كوردو داگیركاری، ئیسماعیل بێشكچی مێژوو دەگۆڕێت

 

 

نەجات نوری

 

(كاتێك گەیشتمە باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا بە چاوی خۆم میللەتێكم بینی لە ڕووی زمان و مێژوو نەرێتەوە لە ئێمەی تورك جیاوازە، ئەم میللەتە بە خۆیان ناڵێن * توركی چیا* هەر وەك تورك پێیان دەڵێن بەڵكو بە خۆیان دەڵێن ئێمەی كورد) ئیسماعیل بێشكچی.

ساڵانێك لەمەوبەر ئەم كتێبانەی كۆمەڵناسی بەناوبانگی تورك ئیسماعیل بێشكچیم خوێندبووە (سی و سێ گوللە) (تێزی تورك بۆ مێژوو) (كوردستان كۆڵۆنییەكی نێودەوڵەتی) لەم ماوەیەشدا ئەم چواركتێبەیم خوێندنەوە (دابەشكاری ئیمپڕیالستی لەسەر خاكی كوردستان 1915- 1925) (لەبارەی كۆمەڵگەی كورد) (تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست) (نامە بۆ ئونسكۆ) جگە لە یادەوەریەكانی، لە نێوان ئەم حەوت كتێبەدا كورد و خاكەكەی، مێژووی نەتەوەكەی پێكەوە دەبنە ناوەركی سەرەكی كتێبەكانی، لەسەر یەك ئاراستە بۆ بوونی كورد وەكو نەتەوەیەكی دابەشكراو و چەوساوە نووسینەكانی دەخاتەڕوو، دابەشكاری نووسینەكانی ئەم نووسەرە گەورەیە لەم كتێبانەیدا بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەیە كە تورك لە مێژوودا بەرامبەر بە كورد كردوونی بە بەڵگەمێژوویەكان دەخاتەڕوو، ئەو مێژووەی كە ئەم نووسەرە لێوەی دەست دەكات بە هەڵسەنگاندن بۆ بوونی كورد، مێژوویەكی تەواو جیاوازە لەوەی كە تورك نەوەكانی خۆی پێ پەروەردەكات لە سەد ساڵی ڕابووردوودا، ئەم دێت تەواوی ئەو مێژووە هەڵەیە فڕێدەداتە ناو زبڵدانی مێژووە و مێژوویەكی ڕاستەقینە پیشانی دەسەڵاتداران و چەپ و ڕۆشنبیر و زانكۆكانی تورك دەدات، مێژووە هەڵكە دەگۆڕێت بە مێژوویەكی ڕاستەقینە، هەڵەیەكی گەورەیان بۆ ڕاستدەكاتەوە، ئەم كارانەیشی دەبێتە هەڵتەكاندنی ئەو بنەما كۆنكریەتیەی كە تورك ساڵانێك خۆی پێوە گرێدابوو وەكو مێژووی تورك و شانازیەكانی، ئەگەرچی ئەم هەوڵەی دەبێتە هۆكاری ئازاردان و بەندكردنی بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی دەسەڵاتدارانی تورك دەشڵەژێنێت.

بە خوێندنەوەی كتێبەكانی ئیسماعیل بێشكچی شتی نوێ و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان بۆ دەردەكەوێت، ئەو بۆمان دەنووسێت كە كورد هەر خۆی هۆكار نەبووە بۆ دابەشكاری و داگیركاری وڵاتەكەیان، كورد بە نەتەوەیەكی زیندوو ئەژماردەكات و دەمانخاتە بەردەم ئەو هەموو تاوانە گەورانەوە كە كورد تووشی هاتووە لە مێژووی خۆیدا، خاكەكەی كراوەتە ئەو شوێنەی كە بەرژەوەندیە تایبەت و داگیركاریەكانی وڵاتانی جیهانی تێدا ساغكراوەتەوە، بە گەمە تۆقێنەرەكانی ناو مێژووی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و فەڕەنسادا گەشتێكی كوشندەمان بۆ دابەشكاری كوردستان لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە پێدەكات، مێژوویەك كە پڕە لە تاوان و شەرمەزاری، دەمانخاتە بەردەم ئەو هەڵەگەورانەوە كە ئەم دوو وڵاتە كردیان دژی نەتەوەی كورد و خاكەكەی، هیچ وڵات و تاكێك بەقەدەر ئەم دووڵاتە غەدریان لە كورد نەكردووە لە دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانیەوە، ئەم دوو وڵاتە هێجگار تاوانبارن دژی كورد لە مێژووی نوێی جیهاندا و خۆیان كردووە بە دوو وڵاتی مشەخۆر و داگیركەر لەسەر خاكی كوردستان و تا ئەو پەڕی تاوانكاری خاكی كوردیان ڕادەستی هێزە ستەمكار و فاشتەكان كردووە لە خۆرهەڵاتدا.

ئەو بیر و تێزانەی كە ئیسماعیل بێشكچی لەم كتێبانەیدا كاریان لەسەردەكات هێجگار بەهێز و وردن، دەست لە هیچ بەڵگەیەك هەڵناگرێت كە كوردی پێ چەوسێندراوەتەوە و سڵ لە خستنەڕوویان ناكات و دەیەوێت وەكو كۆمەڵناسێك كورد لە چەقی مێژوویەكی پڕ لە هەڵەوە بهێنێتە دەرەوە و مێژووە ڕاستەقینەكەیان بە تورك و جیهان ڕابگەیەنێت، ئەو بۆمان دەنووسێت لە سەردەمی عوسمانیەكاندا لە ژێر ناوی پیرۆزی خەلیفەدا كورد و نەتەوەكانی ژێر دەستی ئەم ئیمبراتۆرە ستەمكارە لە خشتە براون و نەیانهێڵاوە بە هیچ ئامانج و خواستێكی خۆیان بگەن، دواتریش دوای داڕمانی عوسمانیەكان بە تایبەت لە باكوردی كوردستان كەمال ئەتاتورك لە ژێر ناوی برایەتی تورك و كورد و یەك ئاین دا خەباتكردن دژی ئیمپریالیزم بەشێك لە سەرۆك خێڵ و كوردەكانی خوڵەتاندووە تا ئەو كاتانەی گەیشتووە بە دەسەڵات و ئیتر كوردی لەبیركردووە و كەوتۆتە چەوساندنەوەیان، لەدوای دەوڵەتی نوێی توركیایشەوە لەساڵانی بیستەكاندا تا ئەم ساتانە چەپەكانی تورك و ئیسلامیەكان و علمانیەكان و زۆری ڕۆشنبیران و نووسەران و زانكۆكانی تورك پێكەوە لە ژێر یەك ئاراستەدا نكۆڵی لە بوونی مێژووی كورد لە باكوری كوردستان دەكەن و وەكو یەك دژی زمان و ماف و چارەنووسی كورد خۆیان ڕادەگەیەنن و لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و سەربازی و میدیایدا بۆ تواندنەوەی كورد لەیەك بەرەدا بە جیاوازی بیریانەوە كاردەكەن، پێكەوە حاشا لەو هەموو كۆمەڵكوژیانە دەكەن كە عوسمانیەكان و دەوڵەتی نوێی تورك لە قۆناغە جیاجیاكاندا دژی نەتەوەی كورد بەرپایان كردووە، ئاوا لە توركیادا بە هەموو قۆناغەكانیەوە كورد قڕكراوە و چەوساوەتەوە و حاشا لە زمان و كولتووریان كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داگیركەرانی تورك بەو هەموو هێزەیانەوە نەیانتوانیوە كورد بسڕنەوە و دایببڕن لە ناوەندەكانی جیهان. بە دیوەكەی تریشدا ئیسماعیل بێشكچی ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو كە كۆمەڵگای كوردی تا ساڵانی هەشتاكان بەبێ بیرەوەری بووە، هەستی بە ئەو هەموو تاوانانە نەكردووە و ڕووداوەكانی بە فەرامۆشی سپاردووە و بەدواداچوونی نەبووە وەكو نەتەیەكی چەوساوە بۆ هەموو ئەو ڕووداوە مەرگهێنەرانەی بەسەریداهاتووە، لە دەرەوەی ڕووداوەكان ژیاوە و نەیتوانیوە سوودێكی ئەوتۆ لەو ڕووداوانە بۆ ڕزگاری خۆی وەربگرێت، زۆركات ئاین و خێڵ و كەسایەتیەكانی خۆی لە خاك و زمان و نەتەوەكەی پێ گرنگ تربووە و مەعریفەیەكی ئەو تۆی نەبووە تا لەو ڕووداوانەوە پەنا بۆ ڕزگاری خۆی ببات، وەكو ئەرمەن و جولەكەكان، كورد ڕووداوە خوێناویەكانی نەكردۆتە هۆكاری ڕزگاری خۆیان و باش نەیانخستۆتە بەردەم ناوەندەكانی جیهان، تەنانەت ڕۆشنبیر و نووسەرەكوردەكان زۆركات ناوی ڕەسەنی شار و گوند و ناوەچەكانی خۆیان بە فەرامۆشی سپاردوو و وەكو داگیركەران ناوە نوێیەكانی تورك لە نووسینەكانیاندا بەكاردەهێنن و ناگەڕێنەوە بۆ سەر ناوە ڕەسەنەكەی ئەو شوێنانە، لەسەر لەناوبردنی شوێنەوار و كولتووریان باش نایەنە دەنگ و ڕووداوەكان بە فەرامۆشی دەسپێرن، بۆ ئەوەی داگیركەران كورد لە دەرەوەی زانست و مەعریفە بهێڵنەوە و نەیەڵن دەستیان بە بەڵگە و سەرچاوە گرنگەكاندابگات هەموو هەوڵێكی خۆیانداوە چونكە كەی كورد وەكو نەتەوە بە باشی بە زانست و مەعریفە گەیشت ئیتر بنكۆڵی داگیركەران دەكات و هەموو تێزە شەرمەزاریكەرەكانیان هەڵدەماڵێت و پووچیان دەكاتەوە و دایاندەڕمێنێت.

ئەوە ئیسماعیل بێشكچی یە كە ڕایدەگەیەنێت هیچ دەوڵەت و دەسەڵات و میدیا و ناوەندەزانستی و زانكۆ و پارتی سیاسی و جوڵانەوەی چەپ و ئیسلامیەكان لە دونیادا بە قەدەر هی توركەكان دووڕوو و دووفاقترنیین، ئەم دووڕووەیە لە توركیادا گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، دەسەڵات شین بۆ غەزەی فەڵەستین و توركومانەكان لە جیهاندا دەكات كەچی خۆی بەردەوام تیرۆری تاكی كورد دەكات و كەرامەت و خاكیان لەناودەبات... ئاوا كاركردنی ئیسماعیل بێشكچی لەم كتێبانەیدا بۆ هەڵتەكاندنی ئەم دووڕووی و دووفاقیەی ناوەندەكانی تورك دەستی بە نووسینیان كردووە هێجگار گرنگی خۆی هەیە بۆ كورد و نەتەوەكەی و لە سەد ساڵی ڕابووردوودا كەم كەس هەبووە وەكو ئەم نووسەرە توركە بە هەڵوێستە توانیبێتی گرنگی بە دۆزی كورد بدات و جارێكی تر مێژوو بە شێوەیەكی ڕاستەقینە بخاتەوە ڕوو، بەڵام دەبێت بپرسین: ئەی چی بەو دەسەڵاتدار و تاكە كوردانە بڵێین كە بێدەنگن لە ئاست هەموو ئەو تاوانانەی كە تورك دژ كورد پەیڕەوی دەكات، ئەی میدیاكارانی كورد لە كوێن كە هەمیشە بایەغ بە شتی پڕوپووچ و لاوەكو بێ بایەخ دەكەن و بۆیەك جاریش ئاوڕ لە كتێبە گرنگ و نووسەرە ئازاوبوێرەكان نادەنەوە؟ بە تەنیا ئیتر خەم خەمی ئیسماعیل بێشكچی نیە بێت شەڕی مافەكانی كوردبكات و تەمەنی خۆی لە سەر كورد لە زیندانەكانی توركدا بباتەسەر، ئیتر كاتی ئەوەیە ئەم هەموو كەناڵ و میدیا كوردیانە كە جگە لە خزمەتكردن بە هەندێ كەس كە دەیان ملیون دۆلاریان بۆ تەرخاندەكرێت بێنە مەیدان و شەرم لە ئیسماعیل بێشكچی بكەن و ئاوڕێكی جدی لە كورد و خاك و زمان و نەتەوەكەی بدەنەوە، جێگای شەرمە كە میدیای كوردی بە ترسەوە كاربكات و بە شتە پووچ و لاوەكیەكانەوە خەڵك سەرقاڵ بكات و لەو لایشەوە دەیان ڕووداوی گرنگ كە بەسەر كوردانی هەر چوارپارچەكەی كوردستان دا دێت فەرامۆشبكات... بۆ ئەوەی كە وەكو ئیسماعیل بێشكچی خەمی كوردبوونمان بێت، بۆ ئەوەی ئیتر بەبێ یادەوەری نەژین، باشترە دەسەڵات و میدیایی كوردی واز لە دووڕووی بهێن و شەرم لە داگیركەران نەكەن و ئاوڕ لە مێژووی فەرامۆشكراوی نەتەوەكەیان بدەنەوە.

سەرچاوە : ئاوێنە