لوتفی کاک لەتیف

 

  پشکۆ ناکام

 

[ خۆزگە هەر کەسێ بە قەد زانینی

خۆی قسەی بکردایە ،ئێستا دونیایەکی

زۆر بێ دەنگمان ئەبوو.............]

 " ناپلیۆن پوناپارت"

.....کاک " لەتیف فاتیح" ناوێکی دیاری سایتەکانە کە ڕۆژانە بە سێ چوا ووتار بە بۆچوونەکانی لەسەر هەموو بابەتەکان ئاشنا ئەبین ، بەڵام " وەک خۆی ئەڵێ - لێ-" ئەمجارەیان فاوڵێکی گەورەی کردوە کە لەسەر بابەتێک نووسیوێتی کە بە زۆر سواری سەر ملی بوە و وەک "شارەزا"یەک !! باسی لێوە ئەکا ، چەکوشەکەی ئەمجارەی کاکە لەتیف کول بوە و  هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێ ، ئەو برادەرە لەسەر شانۆگەری "ڕووتبوونەوە" ووتارێک یان تێک شکانێکی نووسیوە کە ناکرێ لێ ی بێ دەنگ بم ،

بۆچی ؟

چونکە ئەو شانۆگەرییە لە کۆتایی هەشتاکانا ئێمە وەک " تیپی شانۆی ئارات" لە ئامادە کردن و دەرهێنانی "د. فازل جاف" و نواندنی بەندە و کاکە کۆردۆ گەڵاڵی لە " سوید " پێشکەش کراوە و حیزبە کوردییەکانی قەڵس کرد ، کاک لەتیف ئەڵێ :دەقەکەی مروژیک کە دەقێکی عەبەسیانەیە !!!

کە لە ڕاستیا دەقەکە لەو جۆرە دەقانەیە کە پێ ی ئەووترێ " لا معقول" واتا نا مەعقول کە شوێن و زەمانی بەسەرهاتی دەقەکە دیار نیە و زۆربەی دەقەکانی مروژیک لەسەر هەمان بنەما نووسراوە؛ ڕووتبوونەوە ..دوو پێغەمبەر..گێژەن...و ئەوانی تریش، بۆ ئەوەی لە هەچ شوێن و زەمانێکی تر نمایش کرا  گونجاوبێ، جگە لەوەش خۆزگە کاک لەتیف لوتفی بکردایە و بە یەک دوو دێڕ شەرحێکی " دەقی عەبەسی" بکردایە تا ئەوانەی وەک خۆی خوێنەوار نین بیانزانیایە عەبەسی یانی چی.. ئەو ئەڵێ جگە جل و بەرگ و شێوازە ئەوروپێکەی خۆ گۆڕین و جانتاکانی دەستیان تەواو" کورداندویانە"!  جا تۆ بڵێ ی گەر دوو ئەکتەرەکە ڕانکوچۆغەیان لەبەر بوایە دەق و جل و بەرگ تەواکەری یەکتر نەئەبوون دەستەکەش تەسبیحێکی پێ بوایە زۆر تۆخ ئەیان کوردان..!! کاکە لەتیف درکی بەوە نەکردوە ئەو دوو جانتایە بۆ ؟ خۆ ئەو دوو جانتایە بە سودفە و لە خۆڕا لە دەقەکەیا نیە ، جا کاکە لەتیف کە شارەزای دەقی عەبەسییە بۆچی ئیشارەتی پێ نەیاوە ؟ 

ئاخۆ بۆچی کاک لەتیف ئەڵێ : دەستەکەی بەغا کە لەڕاستیا ئەو دەستە سیمبولی دەسەڵاتە لەهەر کوێ و هەر شوێنێکا هەبێ و ئەکرێ لە جیاتی تاران و تورکیا ..و ..بەکار بهێنرێ ، مرۆڤیک خۆی مەبەستی لە دەسەڵاتی کۆمۆنیزمی پۆڵۆنیایە ، ...کاک لەتیف ئەیەوێ هەر بە زۆر میللەت بخاتە دەقەکەوە کە تیا نیە یان وەک خۆی ئەڵێ : سیاسییەکان لە لایەک و میللەت لە لایەک ، دیارە قوڵبوونەوە لە عەبەسیەت ئەمەشی لێ تێک یاوە ، دەنا ئەو دوو کارەکتارە سیاسییەکان خۆیانن بە هەموو ڕابردوو و حازرێکیانەوە ، جگە لەوەی هەر یەک لەودووانە شەخسیەتی چەن کەس و لا و   قۆناغ  ئەنوێنن بێ ئەوەی عەبەسییانە سیاسەت بکەن...مرۆژیک میللەت بێ ئومێد ناکا وەک کاکە لەتیف تێ ی گەیشتوە بەڵکو پێ ی ئەڵێ  ئەوە چیرۆکی دەسەڵاتدارەکانی لای ئێوەن ، ئەو دەسەڵاتدارانەی بۆ " دەست " ئەچمنەوە و تەنها واز لە جانتاکانیان ناهێنن ، خۆزگە کاکە لەتیف بە شیکردنەوەیەکی " نا  عەبەسیانە" پێ ی ئەووتین بۆ دەستبەرداری جانتاکان نابن..؟
 

کاک لەتیف چەکوشەکەی زۆر بە قورسی بەکار هێناوە و باس لە " تراژیدیا" و " تراژکۆمیدیا"ی دەقەکە ئەکا بێ ئەوەی بزانین ئەوەش بەشێکە لە عەبەسییەتی دەقەکە یان پریشکی بەر کەووتوە ، دەقی " ڕووتبوونەوە " کۆمێدی نیە وەک کاک لەتیف بۆی داتاشیوە ، بەڵکو مەهزەلەی سیاسییە دسەڵاتدارەکانە کە لەلای بینەر مایەی پێکەنینە..." ڕووتبوونەوە " دەقێکە چەکوشێکی تیژی ئەوێ کە خەڵکی خۆی بەکاری بێنێ ، چەکوشیش جۆری هەیە وەک عەبەسی و ناماقول.....

 

سەرچاوە : سپیمیدیا