سەرتپ جەوهەر
ئێران هاوكاری یەكێتییە لەبەغدا چ بۆ فشاری سیاسی، چ لەرێنمایی و رێشوێنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن
پارتی دڵنیابۆتەوە لەوەی رێژەی دەنگەكانی زۆر كەم دەكات، بۆیە هاواری لێهەستاوە.
بەپێی راپرسیەكان یەكێتیی زۆر زەحمەتە دەنگی پێشووی بەدەستبهێنێتەوە
لەهەموو بڕیارە خراپەكان بەیەكەوە بوون، كەچی ئێستا هەریەكەیان موزایەدە دەكات بۆ خۆ رزگاركردن لەو شكستە گەورەی بەسەر كوردستانیان هێناوە
ئەو عینادییەی پارتی تەنها زیانی بۆ پارتی نەبووە، بەڵكو زیانی گەورەی بەكوردستانیش گەیاندووە.
پارتی بۆتە ئەسیری عیناديی لەبڕیارەكانی خۆی
جارێ دیار نییە چارەنوسی هەڵبژاردنی كوردستان چی لێدێتەوە، وڵامی ئەم پرسیارە لای پارتی و یەكێتییە نەك حزب و لایەنەكانی دیكە. دوایین زانیاریی ئەوەیە كە هەڵبژاردن بكەوێتە كۆتایی مانگی 9 و هەوڵێكیش هەیە 5 كورسی بۆ ئاشورییەكان لەو 100 كورسیە دابین بكرێت واتە (95+5).
ئێمە هەموومان دەزانین ئێران پشتیوانی ئاشكرای یەكێتیی دەكات لەبەغدا، هەروەك كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لەژێر فشاری ئێران هاوكاریی ئەو حزبە دەكات بۆ ئەگەرەكانی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، واتە ئێران هاوكارە چ لەبڕیاری سیاسی بەغدا، چ لەرێنمایی و رێشوێنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. لەبەرامبەردا پارتی ترسێكی زۆری هەیەو ئەو ترسەشی نەشاردۆتەوە. كەوایە روونە لەبەرچی یەكێتیی سوربوونی خۆی لەمەسەلەی هەڵبژاردن پێشان دەدات، بەڵام منجڕی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قسەی زۆر هەڵدەگرێت.
سەبارەت بەیەكێتیی لەدوای هەڵبژاردنەكانی كەركوك هەستێكی لای حوكمڕانانی دروستبووە كە دەنگەكانیان زیاد دەكات، یان لانیكەم نزیك دەبنەوە لەڕێژەی دەنگەكانیان كە لەهەڵبژاردنی 2018 بەدەستیانهێناوە، هەرچەندە بەپێی راپرسی باوەڕپێكراو لەم دۆخەی ئێستا زۆر زەحمەتە، بەڵام پارتی دڵنیابۆتەوە لەوەی رێژەی دەنگەكانی زۆر كەم دەكات، بۆیە هاواری لێهەستاوە. دەتوانین بڵێین پارتی لەبەر ئەم هۆكارانە پێداگری لەسەر دواخستن و هەندێك گۆڕانكاریی لە هەلبَژاردن دەكات:
یەكەم: حكومەتی هەرێم كە پارتی تێیدا سەردەستە لەدۆخێكی ئێجگار خراپ بوو كە پارتی داوای دواخستنی دەكرد، بەم حاڵەوە بچونایەتە هەڵبژاردن دەبووە هەڵوەرینێكی ئێجگار زۆری دەنگەكانی هەموو حزبە حوكمڕانەكان بەتایبەتیش پارتی ئینجا یەكێتیی و گۆڕان، بەڵام ئێستا خەریكە پرسی موچە چارەسەر دەبێت بۆیە ئەو فشارەیان لەسەر كەمبۆتەوە.
دووەم: لەم هەڵبژاردنە ساختەكردنی دەنگ لەناو وێستگەكانی دەنگدان زۆر زەحمەتە، بۆیە حزبە حوكمڕانەكان ناتوانن ساختەكاریی بكەن لە وێستگەكانی دەنگدان، تەنها ئەگەر لە سێرڤەرو ناوەندی كۆكردنەوەی زانیاریی یان داتا سەنتەر بكرێت كە ئەمەش ئەگەرێكی كراوەیە.
سێیەم: جگە لەجیاوازیی زۆری زانیاریی یاخود ئاماری كۆمسیۆنی هەرێم و بەغدا، هاوكات بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی نزیكەی 140 هەزار هاوڵاتی كوردی رۆژهەڵات و رۆژئاواو باكور لەكوردستان رەگەزنامەی عیراقیان پێدراوە لەدوای 2005، لەو رێژەیەش زیاتر لە 80%یان واتە 115 هەزاریان لەسنوری هەولێرو دهۆكەو 15 هەزاریشیان لەسلێمانیی. تائێستا ئەوانە لەلایەن عیراقەوە تۆمارنەكراون و رەگەزنامەی عیراقیان پێنەدراوە. كارتی دەنگدان و كارتی نیشتیمانیان پێنادرێت، ئەمجارە رێنادرێت دەنگ بدەن.
چوارەم: پارتی هەوڵدەدات هەرچۆنێك بێت بەشێك لەكورسی كۆتاكان بگێڕێتەوە، بەڵام كارێكی ئاسان نییە، ئەگەر بگەڕێتەوە لەو 100 كورسیە 5 كورسی دەدرێت بە ئاشورییەكان، بەڵام پێدەچێت مەرج دابنرێت ئەویش كۆتای ئاشوریی (كلدان سریان ئاشوریی) تۆماری دەنگدەرانی خۆیان و سندوقی تایبەت بەخۆیان بۆ دابنرێت، لەوحالەتەشدا زەحمەتە پارتی بتوانێت سودێكی ئەوتۆ لەو كورسیانە ببینێت.
ئەمجارە پارتی دەیەوێت جۆرێك لەعینادیی بكات بۆ كەمكردنەوەی فاكتەرەكانی لەدەستدانی دەنگ، بەڵام عینادیی ئەمجارە كێشەو گرفتەكانی ئاڵۆزتر دەكات. جاران لەگەڵ یەكێتیی و گۆڕان عینادی دەكردو بۆی دەچووە سەر، چونكە بەشێك لەكاربەدەستانی یەكێتیی و گۆڕان زۆر هاوكاربوون، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە 2021 هێزێكی زۆر گەورەتر كار بۆ بەرزەفتكردنی پارتی لەكوردستان دەكات ئەویش ئێرانە.
ئەو عینادییەی بەشێك لەسەركردایەتی حوكمڕانی پارتیی لەرابردوو تەنها زیانی بۆ پارتی نەبووە، بەڵكو زیانی گەورەی بەكوردستانیش گەیاندووە. واتە عینادیەكانی پارتی لەسەر حیسابی چارەنوسی خەڵكی كوردستان بووە، بەجۆرێك دەتوانم بڵیم پارتی بۆتە ئەسیری عینادیكردن لەبڕیارەكانی خۆی، وەك ئەوەی لەبڕیارەكانی پاشگەز ببێتەوە ئیتر ئەوە شكستێكی گەورەبێت.
عینادیی لەبڕیاری ریفراندۆمی 2017 زیانەكەی ئەوەندە گەورەبوو، رەنگە تا 100 ساڵی دیكەش كورد پڕینەكاتەوە. جارێكی دیكە عینادی لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و گوێنەدانە تەوافوق لەگەڵ لایەنەكان، پەرلەمانی كوردستانی بەداخستنداو حكومەت و دامەزراوەكانی حوكمڕانی خستە بۆشایی دەستوریی. ئێستاش ئەگەر لەسەر سیاسەتی سوربوون بەردەوام بێت بەدوور نازانرێت هەرێم بكەوێتە دۆخێك چارەسەركردنی زۆر زەحمەتتر بێت.
خولاسەی كەلام. هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. حزبە حوكمڕانەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتیی) لەدۆخێكی زۆر خراپدان، خۆیان نەوتیان سەربەخۆكرد، خۆیشیان موچەی خەڵكیان بڕی هەر خۆیان ریفراندۆمیان كرد، هەرخۆیشیان تەمەنی پەرلەمانیان بەناقانونی درێژكردەوە، هەرچی بڕیاری خراپە بەیەكەوە داویانە، كەچی ئێستا هەریەكەیان بەڕەنگێك موزایەدە دەكات بۆ خۆ رزگاركردن لەو شكستە گەورەی بەسەر كوردستانیان هێناوە. یەكێكیان بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و گێڕانەوەی موچەی فەرمانبەران موزایەدە دەكات و ئەویدیكەشیان دەیەوێت بەهەڵدانی چەتری كوردایەتی شكستەكانی رابردوو دابپۆشێت.
سەرچاوە : سپیمیدیا