لە بەغدا لە کۆڕیکا بووین باسی ئەو کۆبوون...

لە بەغدا لە کۆڕیکا بووین باسی ئەو کۆبوونەوەیە کرا کە حوکوومەی عێراقی بەهۆی لاچوونی پەیمانی ١٩٣٠ یەوە کردی و خەڵکێکی زۆر لە مەلاکانی بەغدا و لە ئەفەندی و پیاوماقووڵانی تر بانگ کرابوون بۆ نان خواردن و چاخواردنەوە، دۆکتۆر ئیبراهیم حیلمی وتی: کوڕینە! تەماشا کەن، ئەم مەلایانە هیچ وێڵێکیان نییە، لەو کۆبوونەوەی نانخوردەنەدا «مێز» دانراوە و چێشتی لەسەرە، دەورییەکی خاڵی زۆر دانراوە بۆ ئەوە هەر کەس بەشی خۆی تێکا و بچێ لەولاوە بیخوا، کەچی مەلاکان هەر لەسەر مێزەکە ئەخون و ناچن بەولاوە، ڕێگەکەیان گرتووە!
منیش وتم: تەماشا کەن ئیش چەند سەیرە! ئێستا ئەوا تۆ وا ئەڵێیت کەچی من تووشی مەلاکان بووم ئاگریان ئەکردەوە ئەیانوت: سەیر کەن ئەم ئەفەندییانە چەندە بێ وێڵن، ئەوا مێز دانراوە و چێشتی لەسەرە، نایەن لەسەر مێزەکە نانی خۆیان بخۆن، هەر کەس دێنێ تۆزێک ئەکاتە دەورییەکەوە و ئەچێ لەولاوە وەکوو منداڵێ بەشی درابێ بە تاقی تەنها ئەیخوا!