لە ئیسرائیل-ەوە تا ئۆجەلان

 

 

 

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دوو وێنەی لێکچوو لە گۆشەگیریی سیاسی و چالاکیی نەتەوەیی دەبینم، یەکەمیان لەسەر ئاستی تاک و هەوڵی تاکە کەسییە کە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ە، دووەمیشیان لەسەر ئاستی کۆ و گروپ و دەوڵەت – نەتەوە دەیبینم کە (دەوڵەتی ئیسرائیل)ە لە دوای ساڵی 1948ەوە. یەکەمیان هێشتا لە دۆخی بەردەوامیدایە، بەڵام دووەمیان خەریکە بە تەواوی هەموو پەستان و گیرەکانی گۆشەگیرکردن دەپسێنێت و لە کرانەوەی بەهێزدایە  بە رووی ناوچەکەدا.
ئەم دوو گۆشەگیرکردنە، خاڵی جودا و خاڵی لێکچووشیان هەیە، خاڵە جوداکان هەر هێندە نییە ئۆجەلان وەک تاک دەردەکەوێت و ئیسرائیل و جوولەکەش وەک کۆ، دیارترین خاڵی ئەم جیاوازییە لە لۆبیکردن و شوناسدایە، ئەوەش وەک هێزی شکاندن و هاتنەسەرەوە لەو گۆشەگیرییە.
دیارترین خاڵی بەراوردکاریی لەم لێکنەچوونەدا ئەوەیە لۆبی ئیسرائیلییەکان زۆر بەهێزە، لەسەروو هەموو هێزێکەوە ئەمریکا ئیشی تەواوی بۆ ئیسرائیل کرد کە لەگۆشەگیریی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و سەربازی و جوگرافییش رزگاری بکات، دواجار رزگاری کرد و یەکەم هەنگاویش سعودیەی بە هەموو جیاوازیی سیاسی و داخرانە ناوخۆییەکەیەوە رازیکرد کە لەگەڵ ئیسرائیل نەرمی بنوێنێت و سعودیە و محەمەد بن سەلمان لە رێگەی پشتیوانیی (سەودا و مامەڵەی سەدە)وە وەڵامێکی ئەرێنیی ئەمریکایان دایەوە، بەڵام ئۆجەلان لەبەرئەوەی هیچ لۆبییەکی جیهانی نەبوو، لەبەرئەوەی لینکی باشی بەجیهانی نیولیبراڵیزمەوە نەبوو، تائێستا گۆشەگیرییەکەی بەردەوامە و هیچ هیوایەک! بۆ ئازادبوون و شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەی نییە.
هاوکات خاڵی لێکچوونیش لەم دوو وێنەیەدا لەو شوێنەدایە کە هەردوو گۆشەگیرکردنەکە هێز و ورە و ئیرادەی بەهێزی پێبەخشیون، ئیسرائیل لەدوای ساڵی 1948 و پاشان جەنگی 1967 لەگەڵ عەرەب، بەردەوام لە دۆخێکی چڕی بەرگریی لە شوناس و جوگرافیا و ستراتیژ و ئامانجەکانی نەتەوەکەیدا بووە، ئێستا وا خەریکە پێیدەگات بەبێ ئەوەی کەمەکێک لە تموح و خەونەکانی کەمی کردبێت، هاوکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان_یش، لەدوای 26 ساڵ گۆشەگیریی، هێشتا ئەوەندە بەهێزە تورکیا و قەندیل و دەتوانین بڵێین زۆرێکی وڵاتانی جیهانیش چاوەڕێن بزانن ئەو سەرکردەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە 15ی شوباتدا چی دەڵێت و پەیامەکەی چییە؟.
وڵاتانی عەرەبی ئەگەر بە رێککەوتن و هێزی دیپلۆماسیەت، ئیسرائیلیان لە گۆشەگیریی دەربهێنایە، نەک زەرەریان نەدەکرد، بەڵکو هەموویان دەبوون بە فۆرمی جیاوازی سعودیە و ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی دەبوو لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیل جگە لە سعودیە کە هەمیشە بە دڵسۆزەکەی کەنداو ناوی دەبات، چاوی لە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی نییە و باکیشی پێیان نییە، تەنانەت ئێستا هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دەیانەوێت ئیسرائیل پەیوەندییەکانی باش بکات لەگەڵیاندا، ئەوەش پێچەوانەبوونەوەی هاوکێشە مێژووییەکەیە کە ئیسرائیل کاری تەواوی بۆ کرد و ئێستا گەیشتۆتە چیاکانی سوریا.
ئەگەر ئەو شکاندنەی گۆشەگیریی ئیسرائیل بەجۆرێک لە جۆرەکان، تەحویل بکەین بۆ سەر سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، هەر راستە، تورکیا لە رێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێکبشکێنێت، زۆر باشترە لەوەی خەباتی ئەو حزبە بگاتە دواین خاڵی دژایەتی لەگەڵ تورکیادا، یان تورکیا لەژێر پەستان و لە ترسی نزیکبوونەوەی وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەسەڵاتە خۆسەرییەکەی خۆرئاوای کوردستان و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هەسەدە و دیزاینکردنەوەی سوریا بە دڵی کوردەکان لە لایەک و وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی گۆشەگیرکردنی تورکیا و داخستنی دەرگاکانی یەکێتیی ئەوروپا بە رووی ئەندامێتیی تورکیادا لەلایەکیترەوە، تورکیا ناچار بکەن لەدەرگای ئیمراڵی بدات.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ