ئاسۆس ههردی
دوێنێ دادگایەکی دەوڵەتی تورک حوکمی زیندانی بەسەر چەندین سەرکردەو سیاسەتمەداری کورددا سەپاند.
حوکمەکە پەیوەندیی بەو کاتەوە هەیە کە هێزەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری رۆژئاوای کوردستانیان داو دوا ناوچەی بەرگرییان گەمارۆدا، کە شاری کۆبانی بو. ئەو سەردەمە کە هەمو خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی جیهان ترپەی دڵیان لەگەڵ پەلەپیتکەی تفەنگی شەڕڤانەکانی رۆژاوادا لێی ئەدا، ئەردۆغان و حیزب و حکومەتەکەی بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانی و دوا سەنگەری ئازادیخوازانی جیهان بون و دەیانگوت “کوبانی کەوت، کەوتوە”.
لەو رۆژگارە پڕ مەترسی و تاریکەدا، لەناو دڵی پایتەختەکەی سوڵتانە لوتبەرزەکەی ئەنقەرەوە، دەمیرتاش و هەڤاڵە ئازادو ئازاکانی بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد کوبانی ناکەوێ، ئازادی بەسەر کۆیلایەتی و روناکی بەسەر تاریکیدا هەر سەر دەکەوێ…هەر وایش بو.
سوڵتانە وەهمی و فوتێکراوەکەی ئەنقەرە، بەرگەی ئەوەی نەگرت روی کارتۆنیی خۆی لە ئاوێنەی حەقیقەتی خۆڕاگری رۆژئاوای نیشتماندا ببینێ. بۆیە بۆ دامرکاندنەوەی گڕوکف و غروری تێکشکاوی خۆی و هاوئاوازەکانی، کەڵبەی لە جەستەی دەمیرتاش و هەڤاڵەکانی گیرکردو لە زیندان توندی کردن.
ئەمڕوش پاش نزیکەی 10 ساڵ زیندان، لە شانۆگەرییەکی کۆمیدی- تراژیدیدا حوکمی 42 ساڵ زیندان بۆ دەمیرتاش، 10 ساڵ زیندان بۆ ئەحمەد تورک و چەندین حوکمی زیندان بۆ ژمارەیەکی زۆر سەرکردەو ئازادیخوازی کورد دەرچو، لە دۆسییەکدا کە لە میدیای تورکیدا بە دۆسییەی کوبانی ناسراوە. حوکمێک کە بۆ زۆرێک لەو ئازادیخوازو تێکۆشەرانە بەپێی تەمەن و ماوەی زیندانی کردنیان، وەک حوکمی زیندانی هەتاهەتایی وایە.
ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک چ حوکمێک دەدەن با بیدەن، بەڵام با دڵنیابن بەو ستەمەیان بۆ هەمیشەو هەتاهەتایە ئەو سەرکردانە لە ناو دڵی هەمو کوردێک و هەمو ئازادیخوازێکدا، توند جێگیر ئەکەن.
سەرچاوە : ئاوێنە