كێ‌ دژی پێكهاته‌كانه‌؟

 

کاردۆ عوسمان هەورامی

 

 

 بریاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ كۆتایی هێنانی كورسی كۆتاكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ جێگای تانه‌ی حزبێكی دیاری كراو و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی پێكهاته‌كانیش دژی بریاره‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌ بۆ هۆكاری بڕیاره‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانی بكه‌ن،تاوه‌كو بگه‌نه‌ هۆكارێكی راسته‌قینه‌، له‌بری ئه‌مه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ قاوانه‌ كۆنه‌كه‌یان لێدایه‌وه‌، كه‌ دوورت ده‌خاته‌وه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ واقیعی بریاره‌كه‌ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ كردنێكی دروست له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین واقیعانه‌تر كه‌مێك بۆ خوێنه‌ران شی بكه‌ینه‌وه‌.

بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی له‌ چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتیان بۆ ده‌ستوری عێراق ده‌رده‌كرێت،ئه‌وان ته‌فسیری ده‌ستور ده‌كه‌ن و بریاره‌كانیشیان له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستورییه‌كانه‌،نه‌ك شێوازی سكاڵا تۆمار كردنه‌كه‌، بۆیه‌ بریاره‌كانیان ده‌ستوری و ئیلزامیه‌ و قابیلی تانه‌دا لێدان نیه‌،هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ لابردنی كورسی كۆتاكان،كه‌ وا بانگه‌شه‌ ده‌كرێت یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان داوای كردبێت،ئه‌وا ناراسته‌، به‌ڵكو یه‌كێتی داوای كردبوو كورسی كۆتاكان به‌ یه‌كسانی له‌ نێوان پارێزگاكان دابه‌ش بكرێت، كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌گه‌ری یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی بریاری دادگا كردبوو،به‌ نوسراوی ژماره‌(2551) له‌ رۆژی (30/11/2023) پشت به‌ستن به‌ كۆنوسی (2878) پێشنیاری دابه‌ش كردنی كورسی كۆتاكانی كردبوو، كه‌ هه‌ولێر چوار كورسی كۆتا ، سلێمانی چوار كورسی و  دهۆك سێ كورسی كۆتایان پێده‌درێت،به‌ڵام دادگا ته‌واوی كورسی كۆتاكانی نه‌هێشت كه‌ ئه‌مه‌ش هاوته‌ نه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌قی سكاڵاكه‌،به‌وپێیه‌ی كورسی كۆتاكان به‌و شێوه‌یه‌ دژی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كانه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانه‌شی تانه‌ی لێده‌ده‌ن ناتوانن بڵێن دژی ده‌ستوره‌ به‌ڵكو ده‌ڵێن دژی "روحیه‌تی ده‌ستوره‌"، كه‌ئه‌مه‌ش لێكدانه‌وه‌ی خودی خۆیانه‌،قسه‌یه‌كی نازانستی و ناواقعیه‌ و ده‌ستور ماده‌ و بڕگه‌ی هه‌یه‌ و نه‌ك روح!

هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ كورسی كۆتاكان دوای بریاره‌كه‌،ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین ماوه‌یه‌كی زۆره‌ تێبینی له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنی ئه‌ندامانی كۆتاكان هه‌یه‌، كه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و ره‌خنه‌ی جدی لێده‌گیرا، داوای ئازادكردنی كۆتاكان ده‌كرا له‌ پاشكۆیه‌تی،به‌ڵام پارتی گوێی نه‌ده‌گرت، بۆیه‌ لایه‌نێك به‌ ناچاری په‌نای بۆ به‌غداد برد، تا ئه‌م یه‌كسانیه‌ بێته‌ دی، كه‌ به‌هۆی كۆتاكانه‌وه‌ ناهاوسه‌نگی سیاسی دروست بووبوو، ده‌بێت واقعی بین،ئه‌و نوێنه‌رانه‌ نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی خۆشیان نه‌ده‌كرد،بۆیه‌ كاركردنیشیان بۆ خودی خۆشیان نه‌بوو،به‌ لابردنی كۆتاكان، ئێستا پێكهاته‌كان به‌ مافی راسته‌قینه‌ی خۆیان و به‌ ده‌نگی خۆیان ده‌توانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌ڵبژێرن، نه‌ك كه‌سێك به‌ ده‌نگی 200 ده‌نگی ئه‌منی ببێته‌ په‌رله‌مانتار،له‌وه‌ش زیاتر كاتێك كاندێك ده‌رده‌چێت،ئه‌وا به‌پێی سوێندی یاسایی ده‌بێته‌ نوێنه‌ری هه‌موو گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و به‌رگری له‌ مافه‌كانیان ده‌كات، هیچ په‌رله‌مانتارێك ناتوانی سوێند بخوات كه‌ ته‌نها به‌رگری له‌ پێكهاته‌ی خۆی ده‌كات، بۆیه‌ به‌پێی یاسا هه‌موو په‌رله‌مانتارێك نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانه‌.

هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ دابه‌ش كردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن،ئه‌وه‌ تاك بازنه‌یی زۆر كلاسیكه‌ و له‌ جیهاندا چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ مۆدێلی به‌سه‌ر چووه‌، چونكه‌ به‌هۆكاری بایكۆت و سیاسی و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی رێگری ده‌كات له‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌كان نوێنه‌ری خۆیان هه‌بێت،به‌ڵام فره‌بازنه‌یی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو پارێزگاكان ده‌پارێزێت،هیچ هۆكارێك نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م نه‌بوونی نوێنه‌ری ناوچه‌یه‌كی دیاری كراو، له‌ كوردستان كێشه‌كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ نیه‌،به‌ڵكو به‌هۆی پارێزگایه‌كی بچووكی وه‌ك دهۆك پارتی هه‌موو جارێك ده‌بووه‌ زۆرینه‌،چونكه‌ چاودێری سندوقه‌كانی ده‌نگدان كه‌م و سنوردار بوو، كه‌ بواری بۆ كاری نایاسایی و ساخته‌كاری كردبووه‌،هه‌روه‌ها به‌هه‌ر هۆكارێك بێت به‌شداریش زۆر بوو، بۆیه‌ نایه‌كسانی له‌ نوێنه‌رایه‌تی  و ده‌سه‌لات دروست كردبوو، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌نگی راسته‌قینه‌ی و بنه‌ما دیموكراسییه‌كانه‌، بۆیه‌ بریاره‌كه‌ی دادگا پێوده‌نگی دیموكراسی به‌هێزتر ده‌كات و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ش بۆ پێكهاته‌كان فه‌راهه‌م ده‌كات.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، نابێت ئه‌م بریاره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی وا لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ گه‌لی كورد دژی پێكهاته‌كانه‌،ناكۆكی له‌ نێوان پێكهاته‌كان دروست بكرێت،به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك بریارێكی دروست سه‌یر بكرێت، عیبره‌ت وه‌ربگیرێت پێش په‌نابردن بۆ دادگای فیدراڵی و به‌غداد، هه‌وڵبده‌ین له‌ ناوخۆ ڕێكبكه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ په‌نابردن بۆ به‌غداد مه‌وقیفی لاوازتر نه‌بێت و زیاتر له‌ قاڵب نه‌درێت، كه‌ له‌ ئێستادا به‌هۆی نه‌مانی دام و ده‌زگای شه‌رعی مه‌ترسی جدی له‌سه‌ره‌.

سەرچاوە : ژیان