سێبەری رووداوەكانی ئەم رۆمانە بە ئاستێ قورسە لەو خەوە ناخۆشە دەچێت كە بە درێژایی رۆژگار لەبیرمان ناچێتەوە.
دووڕوویی، فڕوفێڵ، زماننلووسی، تا ئەوپەڕی جەللاد كە خۆی لە ژێر سایەی شەكری دەسەڵاتدا مات كردووە، ساتە وەختی رۆژگارێكن بەهەموو نیگەرانییەكانەوە، تارماییەكن كە باوك دێتە قسە و ئەوانیتر لەپێناو مانەودا هیچ شتێك ناڵێن و نادركێنن، ئەوانیتر بەهەر جۆرێك بن لە ژیاندا نەماون، قوربانی هەرزەكارانەن كە رۆماننوس كاری لەسەر كردووە، ئەم رۆمانە ئاماژەیەكی ئاشكرایە دەڵێت، گەر تۆ لاوی دوو هەڵبژاردە لەبەر دەستدایە، یان دوای شۆڕش بكەوە، یان مەبە بە پاسەوانی شۆڕش، شۆڕش باكی بە هیچ كەسێك نییە تەنها سەرگەردانی نەبێت بۆ باوك، پاشان قوربانییەكانی تر، رۆمانەكە دەڵێت ئەوەی دەوترێت دەیڵێت رابردوویەكی غەمناكی كاراكتەری سەرەكی رۆمانەكەیە، كە ژیان لەدوای لەدەستچوونی پێنج منداڵەکەی، رووەو چ بیركردنەوەو چ ئاراستەیەكی دەبەن.
لەم رۆمانەدا چەندین رستە و ئاماژە هەیە زۆر گرنگن ئاماژەیان پێبدرێت:
(( تەنانەت ناتوانم دەست بە ژەنینی سێتارەكەشم بكەمەوە، جاران بەردەوام سێتارم دەژەنی و ئێستاش هەر حەزی پێدەكەم، بەڵام دەستەكانم ئەو هاوسەنگییەی جارانی نەماوە)). وتەی كۆڵێنێل لە ژوورێكی تەریك و فەرامۆشكراودا شەوێك كە بارینی باران دەبێت ئاوازی سێتارەكەی.
كۆلۆنیل لە رۆمانەكەدا ئەم هاوارە دەكات.. كە چیتر ناتوانم بێ مناڵەكانم كە ئێستاكە تاك و تەنیام بیر لە ژیانێكی تر بكەمەوە، ئەوەی دوێنێ بوو هیچ بۆ من گرنگ نییە، لە ئێستادا نەغمەی بارانێك كە سۆزی سێتارەكەم دەخاتەوە بیر لە هەمووی گرنگترە.
كۆلۆنیول جگە لە پلە سەربازییەكەی هەر پێنج منداڵەكەی لەدەستدا، ئامێری سێتاریش بێ هەر پێنج پەنجەكە هیچ ئاوازێك دروست ناكات، رابردوو هیچ شتێكت بۆ بەرهەمناهێنێت، جگە لەوەی لەناو بێدەنگییەكی ترسناكدا ئاوازێك لە رۆحی شەوەوە دروستبێت، بە تایبەتی ئەو كاتانەی غەرقی یادەوەرییەكانی و لە دەرگا لێدانی كەسێكی نەناسراو لە شەوێكی پڕ لێزمە و بارانباریندا، شێوەی هەرەسی بەفر دەكەویت بەسەر یادەوەرییەكاندا.
رۆمانی كۆڵۆنیول بە دوو ئاراستە ئیشی لەسەر كراوە، بەڵگەنامەو خەیاڵی هونەری و زمانی شیعری، یاخود گێڕانەوەی ژیان بە هەموو نائومێدیەكانیەوە بە خەیاڵی سیحری.. لە دوا بەرگی رۆمانەكەدا هیچ شتێكی بۆ ئەم نووسینەم نەهێشتۆتەوە كە نووسراوە (( لە كاتێكدا بەشی زۆری رووداوەكانی رۆمانەكانی تری دەوڵەتئابادی لە دێهاتەكانی ئیراندا روودەدەن، بەڵام رووداوەكانی رۆمانی كۆڵۆنیول ناو شار دەكەنە مەیدانی خۆیان و كاریگەرییەكای شۆڕش، كاریگەرییەكەش كابووسێكە رۆحی ئینسانەكان دەخوات)).
رۆماننوس، چەندجارێك هەوڵیداوە لە یەكێك لە دەزگا چاپەمەنییەكاندا ئەم رۆمانە هەر بە دەست و خۆی بە زمانی فارسی بڵاوبكرێتەوە، بەڵام پاش نائومێدبوونی ناچار بووە ( بە بیانووی دەستكاری كردنی هەندێ برگە و چاپتەر و دەستەواژە دەستاو دەستی پێكراوە) دووبارە ناچار بووە دوای ئەو تەمەنە دور و درێژە ئەم رۆمانە كە سەرتاسەر تارمایییە بۆ دوو قۆناغی جیاواز، بۆ زمانی ئەڵمانی و پاشان هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی چاپ و بڵاو بكرێتەوە.
هەروەكو ئاماژەم پێدا بۆچی بۆ دوو قۆناغ و زەمەنی جیاواز؟
رووداوەكانی ئەم رۆمانە بەسەر دوو زەمەنی جیاوازدا دابەش دەبن، زەمەنێكیان رابردووە، كە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی شا دەگەڕێتەوە، هاوكاتیش زەمەنی ئێستای رووداوەكانە جەنگی هەشت سالەی عیراق- ئێران كە دواجار لە 8-8-1988كۆتایی بەو جەنگە هات.
ئەم رۆمانە چیمان پێدەڵێت..
زۆر بە سادەیی وێنەیەكی رەش و سپی دوو قۆناغی جیاوازی مێژووی هاوچەرخی ئیرانمان پیشان دەدات، لە هەردوو زەمەنەكەدا بە شەو دەستپێدەكات و كۆتایەەكەشی هەر بە شەو تەواو دەبێت.
رۆمانی كۆڵۆنێل مەحمود دەوڵەتئابادی نووسیوێتی و ئازاد بەرزنجی وەریگێڕاوەتەوە بۆسەر زمانی کوردی.
ئاكۆ كەریم مەعورف
2022-05-01
سەرچاوە: knwe