخانكردووه‌، هاوشان به‌ فرۆشگه‌كانی ئه‌ده‌بی منداڵانیش ده‌توانیت ده‌یه‌ها كۆمه‌ڵه‌ و دامه‌زراوه‌ ببینیت گرنگی به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌ده‌ن له‌م رۆژگاره‌ماندا، هه‌ركێ بیه‌وێت پڕۆژه‌كه‌ی په‌ره‌پێبدات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ده‌بی منداڵه‌وه‌ هه‌بێت  باشتره‌ له‌ پایته‌ختی ئه‌ده‌بی منداڵاندا پۆلۆنیا په‌ره‌ی پێبدات، له‌به‌ربوونی پیشانگاكه‌ له‌ پۆلۆنیا و به‌هۆی ئاماده‌بوونی دیارترین خانه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ییه‌ جیهانیه‌كان 
ساڵانه‌ لێره‌.
*له‌ به‌دواداچوونم بۆ پیشانگا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌وه‌م به‌رچاوكه‌وتووه‌ كه‌ خه‌ڵاته‌كانی ئه‌ده‌بی منداڵان كه‌ جاران تایبه‌ت بوو به‌ خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ ئێستا ده‌رگای بۆ پێشكه‌شكردنیشی به‌ توێژه‌رانی ئه‌م بواره‌ كردووه‌ته‌وه‌؟
-
بێگومان، ئه‌مه‌ گۆڕانكارییه‌كی زۆر ئه‌رێنییه‌، له‌كۆلیژ و زانكۆكانی ئیتاڵیا زۆرێك له‌ خوێندكاران توێژینه‌وه‌ی نایاب ده‌نووسن ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵ، تێزه‌كانیشیان جار دوای جار به‌ره‌و جدی بوون و تیۆری ده‌چن، سه‌ره‌ڕای خه‌ڵات بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌تای رێگایانن هه‌نگاوێكی نایابه‌، ته‌نها كێشه‌ بۆ ئه‌م خه‌ڵاتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ تایبه‌تكراون به‌ خوێندكارانی زانكۆكانی ئیتاڵیا، بۆشی هه‌یه‌ ساڵانی دواتر ئه‌مه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت.
*باشه‌، دوای قسه‌وباس له‌ نموونه‌یی و باشییه‌كانی ئه‌م بواره‌، ده‌مه‌وێت ئاڕاسته‌ی ئاخاوتنمان بگوێزینه‌وه‌ بۆ لایه‌نێكی تر له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان، هه‌ر وه‌ك ده‌زانن زۆرێك له‌ منداڵان له‌ جیهاندا له‌ژێر گوشاری ململانێی رامیاری و داگیركاری و چادرگه‌ی په‌نابه‌راندا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، به‌شێك له‌و منداڵانه‌ توندترین شێوازه‌كانی توندوتیژی و چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌چێژن، ئه‌ده‌بی منداڵ ئه‌مڕۆ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌تانه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، ئایا هه‌ر له‌و بابه‌تانه‌ دواوه‌؟
-
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و بڕوایه‌دانیم ئه‌ده‌بی منداڵ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ دیاریكراوه‌كاندا ره‌فتار بكات، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ راسته‌وخۆ ده‌مانباته‌ سه‌ر ئه‌و ئاڕاسته‌ گۆشكردنه‌ی گه‌وره‌كان له‌ پڕۆگرامه‌ پێڕاهاتووه‌كان له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ زیاد له‌ پێویست راشكاوانه‌ بخرێنه‌ڕوو ئه‌وا زۆر به‌خێرایی ئه‌ده‌ب ده‌بێته‌ وانه‌وتنه‌وه‌، بۆیه‌ وای به‌باش ده‌بینم پێویسته‌ ئه‌ده‌بی منداڵان به‌شێوازێكی ناڕاسته‌وخۆ و ناڕاشكاوانه‌ ئه‌م ململانێ و سیاسه‌ت و جه‌نگانه‌ به‌شێوازی خوازراو هونه‌ریی و ئیستاتیكی بخاته‌ڕوو، پێویسته‌ ئه‌ده‌بی منداڵ بۆ باسكردنی بابه‌ته‌كانی په‌نابه‌ی و راگواستن به‌ شێوازێكی خواستنی وا بخاته‌ڕوو كه‌ خوێنه‌ر لێی تێبگات و هاوشان بتوانرێت تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی تری بۆ بكرێت، واده‌بینم ئه‌ده‌بێكی له‌م جۆره‌ی كه‌ خواستن به‌كارده‌هێنێت و چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بتوانرێت لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت ئه‌ده‌بێكی به‌هێزتر و باشتره‌، به‌م شێوازه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌توانێت سه‌رنجی منداڵان به‌ تێگه‌یشتنێكی ئه‌رێنی رابكێشێت و رایانوه‌ستێنێت، زۆر زیاتر له‌وه‌ی ته‌نها چیرۆكێكی راشكاویان ده‌رباره‌ی جه‌نگ و په‌نهانده‌ییان بۆ باسبكرێت.
*ئایا نموونه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌و ئه‌ده‌به‌تان له‌لایه‌؟
-
ده‌توانیت ئه‌ده‌بێكی زۆرت ده‌ستبكه‌وێت له‌ رووداوه‌ سه‌خته‌كان دواون له‌ رێی  كۆمه‌ڵێ چیرۆكه‌وه‌ بتوانرێت لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت، بڕوانه‌ چاپكراوه‌كانی(شۆن تان) باس له‌داگیركاری و په‌ناهه‌نده‌یی و جه‌نگ ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌و باسانه‌ دوابێت، به‌ڵكو له‌ رێی چیرۆكی ساده‌و ساكار ده‌رباره‌ی دروستكراون به‌ شێوازێكی نامۆ، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ ره‌مزێكیان تێدایه‌ كه‌ ده‌توانرێت لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
*راسته‌، زۆرێك له‌ ده‌قه‌كانی بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدراون، باشه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانن، ناتوانین گفتوگۆكه‌مان ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵ كۆتایی پێبهێنین تا پرسیاری سه‌رده‌م نه‌كه‌ین، ئایا كتێبی كاغه‌ز له‌مه‌ترسیدایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئامێری زیره‌ك و شاشه‌كان؟
-
هیوادارم وانه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ناتوانم پێشبینی بكه‌م، به‌كرداری ده‌بینین كتێبی ئه‌لیكترۆنی و ئامێره‌ زیره‌كه‌كانیش چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ بازاڕ هه‌ن، هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر كتێبی كاغه‌زی، هیوام وایه‌ كتێبی كاغه‌زی بمێنێت و بۆ هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت، كتێبی كاغه‌ز هه‌ستێكی تایبه‌تی تێدایه‌ كار له‌سه‌رجه‌م ئه‌زموونی خوێنه‌ر ده‌كات، كتێب كتێبه‌، ناتوانرێت به‌راورد بكرێت به‌ هیچ شتێكی دی، به‌تایبه‌ت كتێبی منداڵ دونیایه‌كی تایبه‌ت له‌خۆده‌گرێت به‌هۆی وێنه‌كانییه‌وه‌ ده‌یكات به‌ پێویستی، ناتوانین ئه‌مه‌ به‌راورد بكه‌ین به‌ ئامێری زیره‌ك یاخود كتێبی ئه‌لكترۆنی.
*به‌ڵێ گومانی تیانییه‌ وێنه‌ له‌ كتێبی كاغه‌زیدا رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بی منداڵاندا، له‌میانه‌ی چالاكییه‌كانمان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ ماڵپه‌ڕی (حیكایا) زۆر رووبه‌ڕوی ئالنگارییه‌كانی مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ران و وێنه‌كێشه‌كان ده‌بووینه‌وه‌، له‌ هه‌ندێ كاتدا په‌یوه‌ندی نێوانیان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كتێبه‌كه‌.
-
بێگومان، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان وێنه‌كێش و نووسه‌ر كارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ ئه‌ده‌بی منداڵاندا، به‌ڵام بڵاوكه‌ره‌وه‌ ناتوانێت هیچ شتێك بكات له‌وباره‌یه‌وه‌، زه‌حمه‌ته‌ نووسه‌رێكی پێگه‌یشتوو بدۆزینه‌وه‌ قبووڵی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بكات وێنه‌كێشێكی دیاریكراو له‌ده‌قه‌كه‌یدا ده‌یكات، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ شتێكی چاوه‌ڕوانكراو نییه‌، یاخود بتوانیت دیراسه‌ی بكه‌یت یان كاری تێدا بكرێت، زۆرێك له‌ كتێب شكستی هێناوه‌ به‌و هۆیه‌وه‌، هیچ پێویست به‌دیداری نێوان نووسه‌ر و وێنه‌كێش نییه‌، ده‌كرێت كتێب شایسته‌ بێت ئه‌گه‌ر گونجاندن و لێكتێگه‌یشتنی زیهنی له‌نێوان نووسه‌ر و وێنه‌كێشه‌كه‌یدا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌نده‌ له‌سه‌ر پیشه‌یی و بڕواو متمانه‌یان بۆخۆیان و به‌ پیشه‌یی هاوبه‌شه‌كانیان، ئه‌مه‌ پێویستی به‌ پێگه‌یشتنێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ هه‌یه‌، پێویستی به‌ده‌رهێنه‌رێكی پڕۆفیشناڵ هه‌یه‌ بتوانێت پێكه‌وه‌ رێكیانبخات و بیانگونجێنێت.
*هیچ ئامۆژگارییه‌كی دیت هه‌یه‌ بۆ چالاكانی بواره‌كه‌؟ بۆ خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌، نووسه‌ران، وێنه‌كێشان، ده‌رهێنه‌ران.
-
به‌دوای چیرۆكی باشدا بگه‌ڕێن، چیرۆكێك گۆڕینی گرێی تێدابێت یا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ یا سه‌ركه‌شی تێدابێت، كه‌مێكیش نادیاری و ئاڵۆزبێت، لێره‌ مه‌به‌ست به‌مانا پۆلیسییه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌ندازه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ ئاڵۆزی شێوازه‌ ساده‌كه‌ی تێپه‌ڕێنێت، هه‌ندێجار قورسه‌ پێناسه‌ی ئه‌مه‌ بكه‌یت، له‌وه‌ش گرانتر وتنه‌وه‌یه‌تی، وابزانم باشترین چیرۆك ئه‌و چیرۆكه‌یه‌ تا كۆتایی سه‌رنجی خوێنه‌ر رادكێشێت و تامه‌زرۆی ده‌بێت، چیرۆكێك بنووسن هه‌موو چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی وه‌ربگرن، چیرۆكێك بنووسن شایان به‌لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و شرۆڤه‌كاری كه‌سیی بێت، له‌ئه‌ده‌بی راشكاو دووربكه‌ونه‌وه‌، هیچ له‌و كتێبه‌ بێزراوتر نییه‌ وانه‌وپێدان و ئامۆژگاری راشكاو و راسته‌وخۆبێت.
*وه‌ك دوا وشه‌: هه‌وادارانی ماڵپه‌ڕی حیكایا خه‌ڵكانی پسپۆڕ و هاووڵاتیانی فه‌له‌ستینی و  جیهانی عه‌ره‌بیین، هیچ په‌یامێكی كۆتاییت بۆیان هه‌یه‌؟
-
به‌رده‌وامبن له‌ ئه‌ده‌بی منداڵ. داهات و خه‌رجی پاشه‌كه‌وت بكه‌ن بۆ چاپكردن و ده‌سته‌به‌ركردنی باشترین كتێب چه‌ند بتوانن، هه‌ركات منداڵه‌كانتان ئه‌ده‌بێكی باشتری خوێنده‌وه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشترتان به‌رهه‌مهێناوه‌، ره‌زیلی مه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانتان، ره‌نگه‌ وه‌به‌رهێنان له‌بواری ئه‌ده‌بی منداڵ باشترین وه‌به‌رهێنان بێت بۆ به‌دیهێنانی داهاتوویه‌كی باشتر.

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: مه‌حمود عه‌بدولكه‌ریم باجه‌لان