لە مەلایی و جەلالییەوە، تا هەسەدەو ئەنەکەسە!

 

 

شه‌ریف عەلی

 

باڵی مەکتەب سیاسیی لە کێبرکێ لەگەڵ بارزانیی، دۆڕان. دۆڕانیان قبوڵ نەکرد و بونە جاش.

لە بەرانبەردا، باڵی بارزانییش هێندە پێویستیان بە پشتی بەرەی شەڕەکانیان لەگەڵ عێراق بو، کە ئێران بو، لە ژێر فشاری ئێران دا؛ هەستان ئەو سەرکردە کورده خۆرهەڵاتیانەشیان دەکوشت کە دەمێک بو هاوکاری شۆڕشی ئەیلول، بون.

پاش شۆڕشی ئەیلول، قیادە موەقەتە سەرکردایەتی پارتیی دەکرد. بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، سی ئای ئەی: بڕە پارەیەکی زۆری بە مەسعود و ئیدریس دا تا یاخیبونێکی نوێ دژی عێراق بهێننەکایەوە، چونکە عێراق له سۆڤیەت نزیکبوبوەوە. ئەوەبو پارتیی یاخیبونی گوڵانیان ڕاگەیاند، کە خۆیان پێی دەڵێن: شۆڕشی گوڵان. بەڵام یاخیبونێکی چەکداری پچڕ پچڕە.

 لە مێژوی باشوری کوردستان تەنیا شۆڕشی ئەیلول؛ شۆڕشێکی جەماوەرییە. چونکە لە سەرەتای مانگی ٩ ی ١٩٦١؛ تەواوی باشوری کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین مانگرتنی گشتیان ڕاگەیاند کە داوای مافە نەتەوەییەکان و ئۆتۆنۆمییان بۆ باشوری کوردستان دەکرد. ئەوەبو، قاسم لە ١١ ی مانگ بە بۆمباران وەڵامی دانەوەو، شۆڕش کڵپەی سەند و، بو بە جوڵانەیەکی سەرتاپاگیر لە باشوری کوردستان دا.

لەگەڵ یاخیبونی گوڵانی پارتیی کە سی ئای ئەی پشتیوانی بو. یەکێتییش یاخیبونی ڕاگەیاند. کە خۆی پێی دەڵێ: شۆڕشی نوێ! بەڵام هی ئەمیش یاخیبونە؛ چونکە جوڵانەوەیەکی چەکداری زۆر پچڕ پچڕو ناوچەیی بوە، نەک سەرتاپاگیر. ئەمانیش حافز ئەسەد دروستی کردن. سەرکردەکانیان زۆر لە ژێر کاریگەری بەعسیزم و دەزگای هەواڵگری سوریادابون. حافز ئەسەد لە بلۆکی سۆڤیەت نزیک بو، بۆیە ویستی لە ڕێی یەکێتییەوە کۆتایی بە قیادە موەقەتەی سەر بە سی ئای ئەی، بهێنێت. بۆ ئەمەش یەکێتیی هەزار کەسی بەرەو سنوری خۆراوای کوردستان-دهۆک نارد. قیادە موەقەتە بە هاوکاری تورکیا، کە تورکیا لە بەرەی ئەمریکا بو لە جەنگی سارد دا، توانی یەکێتیی ڕابماڵێت. یەکێتیی ناویان ناوە: داستانی هەکاریی و ڕۆشتن بۆ هێنانی چەک. بەڵام ڕونە هەزار کەس نانێردرێ بۆ هێنانی چەک!

 بەڵکو مەسەلەکە بەریەککەوتنی دو هێزی کوردی بو، کە لە دەرەوەی کوردستانەوە ئاڕاستە دەکران. پارتیی لەلایەن ئەمریکاوە هاوکاری دەکرا. حافز ئەسەدییش یەکێتیی هەڵدەسوڕاند.

بەدرێژایی هەشتاکان و نەوەدەکان یەکترخۆری پارتیی و یەکێتیی بەردەوام بو. لەو ململانێیەش عاقیبەت پەکەکەش لایدایەوە بەلای یەکێتیی دا، چونکە پەکەکەش لەلایەن حافز ئەسەدەوە دروستکرابو. تاڵەبانیی و ئۆجەلان زۆر موعجیبی ئەسەد و بەعسیزم بون. ئەڵبەتە ڕونە هەم لە هەڵسوکەوتی خۆیان و گروپەکانیان ڕەنگی دابوەوەو، هەم تەنیا وێنەی ئەسەدیشیان هەڵدەواسیی و هتد.

 بۆ نمونە ئێستاش گەر کوردێکی باشور لەگەڵ سەد کەسێک دا پەیوەندی بکات بە ئیتلاعاتەوە؛ ئێران حیزبێکی بۆ دروست دەکات دژی پارتیی. گەر کوردێکی تریش بە سەد کەسەوە پەیوەندی بکات بە میتەوە؛ تورکیا حیزبێکی بۆ دروست دەکات دژی یەکێتیی. دروستکردنی یەکێتیی و پەکەکەش لەلایەن حافیز ئەسەدەوە هەر بەو شێوەیە بوە.

کاتێک شۆڕشی گەلانی سوریا هەڵگیرسا، تاڵەبانیی و پەکەکە بەردەوام ڕایاندەگەیاند: ڕژێمی ئەسەد ناڕوخێ و یاخیبوەکان ڕادەماڵێ. لەو بارەیەوە دەتوانن بڕواننە لێدوان و بەیاننامەکانی تاڵەبانیی و پەکەکە. بەشار ئەسەد زۆر سودی لە هاوکاری یەکێتیی و پەکەکە دی. لە ژێر سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دا؛ تاڵەبانیی بەغدای کردە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی چەک و چەکدارە شیعە عێراقیی-ئێرانیی-ئەفغانیی و پاکستانییەکان بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد. لەملاشەوە پەکەکەش هێزەکانی خستە خزمەت ئەسەد.

شۆڕشی گەلانی سوریا فشاریان بۆ ئەسەد هێناو، چەندین شار ڕزگار کرا. بەڵام ئەسەد بە هاوکاری ئێران-عێراق و ڕوس کەمێک خۆی هێشتەوەو، چەندین ناوچەشی بۆ پەکەکە چۆڵکرد و، شەڕی ناوخۆی سوریاشی بە پاسداران-حیزبوڵا-چەکدارە ئەفغانیی و پاکستانییەکان و پەکەکە دەکرد.

 کاتێک ئەسەد بەشێکی خۆراوای کوردستانی بە پەکەکە دا؛ ئەمریکا ڕۆشتە ناوەوە. چونکە ئەمریکا لە جەنگی ساردەوە ئامانجی خستنی ڕژێمی بەعسی سوریایە کە بنکە ستراتیژییەکانی ڕوسیا لە خاکەکەی دایە. پەکەکە ڕێگای بە هێزە کوردییەکانی خۆراوا نەدا کە بەشداری حوکمڕانیی بن. لێی دەگرتن. لێی دەکوشتن. لە بەرانبەردا، ئەوانیش پاڵیان دایەوە بە پارتیی و تورکیاوە. پارتییش لە بەشێکی هێزە کوردییەکانی خۆراوا، ئەنجومەنێکی دروستکرد کە ئەنەکەسە یە.

لەملاشەوە، پەکەکەو یەکێتیی بە هاوکاری ئێران-ئەسەد-عێراق هەنگاویان نا بۆ لە ناوبردنی پارتیی. بەڵام دیسانەوە گەللی کوردستان بویەوە بە قوربانیی ململانێکانیان. حکومەتی عێراق هەستا موچەو بودجەی کوردستانی بڕی. یەکێتیی و ئارام شێخ محمدی گۆڕان هەڵسان بەشداربون لە بەیاساییکردنی حەشدی شەعبیی. یەکێتیی هەستا بە ئەنجامدانی شانزەی ئۆکتۆبەر بۆ لەناوبردنی پارتیی. لەملاشەوه؛ عەلی باپیر و، تەنانەت هەڤاڵ ئەبوبەکریش لە ڕۆژی قودس لە سلێمانیی ڕایگەیاند، کە: "ئەوان سەر بە بەرەی مقاومەن و قودس ڕزگار دەکەن!". واتە: خودی هێزه کوردییەکان لەسەر زاری بەرپرسەکانیان بێشەرمانە پاشکۆبونی خۆیان ڕادەگەیاند!

ئێران بەردەوام یەکێتیی-پەکەکەی دژی هێزەکانی خۆرهەڵات بەکاردەهێنا. پەکەکە خۆیان وەک سنورپارێزی ئێران دەناساند؛ ڕێگایان لە مەفرەزە نهێنییەکانی هێزەکانی خۆرهەڵات دەگرت سەردانی خۆرهەڵاتی کوردستان بکەنەوەو، دەزگای زانیارییش لەژێر فەرمانی پیلانێکی ئامادەکراوی ئیتلاعات دا ناوی لێنان: "فاسۆلیاخۆرەکان". 

لەگەڵ ئەوانەش دا، ئێران بەردەوام بارەگاکانی هێزەکانی خۆرهەڵاتی دەکردە ئامانج و لە ڕێی گروپە کوردییەکانیشەوە لێی تیرۆر دەکردن. ستراتیژەکەی ئێران ئەوەبو، کە یەکێتیی کەمپەکانیانیی لێکردنە؛ "زیندانێکی ڕانەگەینراو!".

لەولاوە، پارتیی و ئەنەکەسە نەکەوتن، چونکە تورکیایان لە پشت بو. دیسانەوە ئەوەی قوربانی بو: تەنیا ڕۆڵەکانی کورد بون.

بە ئێستاشەوە ئەو ململانێیە بەردەوامە. ڕژێمەکەی ئەسەد کەوتوە. بەڵام هەم پەکەکە-یەکێتیی سیاسەتی خۆیان لە خۆراوای کوردستان نەگۆڕیوەو بە هاوکاری ئێران ڕێگا بە فرە حیزبیی نادەن لەوێ. هەمیش پارتیی-ئەنەکەسە ملنادەن و تورکیا بەردەوامە لە هاوکاری کردنیان.

مەزلوم کۆبانێ چەندێک خۆشەویست بێ؛ ئەگەر بە کردەوە ئایدۆلۆژیایانە مامەڵە بکاو بڕوای بە فرە حیزبیی نەبێ، ئەوا؛ مەترسیی گەورە دوچاری خۆراوای کوردستان دەبێتەوە.

ئەنەکەسەش چەندێک خۆیان بە زوڵملێکراو بزانن کە زیاد لە دە ساڵە ڕێگایان پێ نەدراوە لە خۆراوای کوردستان بەشداری دەسەڵات بن؛ ئەگەر ئێستا لە تۆڵەکردنەوەدا ببنە هاوبەشی تورکیا، دیسانەوە زەرەرمەندی گەورە هەر خەڵک و خاکی خۆراوای کوردستان دەبێ!

لەم دۆخەدا چارەسەر ئەوەیە: پەکەکە-یەکێتیی کە هێشتاش هەر لە ژێر فەرمانی ئێران دان و، پارتیی-ئەنەکەسەش کە بە لای تورکیادان؛ واز لە پاشکۆیەتیی بۆ داگیرکەرانی کوردستان بێنن و، ئێستا ئەو ساتە هەستیارەیە کە لە پێناو ئەوەی خەڵکی خۆراوای کوردستان جینۆسایدی تر نەکرێتەوە؛ بگەنە ڕێکەوتنێکی هاوبەش لەسەر خۆراوای کوردستان. ئەگەر نا؛ ئەمریکاش لە پشت کورد بێ، گەر کورد یەکگرتو نەبێ؛ هەر خۆراوای کوردستان تیکە-تیکە دەکرێ!

بیریشمان نەچێ: هەرگیز هێزە ئیسلامییە سیاسییەکانی تورک، فارس و عەرەب دانیان بە مافە [نەتەوەی]یەکانی کورد نەناوە، تەنانەت خومەینی فەتوای جیهادیشی دژی کورد دەرکردوە.

واتە: یەک دەسەڵاتداری ئیسلامی سیاسیی تورک، فارس و عەرەب نەبوە کە بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا نابێت. یاخود لە پەیڕەوپرۆگرام و ڕاگەیاندنێکی دا ئاماژەی بەوە دابێت، کە: "کورد هەقی خۆیەتی دەوڵەتێکی هەبێت لەسەر هەر چوار پارچە دابەشکراوە خواکردەکەی کوردستان". 

کەوابو؛ ئایا لە سوریا مێژو بۆ کورد دوبارە دەبێتەوە، یاخود نا؟

خۆ ئەگەر هێزە ئیسلامییە سیاسییە تازە حوکمڕانەکانی سوریا دان بە بەشێکی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە خۆراوای کوردستان دا بنێن و، لە دەستوری سوریای پاش ئەسەد دا بیچەسپێنن، ئەوا مێژو و مرۆڤایەتیی؛ هەڵوێستێکی نوێ و جوانیان بۆ دەنوسێتەوە کە پشتیوانە بە دەقەکانی قورئانی پیرۆز لە ڕێزگرتن لە نەتەوەیەکی سەدان ساڵ مافخوراو دا. 

هەرچەندە درەنگیش کەوتوە، بەڵام چارەسەر بەشداری سەرجەم هێزەکانی خۆراوای کوردستانە لە حوکمڕانی خۆراوای کوردستان و، هەبونی هێزێکی یەکگرتو کە ڕەنگدانەوەی هەموان بێت. 

بۆشی هەیە؛ چۆن پەکەکە و ئەسەد پێشتر ڕێکەوتبون لەسەر ناوچەکانی خۆراوای کوردستان، ئێستاش ئەنەکەسەو تورکیاش ڕێکەوتبن. کەوابو، ئێستا نەک هەر مەترسی شەڕ لەگەڵ تورکیاو حکومەتی ناوەند هەیە، بگرە مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی هێزەکانی خۆراوای کوردستانیش هەیە.

دەشگونجێت، ماوەیەکی تر، هێزە توندڕەوە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای سوریا بە هەمان پیلانی خومەینیی بە ناوی پاراستنی سنورەکانەوە بیانەوێت داخڵی خاکی خۆراوای کوردستان ببن و، زۆر پیلانی تر. بۆیە گرنگترینە لەم ساتەدا کورد یەکڕیز و یەکگرتو بێ.

بەهەرحاڵ، هەروەک چۆن لە چەندین بابەتی ساڵی ڕابردوەوە تێفکرینی ستراتیژیم ئەوە بوە: ئەم دەرفەتانەی کە بۆ کورد لە خۆراوا، باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان دێنە ئاراوە گەر بە ستراتیژێکی تۆکمەوە نەقۆزرێنەوە؛ دەکرێ لەلایەن داگیرکەرانەوە پێچەوانە بکرێنەوەو بکرێنە جینۆسایدی کورد.

سەرچاوە : ئاوێنە