لە بیرەوەرییەکانی عەزیز نەسینەوە: دەوڵەت کێیە؟

بە بۆچوونی من، باشی و خراپیی دایك و باوك لە دڵسۆزییانەوە بۆ منداڵەکانیان دەست پێ دەکات. منداڵانی خێزانە دەوڵەمەند و باشەکان دوای ئەوەی گەورە دەبن و پێدەگەن، دەتوانن بەدرێژایی ژیان بڵێن: "دایك و باوکی باشمان هەبوون"، چونکە ئەوان لەلایەن دایك و باوکانیانەوە پەروەردە کراون، خراونەتە بەر خوێندن، نێردراونەتە قوتابخانەی بیانی و دواتریش بۆ خوێندن ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە کراون. ئەمە بۆ من بەمجۆرە نەبوو. پاش ئەوەی گەیشتمە قۆناغی ناوەندی و لە قوتابخانەی ناوخۆیی سەربازی و خۆڕایی دەستم بە خوێندن کرد و پێش ئەوەیش کاتێك لە قوتابخانەی ناوخۆیی دارولشەفەقەی خۆڕایی دەمخوێند، ئەوەی منی بەخێو و پۆشتە دەکرد، هەموو پێداویستییەکانمی دابین دەکرد، منی دەخستە بەر خوێندن و بەهەر پێوەرێك بێت منی کردووە بە مرۆڤ، دایك و باوکم نەبوون. ئەدی کێ بوو؟ وەك ئەوەی ئەو سەردەمە فێر دەکراین؛ دەوڵەت بوو. بەتایبەتی لە قوتابخانەی دارولشەفەقە کە لە دامەزراندن و دواتریش بەڕێوەبردندا پشتی بە خێرخوازان بەستبوو، وامدەزانی دەوڵەت نان و ئاومان دەدات و پێمان دەخوێنێت. ئێمە و خەڵکیش وا فێر دەکراین، چونکە هەبوو و نەبوو، خوا و دەوڵەت هەبوون. هەر بۆیە دەگوترا "ئاین و دەوڵەت." بەپێی بۆچوونی ئەو سەردەمەم، دەوڵەت منی دەپاراست و بەخێو دەکرد و پێمی دەخوێند و هەموو شتێك و گشت کەسم بوو. هەروەك چۆن دەوڵەت نیشانەی خوایە لە دنیادا، هەموو کەسێکی لە خۆم سەرووتریش لای من نیشانەی دەوڵەت بوو. سەرجەم ئەفسەری ڕیزەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانە بەلای منەوە دەوڵەت بوون. منیش پێم وابوو دەخوێنم و پێدەگەم و دەبم بە یەکێك لە پیاوانی ئەو دەوڵەتە.
پاش ئەوەی گەیشتمە قۆناغی ناوەندی، ئەو بۆچوونەم گۆڕا. کەوتمە بیرکردنەوە و لە خۆمم دەپرسی دەوڵەت کێیە، چییە و بەکەڵکی چی دێت؟ بێ ئەوەی کەس پێم بڵێت، خۆم هەستم دەکرد کردنی ئەو پرسیارانە ڕاست نییە و ئەو بۆچوونانەی خۆمم لەکن کەس نەدەدرکاند. دواتر تێگەیشتم دەوڵەت هەموو کەسێکە و کەسیش نییە؛ هەمان کات هەموو شت دەوڵەت و دەوڵەتیش هیچ شتێك نییە. بۆم ڕوون بووەوە هەرکەسێك بتوانێت هاوارم بەسەردا بکات و خاوەنی دەسەڵاتی هاوارکردن بێت و بتوانێت بمشکێنێتەوە، دەوڵەتە. بەلای منەوە خزمەتکاران و فەرمانبەرانی بچووکی قوتابخانە دەوڵەت نەبوون، چونکە نەیاندەتوانی سووکایەتیم پێ بکەن. بیرم دەکردەوە منیش پاش تەواوکردنی قوتابخانە و بوونم بە ئەفسەر، دەبم بە دەوڵەت. کەواتە هەموو کەسانی سەرووی خۆم دەوڵەت بوون، هاوتاکانم هاووڵاتی بوون و ئەوانەی خوار خۆمەوە کۆیلە بوون. ئەوانەی سەرووی خۆم هەرچییان بویستیایە، دەیانتوانی پێم بکەن و منیش چیم بخواستایە، دەمتوانی بە ئەوانەی خوار خۆمەوەی بکەم. بەڵام ئەمەیشیان فێرمان دەکرد:
- "ئەوانەی سەروو هیچ کاتێك شتی خراپ بەرامبەر بە ئەوانەی خوار خۆیانەوە ناکەن و نابێت بیکەن. ئەگەر شتێکیش بکەن، بۆ باشیی ئێوەیە. ئەگەر کردەوەیەکی ئەوان بەلای ئێوەوە خراپ بێت، واتای وایە ئێوە لە باشە تێنەگەیشتوون. بۆ نموونە، تێتان هەڵدەدەن و جنێوتان پێ دەدەن. بەڵام ئەوە بۆ باشی و پەروەردەی ئێوەیە. رۆژێك دێت ئێوەیش لە ئەوانەی خوار خۆتانەوە دەدەن و جنێویان پێ دەدەن بۆ باشە و پەروەردە و دیسپلینی خۆیان."
کاتێك ناوی دەوڵەت دەهێندرا، خەڵکی ئێمە بە حکوومەت تێدەگەیشت. هەر بەرپرسیارێکی دەوڵەت لە سەرۆك کۆمارەوە تا پاسەوانی گەڕەك بەلای خەڵکەوە واتای دەوڵەتی دەگەیاند. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێك لە نۆرەگرتن و پاڵپێوەناندا دووگمەی پاسەوانێکی دەوڵەتی بپچڕاندایە، حیسابی ئەوەی بۆ دەکرا دووگمەی دەوڵەتی پچڕاندووە و تاوانی سووکایەتیکردن بە دەوڵەت دەدرایە پاڵی. ئەو ڕووداوە باوەڕ پێ نەکراوانە زۆرترین هەواڵی بیندراوی سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی چل پەنجا ساڵ لەمەوبەر بوون. کەسانێك بخوازن ژمارە کۆنەکانی ڕۆژنامەیەك هەڵبدەنەوە، دەبینن پاسەوانێك، پۆلیسێك، یان فەرمانبەرێکی بچووك لەبەرئەوەی دەزووی دووگمەیەکی شل بووەتەوە و دواجار دووگمەکەی کەوتووە، بە سووکایەتیکردن بە دەوڵەت تۆمەتبار کراوە، دراوە بە دادگا و سزا دراوە.
هەر ژەنەراڵ و وەزیر و تەنانەت ئەندام پەرلەمانێکیش کە بۆ پشکنین دەهاتە قوتابخانەی ئێمە، واماندەزانی دەوڵەت خۆیەتی و چۆن لە خوا دەترساین و ڕێزمان لێ دەگرت، بەهەمان شێوە لە دەوڵەتیش دەترساین و ڕێزێکی ئاوێتەی ترسمان دەنواند و هەموومان ئامانجمان ئەوە بوو ببین بە یەکێك لەو کەسانەی ڕێزیان لێ دەگرین و لێیان دەترسین، واتە دەمانویست ببین بە دەوڵەت.
لە قۆناغی ئامادەییدا لە مامۆستاکانمانەوە هیچ ئامۆژگاری هۆشیارکردنەوەیەکی ئاشکرامان بۆ نەدەهات. پێم وابێت ئەوانیش دەوڵەتیان بە سێبەری بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی (واتە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوپەڕی ناوەندی) لەسەر زەوی دادەنا. لەوانەیشە جەمیل سەنا و خاتەمی سەنیحی مامۆستای فەلسەفە و هەندێك لە وانەکانی تر بەو شێوەیە بیریان نەکردبێتەوە.
مامۆستایانم بەئاشکرا هیچیان لە بارەی دەوڵەتەوە نەدەگوت، بەڵام من لە سۆنگەی قسەکانی ئەوانەوە کەوتمە بیرکردنەوە لە ناسنامەی دەوڵەت. کتێبەکانی دەورەوەی قوتابخانە لەو ڕووەوە کاریگەریی زۆریان بەسەرمەوە هەبوو. دەبێت ئەوەیش بڵێم کە کتێبەکانی قوتابخانەمان کتێبی زانستی بوون و وەك ئەوانەی ئەمڕۆ پەیوەستی باوەڕی کوێرانە نەبوون. باوەڕم وایە ئەگەر زانیارییەکانی ناو کتێبەکانی سەردەمی قۆناغی ئامادەییی من بخرێنە بەرنامەی خوێندن و پەروەردەی ئەم سەردەمەوە، قەدەغە دەکرێن.
پاش ئەوەی لە ئامادەیی و پۆلەکانی دواتر زانیاریی زیاترم بەدەست هێنا، حاڵی بووم ئەو شتەی دەوڵەتی پێ دەڵێن، چەمکێکی نابەرجەستەی وەك ڕوح و ویژدان و ئابڕووە. خۆی بوونی نییە. لەبری خۆی، نیشانەکانی هەن.
.....
لە دوایین پۆلی قۆناغی ئامادەییدا تێگەیشتم ئەوەی خواردن و خواردنەوەمان دەرخوارد دەدات و بەخێومان دەکات و پێمان دەخوێنێت، دەوڵەت نییە، خەڵکە. ئەو خەڵکە هەر بەئەوەندەوە نەدەوەستا ئێمە بەخێو بکات و پێمان بگەیەنێت و بمانکات بە مرۆڤ، بەڵکو دەوڵەتیشی بەخێو دەکرد. دەوڵەت کە من لە ڕووی هەستێکی پاشماوەی سەردەمی سوڵتانەکانەوە بە سێبەر و نیشانەی خوام دەزانی لەسەر زەوی، خەڵك پارەی پیاوەکانی دەدا. واتە دەوڵەت بە پارەی خەڵك خواردنی خۆش دەخوات، خۆی باش بەخێو دەکات و منداڵەکانیشی بۆ گرانبەهاترین قوتابخانە دەنێرێت. کەواتە خەڵك بناغەیە، نەك دەوڵەت.
ئەو سەردەمە درێژخایەنە کە تیایدا بۆچوونەکانم لەمەڕ دەوڵەت گۆڕانیان بەسەرهات، بۆ من بوو بە سەردەمی ئەوپەڕی خۆشویستنی خەڵك و تێگەیشتن لەوەی کە من قەرداری ئەوانم. ئەوانەی ئێمە و منداڵانی هەژاریان بەخێو و پەروەردە دەکرد و دەیانپاراستن و دەیانخستنە بەر خوێندن، دەوڵەت نا، خەڵك بوو. شتی پیرۆزیش خەڵك بوو، نەك دەوڵەت. منی نەدەناسی و ئاگای لێم نەبوو، بەڵام وەك چۆن کەسێکی میهرەبان پارە دەداتە چەتە و ڕێبوارێکی نەناسراو لە دەستیان ڕزگار دەکات، خەڵکیش بۆ بەخێوکردنی من پارەی دەدا بە دەوڵەت و هاوکاری دەکرد. جا چ هاوکارییەك! لە هەبوون نا، لە نەبوونی خۆی دەیدا. ئەو پێڵاو و جلوبەرگەی بە منی دەدا، خۆی و هاوسەر و منداڵەکانی نەیانبوو لە پێ و لەبەری بکەن. خوێندنی بۆ من دابین دەکرد، بەڵام نە خۆی توانیبووی بخوێنێت و نە دەشیتوانی منداڵەکانی خۆی بخاتە بەر خوێندن. گەیشتمە باوەڕێك من قەرداری خەڵکێکی لەو جۆرەم و هەرچی بکەم و چەندیش بدەم، ناتوانم ئەو قەردە بدەمەوە.
ئەم هەستی قەردارییە کە لە قۆناغی ئامادەییدا لای من ڕسکا، بەدرێژایی ژیانم درێژەی کێشا و زیادی کرد و بوو بە یەکێك لە تەوەرە سەرەکییەکانی ژیانم. لە هەموو کردار و کار و چالاکی و بزاوتێکمیشدا دەبیندرێت.
خۆشەویستییەکی لەو جۆرەی خەڵك هیچ لە خۆشەویستیی دایك و باوك ناچێت. دایکان و باوکانی خۆمانمان لەپای ئەوە خۆش ناوێت کە چاکەمان لەگەڵ دەکەن، بەڵکو ئەگەر چاکەمانیش لەگەڵ نەکەن، تەنیا لەبەرئەوەی دایك و باوکمانن، خۆشمان دەوێن. ئەمە خۆشەویستییەکی ئاژەڵانەیە، واتە زیاتر خۆشویستنێکی غەریزەیییە. لەبەرئەوە خۆشەویستیی دایك و باوك خۆشەویستییەکی زۆر سرووشتییە.
محەمەد ئەمین یورداکول کە وەك "شاعیری نیشتمان" ناسراوە و لە دوای مردنی، زۆر وەك شاعیر ناوی ناهێندرێت –لە ڕاستیدا هێشتا گفتوگۆ لەبارەی شاعیری و ناشاعیرییەوە دەکرێت-، شیعرێکی هەیە بەسەردێڕی "دەستەکانت بڕدرانەوە؟" قوتابیانی قوتابخانەکان ساڵانێکی درێژ ئەو شیعرەیان نمایش کردووە. ئەو شیعرە باس لە گەنجێکی بەدڕەوەشت و وەك سەگ گەورەبووی بێکار و سەرسەری دەکات کە بەزۆر پارە لە دایکی هەژار و بێوەژنی دەسەنێت و عارەق دەخواتەوە و قومار دەکات. رۆژێك سەرلەنوێ دێتەوە بۆ ماڵ و داوای پارە لە دایکی دەکات. دایکی هەژار بەڕاستی پارەی نییە و ناتوانێت هیچی بداتێ. گەنجی سەرسەری پەلاماری چەقۆ دەدات و دایکی دەداتە بەر چەقۆ. بەهۆی گرتنی چەقۆکەوە پەنجەکانی خۆی کەمێك بریندار دەبن. دایك بەدەم گیانکێشانەوە خوێنی سەر پەنجەکانی کوڕەکەی دەبینێت و دەپرسێت:
- "کوڕم، پەنجەی خۆت بڕی؟"
بەڵێ، خۆشەویستیی دایك و باوك خۆشەویستییەکی لەو جۆرەیە.
خۆشەویستیی من بۆ خەڵك لە تێگەیشتنمەوە بۆ قەردی کۆمەڵایەتیم سەرچاوە دەگرێت. خۆشەویستیم بۆ خەڵك بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی بەسەرهات. گەیشتمە باوەڕێك لە سەدا شەستی خەڵکی ئێمە بە دەبەنگ و خۆپەرست ناوببەم. بینیم و بۆم دەرکەوت ئەو ڕێژەیە لە سەدا شەستیش زیاترە. دواتر لە شوێنی خۆیدا دێمە سەر باسی چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو گۆڕانە لە مندا. با هەر لە ئێستاوە بڵێم هەستی قەرداریم بەرامبەر بە خەڵك هیچ کاتێك کەمی نەکردووە و هەمیشە ڕوو لە زیادبوون بووە. بگرە بە نەدانەوەی قەردەکانم زیاتریش بووە. خۆشەویستیم بۆ خەڵك بە بینینی ڕاستییەکان تەنیا شێوە و واتای گۆڕاوە. قەرد هەموو کاتێك هەر قەردە. تا توانای دانەوەی هەبێت، پێویستە کار بۆ دانەوەی بکرێت. بەدرێژایی ژیانم، هەرە زیاد قەرداری مامۆستاکانی خۆمم و هەرە زیادیش ئەوانم خۆش دەوێت. بە تێپەڕبوونی کات و بە نزیکبوونەوەی تەمەنم لە تەمەنی ئەوان، خۆشەویستی و ڕێزم بۆ مامۆستاکانم زیاتر بووە.

و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی

 

 

سەرچاوە: galawej