پەری عومەرئەسعەد
ئەو ساڵەی "فروغی فروغزاد" ماڵئاوایی لەژیانكرد ئەستێرەكان بە دیار كوژانەوەی خۆیان دەخولانەوە شەو داڵغەی لەپرچی درێژی خۆی دابوو، جیهان مات و بێدەنگ، لەوساڵەدا "كەژاڵ ئەحمەد" شاژنەكەی عەرشی شیعر .. هاتە دنیا كەژاڵێك بۆ عەشق نەبێت وشەكانی نایەنەگۆ، ئەو لەزمانی باڵندەكان شارەزایە و دۆستی درەختە..! باران لەچاوەكانی دەچیت ..تەنیایی سەبووری بە خشپەی پێی ئەو دێت، تاوێك دەسووتێت و داستانێك لە قرچانی ژن دەنووسێتەوە، تاوێكیش لیریك دەستەمۆ دەكات، پەنجەكانی لەپەنجەی "سافۆ" گرێ دەدات و ژیان پڕدەكات لە ئاهەنگ، گوڵ و پەپوولە و دەریا دەگوازێتەوە سەر كەواكەی، نێرگز دەدات لە پەنا گوێی كچە حەرفەكانی و تیشك دەكاتە بەرگی ژیان...
- نۆستالۆژیا :
لەبارەی نوستالۆژیا زۆرشت گوتراوە، بەكورتی هەستێكی بێ ئاگایانەیە و لای هەموو مرۆڤێك وجوودی هەیە، لە (ئەدەب و شیعر)دا بەشێوەیەكی نوێ لەكۆتایی سەدەی نۆزدە خزاوەتە نێو رەخنەی ئەدەبی، بەشێوەیەكی تایبەت رەخنەی دەروونی، كە زۆر ورد كاری لەسەر كرد. نۆستالۆژیا خەیاڵ و تێڕامانێكە لە ژیانی رابردووی پڕ سەروەری سەرچاوە دەگرێت، هەڵبەتە ئەم رابردووە لە ئێستای تاكەكە نەماوە و دروستبوونەوەشی بۆتە شتێكی مەحاڵ، بەم پێیەش بێت دەكرێت بڵێن زۆربەی دەقەكان نۆستالۆژیایان تێدایە.. كەواتە ئەم گەڕانەوە و رابردووە بۆ "ئەدەب" شتێكی پێویست و لەجێیە. لەنێو ئێمە كوردیش زۆربەی شاعیرەكانمان كەسانی نۆستالیژین ئەدەبەكەشمان لەو بارەیەوە دەوڵەمەندە! لێرەدا ئەم دەقەی خاتوو كەژاڵ ئەحمەدمان لە ژێر رۆشنایی و بەرامەی نوستالوژیا هەڵبژارد كە بریتییە لە دەقی ( لەبۆت دەمرم هەولێرە ماست) كە هاوكات شەن و كەوی چەند شێوازێكی بەلاغیشی تێدا دەكەین..
شاعیر كەژاڵ ئەحمەد لەدەستپێكی دەقە نوستالوژیەكەی بە گوزارشتێكی روون و ئاشكرا دەست پێدەكات و دەڵێت:
غەریبیت دەكەم گوڵەباخ
دەڵێی سەرابی؛
دەست ڕادەكێشم و ناتگرم!
هەنگاو دەنێم و ناتگەمێ.
گوزارشتی "غەریبیت دەكەم" تەواوی شیعرەكەی لەسەر بنیاد ناوە و چوار (4) جاریش دوپاتیكردۆتەوە، دیاردەی دووبارە كردنەوەی حەرف یان وشە یاخود رستە و گوزارشتێكی تایبەت لە شیعردا شتێكی تازە نیە لەكۆنەوە تاوەكو ئێستا هەر بەكارهاتووە، لەئەدەبی عەرەبی لەسەردەمی جاهیلی و پێش هاتنی ئیسلام شاعیر "مهلهل" بەكاری هێناوە و هەوڵیداوە وێنە و موسیقای شیعرەكەی پێ هاوسەنگ بكات یاخود بۆ پێداگری و دڵنیاكردنەوە، هەروەها شاعیر موتەنەبی وەك جوانكاری و رازاندنەوە بەكاری هێناوە، هەروەها شاعیر نازك ئەلملائیكە گوتویەتی( دووپاتكردنەوە لە دەقدا پێداگرییە لەسەر شتێك كە شاعیر مەبەستیەتی؛ هتدد) بەڵام شاعیرەكەی ئێمە خاتوو كەژاڵ بەدووبارەكردنەوەی "غەریبیت دەكەم" دەیەوێت حاڵی دەروونی خۆییمان بۆ بەیان بكات، لەدووری ئەو شارە كە (هەولێرە) هەرچەندە ئەو لە بنەرەتیشدا خەڵكی ئەو شارە نیە بەڵام نەمەتی مرۆڤە هەستیارەكان وایە بەهەر شوێنێك تێپەڕن مشتێك لەبوونیان لەو شوێنە جێدەمێنێ و لەدڵیشیاندا گۆشەیەك شەقامێك كۆڵانێك دروست دەبێت بەناوی ئەم شوێنە! بۆیە ناتوانن خۆیان لێ بتەكێنن، بۆیە ئەم دوپاتكردنەوەیەی هەرجارەی بەشێوەیەك دەنگەشیعرییەكەی پێ هۆنیوەتەوەو لەهەر یەكێكیشیان ناواخنی رستەكە بریتیە لەو حاڵەتە دەروونییەی شاعیری هەڵپێچاوەتەوە بەرەو رابردوو، رابردووێكی غەریب غەریبی كردنێك كە تەواو نۆستالۆژییە و دەروونی شاعیری تەسلیم بەو بێ ئاگاییە كردووە كە لەپێشەكی باسمان لێیەوەكرد. بەشێك لە پزیشكان نوستالۆژیا بەنەخۆشییەكی دەروونی وەسف دەكەن؛ چونكە حاڵەتەكە بەرلەوەی ئەدەبی بێت دەروونییە و وادەكات مرۆڤ وابەستە بێت بە شتێك یان شوێنێك ! لەم دەقەش دەبینین غوربەت و غەمی دابڕان شاعیر دەگەڕێنتەوە نێو باوەشی سەردەمانێك كە لەو پەڕی سادەییەوە لەژیانی رووانیە و چێژی لە هەموو زاوییەكانی بەختەوەری وەرگرتووە، كەچی ئێستای ئەو بریتییە لەو مەودایەی كە بە( سەراب ) ی چواندووە هەرچەند دەكات دەستی پێناگاتەوە..! ئەم شێوە نۆستالۆژیەی شاعیر تێیدایە پێی دەڵێن: نۆستالۆژیای تاكە كەسی...
دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
غەریبیت دەكەم، سەعات نۆ
بلیتێكی پاسی شەستیم بۆ وەرگرە
یادت بەخێر پاسی شەستی؛
چەند بەتام بوو خولانەوەی درێژخایانی ڕێگا
كە هەر دەتوت
سەفەرە بەرەو هەسارەی كاكێشان
شاعیر هێند لەغەریبی رۆچووە وەك فیلمێكی كۆن هەموو جووڵەو جوانییەكانی هاتۆتەوە بەر چاو و دیدەی هەر بۆیە بەچەند رستەیەكی دەنگی كۆمەڵێك وێنەی شیعری جوانی بەرجەستە كردووە، هەڵبەتە نهێنی و كۆدێك هەیە لەسەعات نۆ (9) ئیجا یا ئەوەیە كەسێكی دیاری كراوی رۆژانە لەو كاتە دا دیووە یا لەسەعات نۆ سوتفەی شتێكی كردووە كە هەر بیریشی لێ نەكردۆتەوە! ئێمە گەر بمانەوێت جوانتر و باشتر تێكەڵی تێكستەكەبین دەبێت لایەنی كەم بچینەوە ئەو زەمەنەی شاعیر تێیدا ئەو شیعرەی نووسیووە، نزیكەی 28ساڵ بەر لەئەمڕۆیە و زۆربەی شوێنەكان یان نەماون یان نوێكراونەتەوە هەولێری ئەوسا دوای ڕاپەڕین بوو زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ئێستا كە بۆتە سەنتەرێكی بازرگانی جیهانی و گۆڕانكاری زۆری تێداكراوە، لێرشدا سەركەوتوویی ئەم دەقە زیندووەش ئەوەیە كە وەك ئەلبوومێك وایە پڕیەتی لە وێنە ! وێنەی كۆنی هەڵگیراو و ئەرشیفكراو لە زیهنی شاعیرێك كەدواجار دەیگوازێتەوە نێو یادگاكانی خوێنەر، دیارە ئەوسا پاسی 60 مەتری زۆر باو بووە و خەڵك هاتوو چۆی دەوام و ئیش وكاری خۆی پێكردووە، وەك ئێستا ئوتومبێڵ زۆر بۆر نەبووە كە چێژی ژیانی نەهێشتووە، شاعیریشمان لەم رۆتینی هاتوو چۆكردن بە پاسی شەست مەتری بێ بەش نەبووە، ئینجا زۆرجار ئەوانەی درنگتر دەگەیشتنە لای پاسەكە بەوەی پێش خۆیان دەگوت: بەخێری خۆت پلیتێكمان بۆ ببڕە ئەو روحیەتە كۆمەڵایەتیە جوان و پڕ لە ژیانە سەردەمێكە و تەواو بووە لای، بۆیە شاعیر لە هەستی دووری خۆی بۆ ئەو رۆژانە كانیاوی سۆزی تەقیوەتەوە، خۆی و یاداشتەكانی دانیشتوون كە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: یادت بەخێر پاسی شەستی لێرە دا نۆستالۆژیا دەبێتە" گشتی" و باسیی لەكۆمەڵێك شتە بەدەر لەخۆدێتی و كەسێتییەك، كە بەشێوەی گشتی باس لە تام و لەززەتی ئەوسای ژیان دەكات، تەنانەت كە لەنێو پاسدا دەمایتەوە نزیكەی نیوەی هەولێرت تەی دەكرد؛ چونكە دەچۆوە زۆربەی گەڕەكەكانی شار و خەڵك سەردەكەوتن و دادەبەزین، ئەم خولانەوەی پاسەكەی شوبهاندووە بە (ئەستێرەی كاكێشان) یاخود گەلە ئەستێرەی رێگای كاكێشان بەئینگلیزییەكەی گەلاكسی: (galaxy) یە و چەند كۆمەڵە ئەستێرەیەكن كە بەدەوری كونێكی ڕەش لە گەردوون ئەخولێنەوە. بۆیە دەڵێت دەتگوت سەفەرە بەرەو هەسارەی كاكێشان، ئەمەش نیشانەیەكی جوانی جیهانبینی فراوانی بیری شاعیر دەخاتە روو، ئینجا دەڵێت:
چەند خۆش بوون تامی نیسكافێ و
تەعلیقی پیاوە كەنەفت و خەڵەفاوەكانی قەڵا
یادت بەخێر...
دیارە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت: رۆژگارێك تێپەڕیووە ئێمە لە بچووكترین شت لەززەتی گەورەمان تێیدا وەرگرتووە و وەك یادەوری شیرینە تەنانەت خواردنەوەی نسكافێیەك كە ئێستا لە بڕی ئەو نسكافێیە خەڵكی كاپوچینۆی ئیتاڵی دەخۆنەوە و بەختەوەریش نین! ئەگەرچی شاعیر خەڵكی هەولێر نیە بەڵام وەك هەولێرییەك بەدڵێكی خۆیانە و سپی دەڕوانێتە ئەو توانجانەی دەگیردرێنە رێبوارانی دامێن قەڵا لەلایەن بەشێك لەو پیاوانەی دەستگێڕن یاخود بێكاری و زەحمەتی رۆژگار سەری پێهەڵگرتوون و پشتیان داوەتە" قەڵا " بەتوانج و قسەی خۆش و ناخۆش ئاوڕێك ، نیگایێك، بزەیێك، شەڕێك...لە پیادەڕۆییان دەكڕن!
دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت :
یادت بەخێر...
سێبەری پرچی درەختە عەیارەكانی گڵكەند و
هەتاوی وێستگە پیسەكەی بەرامبەر پەرلەمان
شاعیر لەبەردەم مۆمی داگیرساوی خەیاڵدانی بەسەدان كیلومەتری بڕیوە و گەڕاوەتەوە ئەو رۆژانەی تێپەڕیوون، بەزمانێكی سادە و مانایەكی قووڵ لەگەڵ وێنەی زۆر دەمانباتەوە نێو درەختە عازەبەكانی گڵكەند و ئاشنای ئەو بن دارانەمان دەكات كە ماك و بەرامەی دەیان كۆنە دڵدار و دڵخوازی لێ بەجێماوە، بۆ جیلی نوێ رەنگە تۆزێ ئاستەمبێ چونكە شاعیر باسی 28 ساڵ بەر لە ئەمرۆی هەولێر دەكات، كە كۆمەڵێك گۆرانكاری ستراتیژی تێیدا ڕوویداوە، زۆر بە كاڵی بەر ئەو شوێنانە دەكەوین كە شاعیر باسی لێیەوە دەكات، باسی گڵكەند و هەتاوی وێستگە "پیسەكە" كە دەكرا لێرە لەبڕی وشەی "پیس" وشەی "چڵكن" بەكار بێنێ! لەرووی مانا و وێنەوە جوانتر دەبوو، چونكە پیس زۆر شت دەگرێتەوە..! بەتایبەت بۆ تێگەیشتنی ئەم جیلەی ئێستا ، ئەم وێستگەیەش وێستگەی چاوەڕوانی پاس بووە كە رێبوارانی هاوینی لەبەردەم هەتاوێكی گەرم و زستانیشی لەبەر دەم باران و هەوای سارد بەڵام بەدڵێكی گەرمی عاشقانە وەستاون، ئەو وێستگەیە ئێستا پاركێكی ناوازەی شارە و تەماشای پەرلەمان دەكات ...!
ئەمجارەیان شاعیر بەدڵێكی نوستالیژی و هەستێكی بێ ئاگایانەتر مەستی بیرەوەرییەو دەڵێت:
لۆت دەمرم گوڵەباخ!
دڵم هەروەكو زەمبیلەی بن هەنگڵی
ژنەكانی شێخەڵڵا كونكونە و،
ئازارم وەك عەرەبانەی
كەرەستەی دۆڵمە دەگەڕێ
بەكارهێنانی وشەی" لۆ" كە تایبەتمەندییەكی شێوەزاری هەولێرییانە و پێی دەناسرێنەوە ئەوپەڕی خۆبەدەستەوە دانی هەست و نەستی دەنگە شیعرییەكەیە، بەتایبەتتر ئەودەنگە دەنگێكە لەبنەڕەتتدا بە وشەی "لۆ" گۆش نەبووە و ئەم هەستی غوربەتییە لێیەوە ئەوە دەردەخات ئەم شارە چ ئیلهام بەخشێكە بۆ غەریبان و میوانان و رێبوارانی، هەركە پێیدا تێدەپەڕن دووردەكەونەوە لێی لەناوەوەی خۆیاندا ویژدان تووشی چ هەڵا و زەنایەكیان دەكات، لەتاو دووری و دابڕانی.. سەیری ئەو وێنە جوانەی رەگەزی شیعرەكە بكەن شاعیر چۆن دڵی بەو زەمبیلانە چوواندووە كە ئەوسا ژنان لەگەڵ خۆیان دەیانبردە بازارەكان بەدیاریكراویش (شێخەڵای هەولێرێ) كە بازاڕێكی بەناو بانگە و ئێستایش لەگەڵ بەژن و باڵای ئەپارتمانەكان نەیانتوانیووە ونی بكەن ، هەر ماوە . ئەوەی تێیدا گۆڕاوە ئەوەیە ژنان ئەمڕۆ زیاتر بێ زەمبیلەن ! هەڵبەتە كە دەشڵێت ئازارم وەك عەرەبانەی كەرەستەی دۆڵمە، سرووشتی ئامادەكردنی خواردنی دۆڵمە وایە زۆر شتی جیاوازی تێدا بەكار دێت، سڵق و باینجان و كودی و پیاز و گەڵای مێو و بیبەر و هتد..كە ئەمەش نیشانەیەكی دیكەی هەولێرییەكانە و هەولێر و دۆڵمە دوو رووی دراوێكن و لێك جیاناكرێنەوە! لێكچواندن و هێنانەوەكەی وەك خواستنەوە دەیەوێت پێمان بڵێ دڵم هەر بەتەنیا خەمی دووری نیە لەم شارە بەڵكوو كومەڵێك خەمی جیاوازی تێدایە كەهەر یەكەو چۆن كەرەستەی دۆڵمە یەكەو تامێكن، هی ئەویش هەر خەمە و ئازارێكە و دڵی كون كونكردووە!
كەژاڵ ئەحمەدی شاعیر بەردەوامە و ئەمجارەیان بە لاواندنەوە و پۆزش هێنانەوە ئازاری دووری لەهەولێر سەربەسنگی قەڵاوەدەنێ و دەڵێت:
من لەعەشقی تەنزەوە بوو
پێم دەوتی (هەولێرە ماست)
كەچی تۆ وەك بۆینباخەكەی هادی چاوشلی
بەردەوام هەر بەویقار بووی،
بۆیە سەری پەشیمانیم
وەختە دوو شاخی لێ بڕوێ.
دیارە شاعیر رۆژگارێك بەتوانج و تەنزەوە شاری هەولێری بە "هەولێرە ماست" بانگكردەوە ئێستاش بەناونیشانێكی شیعری و تەڕێتی چاوی وشەكانی دەڵێت: ( لەبۆت دەمرم هەولێرە ماست) ئەم پەشیمان بوونەوەیەی شاعیر بەڵگەی جوانی و دڵپاكییە نەك شتی دیكە، هەرچەندە ماستی هەولێر ناو بانگی هەیە، ئەی ناڵێن: ماستی هەولێر (لبن اربیل) كاتی خۆیشی لەوەزارەتی دیفاعی ئیراقی بەناوبانگتر بووە ، ئەوەنیە پیاوێكی هەولێری لەسەردەمی حوكمڕانی پاشایەتی لە ئێراق كوڕەكەی دەبێتە سەرباز لەوەزارەتی بەرگری(دیفاع) دادەمەزرێت، لەبەرانبەر باڵەخانەی وەزارەتەكە دوكاندارێكی هەولێری لەوێ "ماست"دەفرۆشێت، كەڕۆژانە بەمەنجەڵی گەورە لەهەولێرەوە بۆی دەهات، تابڵۆیەكی گەورەشی هەڵواسی بوو لەسەری نووسرابوو (لبن اربیل) واته ماستی هەولێر.. باوكی كوڕە سەربازەكە خۆی خوێنەواری نابێت بەیەكێك نامەیەك بۆ كوڕەكەی دەنووسێ، لەسەر زەرفی نامەكەش بۆ ناونیشانی پێی دەڵێت: "بغداد وزارە الدفاع مقابل لبن اربیل" بەدەستی فڵان بگات، ئەو كە دەڵێت وەزارەتی بەرگری بەرانبەر ماستی هەولێر ، ناونیشانی ماستەكەی پێ بەناوبانگتر بوو لە وەارەتی بەرگری لەكاتێكدا كەس نەبووە نەزانێت ئەم وەزارەتە لە كوێیە! هەڵبەتە كاتێك بیری دەكەوێتەوە بەتەنز گوتوویەتی هەولێرە ماست یەكسەر لێرەیە پۆزشەكە دێنێتەوە و دەڵێت: من بۆخۆشی خۆشەویستی وام پێگوتووی ئەی "هەولێر" دەنا ئەتۆ هەر بە ویقار بووی وەك" بۆینباخەكەی" (هادی چاوشلی) كە یەكێك بووە لە كەسایەتییە گەورە و رۆشنفكرەكانی هەولێر و خاوەن پەیوەندییەكی فراوان بووە لەسەرانسەری ئێراق، هەر بەو بۆنەیەوەش لەوساڵەی ئەو دەقەی تێدا نووسراوە هادی چاوشلی كۆچی دوایی كردووه.
خانمی شاعیر بەردەوامە لەو هەستە نوستالۆژییەی بۆتە هەوێنی ئەم دەقە و لەبەرە خۆیەوە بە ناڵەیەكی بریندارەوە دەڵێت:
تازە ئیدی ...
گوڵەكانی سلێمانی و تاران و ئەنقەرە بەمن چی
كە هیچیان بۆنی پەناگوێی
گوڵەكەی خۆمیان لێ نایە...
یار و دیارم چەند دوورن
وەرزی دڵم چەند تەنیایە.
بەكارهێنانی رەمزی "گوڵ" و باسكردنی ئەو شارانە لەگەڵ یەكتر هەڵبەتە بەرامەی عەشقێكی نەمری پێوەیە كە سەبری بە هیچ یەكێك لەگوڵەكانی ئەوشارانە نایەت و هیچیان فریایی وەرزی تەنیای روحی ئەو ناكەون ، هەوای غوربەت ئێخستویەتی و بەدوای بۆن و بەرامەی" یار "سەرگەردانە، لێرە رەگەزی شیعر و نەفەسی ژنایەتی نێو شیعرەكەی زیاتر تۆخ دەبیتەوە و وێنای عەشقێك دەكات كە هەر ئەو دەتوانێت عەرشی دڵە چۆڵەكەی بهەژێنێتەوە ، ئەو بەراوردكارییە هەستییەی بۆ گوڵەكەی كردووە هەڵگری ئەو پەیام و سۆزەیە كە جێگەی كەس بەكەس پڕنابێتەوە، بەتایبەت لەو جیهانەی تا دێت بەرەو مۆدێرنە و تاكگەرایی دەڕوات و تامی عەشقیشی كردۆتە خەفەت و دووری و سووتان..
دواتر وەك و یاریكردنێكی شیعری و شەپۆڵەكانی ئاوازی ناخی دیالۆگێكی گۆرانی دروست دەكات، لەسەر گۆرانییەكەی هونەرمەند "حەسەن زیرەك "كە هەر هیچ پەیوەندی بە ناوەرۆكی شیعرەكەی خۆیەوە نیە ، بەڵام جوانییەكی بێ وێنەی داوەتە دۆخە نوستالۆژییەكەی شاعیر و بێ ئاگایانە دەیەوێت رووبە ڕووی هەستە بریندارەكەی بێتەوە و دەڵێت :
(سێو پێگەیی نەهاتم، كە لیمۆ زەرد بوو
هەر نایەم
نەخۆش كەوتی نەهاتم! وادەی ڕۆحكێشان قەت نایەم)
پاشان دێتەوە سەر دووپاتكردنەوەی ئەو رستەی كە لە پێشەوەی شیعرەكە باسمان كردووە لە مەسەلەی دوپاتكردنەوە٫ دەڵێت:
غەریبیت دەكەم ئێوارەی
ڕۆژێكی دیكەش دەچین بۆ عەنكاوە
غەریبیت دەكەم تۆ بڵێی
مەغریبی ساتێكی دیكەیش
بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە
هەڵواسراوەكانم بەری و
لەلای (هەدلە) دوو قاوە بگرینەوە؟!
بەدڵنیاییەوە شاعیر چەشنی كەسێك ساڵەهابێت لەو شارە ژیابێت ئاوا زۆر بە موشتاقی و پەرۆشییەوە بیری هەموو كوچە و شوێنێكی كردووە و لە باسكردنی "عەنكاوە " كە شوێنی نیشتەجێ بوونی زۆربەی مەسیحییەكانی شاری هەولێرە و پێمان دەڵێت برایی بوون چەند جوان و دانەبڕاوە لە تاكی كورد، ئەو هاموو شۆیەی نێوان كەسەكان چ مێژوێك بە بێدەنگی تۆمار دەكات، شێوازی ماڵەكان و ژیان لە عەنكاوە تەواو جیایە لەگەڵ خەڵكە سادە و ساكارەكەی نێو شاری هەولێر، بەكارهێنانی رستەی (بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە هەڵواسراوەكانم بەری ) لێكچواندنی سیما و ئەو شوێنە تایبەتمەندییە مێژووییانەی ناوچەی عەنكاوەیە بە شوێنی مێژووی "بابل" و باخچە هەڵواسراوەكانی تێیدا و كۆكردنەوەی ئایدۆلۆژییەكان، دیارە كەسایەتی "هەدلە" ناسراو بووە لەوێ قاوە و بەختی بۆ خەڵك دەگرتەوە، شاعیر بەدەم گلەیی بەختییەوە یادی هەدلە دەكات و بە ئومێدی بینی داهاتووی ئەو نۆستالۆژییەی تێیكەوتووە قاوەیەك بگرێتەوە كە خۆیشی دەزانێت قاوەگرتنەوەكەش چاری ئەو ناكات!
وردەوردە جڵەوی ئەسپی خەیاڵ و هەستەكانی تووند دەكات و دەڵێت :
قەلەندەر خۆمان گوڵەباخ
هێڵی سەعاتەكان باڵن
بڕوانە زەمەن چۆنچۆنی پێیان دەفڕێ
ئاوڕێك ناداتەوە،
نامەیەك نانێرێ!
ژیانی ئێمە بێباكە
وەك بێئاویی گەڕەكی عارەبان
ناموڕادە وەك شەقامی كۆتر سەلام
هەڵبەتە بەكار هێنانی وشەی قەلەندەر خۆمان ئەو دەمەیە كە مرۆڤ لەدۆخی تەنیاییدا دەكە دڵسووتان بۆخۆی و هاودەردانی دواتر زمانی سۆزداری بەكاردێنی و دەڵێت: "گوڵەباخ " كە دەكرێت لەگەڵ خودی خۆی بێت، یانیش كەسێكە گرنگ لێرەدا كۆپڵەیەك دەبینین جیا لەگەڵ ئەوانەیدیكە چونكە شاعیر تاوێك ورد دەبێتەوە و باس لە رۆیشتن و بەسەرچوونی تەمەن و كات دەكات، بەدیار ئەو دوورییەی دووچاری بووە، هێڵ یاخود میلی سەعات وەك باڵی باڵدار وێنە دەكات و كە بەهۆیەوە زەمەن لەشەققەی باڵیدەدات و دەڕوات جێی دەهێڵێت وەك چۆن ئەو شوێن و دیاری لێ جێماوە و كەوتۆتە یادی بەڵام جیاوازی نێوان ئەو كات ئەو (ئاوڕەیە) كە ئەم دەیداتەوە و وا بەدیارییەوە دانیشتووە كەچی كات بێ ئاوڕ دەڕوات و جێی دەهێڵێت، ئینجا دەكەوێتە گلەیی و پێی وایە دۆستیش ئەمی بیرچووە و نامەیەك و ئاوڕێكی بۆ نانێرێت و ژیانیش بێ باك بەردەوامە لەنێوانیان، بێ باكییەك دیارە ئەوسا گەڕەكی عەرەبان كەیەكێكە لە كۆنترین گەڕەكانی هەولێر و لە ئێستادا بۆتە شوێنەواری كلتووری، ئەوسا بێ ئاو بووە و كەوتۆتە بەر تەنزی شاعیر شەقامی كۆتری سەلام كە ئێستا جمەی كڕیار و فرۆشیاری تێدا دێت لە خەڵكانی شارەكە و تەنانەت بیانیانیش دەبینی بۆ نموونە كابرایەكی فلیپینی ئاو و باڵۆن دەفرۆشێت و حەدت چیە بەلای دەرۆیت منداڵێكت لایە بەزۆر دەتكاتە كڕیاڕی باڵۆن و عەرەبێك لەولاتر دانیشتووە سیم كارت و موبیل دەفرۆشێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەوسا كە بێ موڕادی شەقامەكە بۆتە جێ باسی شاعیر لەخواستنەوەی! بۆ بۆ باسكردنی ساتە وەختی ئەوكاتەی ژیانی خۆی و دڵخوازەكەی یاخود هاوڕێكەی!
لەكۆتاییشدا بە هەڵكێشانی ئاهێكی سارد و پەنا بردنە بە زاتی خودا ئەو دێڕەی تێیدا وەرزی دڵی بەتەنیا كەوتووەو یار كە بێ هەواڵە دوورە دیاریش دوورتر كۆتایی بە دەقەی دێنێت هەروەك دەڵێت :
ئاهـ... خودایە!
یار و دیارمان چەند دوورن
وەرزی دڵمان چەند تەنیایە.
وتار و بەرهەمی ئەدەبی