كوردستان له‌ نێوان دوو جۆر درۆندا

 

لەتیف فاتیح

 

1-  دوا ڕۆژه‌كانی 2023 ش درۆن وازی له‌ كوردستان نه‌هێنا ، درۆنی توركی كه‌ هه‌ر كوێی گه‌ره‌ك بێت بۆردومانی ده‌كات و ده‌ست له‌ خه‌ڵكی سڤیل و بێچه‌كیش ناپارێزێت ، درۆنی ئه‌و میلیشیایانه‌ش كه‌ هه‌ر جار به‌ بیانویه‌ك په‌لاماری هه‌ولێرو حه‌ریرو شوێنگه‌لی تر ده‌ده‌ن ، واته‌ به‌گشتی ئێمه‌له‌به‌رده‌م درۆنی دوولاداین درۆنێك په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر سلێمانی و سنوری كه‌ركوكه‌و له‌ توركیای فاشیه‌وه‌ دێت ، یان له‌وێوه‌ بۆمان ده‌نێرن ، هه‌ڵبه‌ت به‌ چاوساغی سیخوڕو جاشی نێو خۆ ، توركه‌كان خۆیان ده‌ڵێن  باكوری عیرلقمان پڕكردووه‌ له‌ سیخوڕو به‌ كرێگیراوی خۆمان و باكور ده‌ستبه‌سته‌ی خۆمانه‌ ، درۆنێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان پێده‌چێت ماركه‌یه‌كی ئێرانی بێت و درابێته‌ ده‌ست شروگیه‌كانی عیراقه‌وه‌ تا له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی تاقیبكه‌نه‌وه‌ ، من به‌ ده‌قیقی زانیاری ئه‌وه‌م نیه‌ كه‌ ئه‌م ساڵ چه‌ند جار درۆن بارانی هه‌رێم كراوه‌ ، به‌ڵام كه‌م هه‌فته‌ هه‌بووه‌ ، په‌لاماری درۆنه‌كان نه‌بووبێته‌ هه‌واڵ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكاش به‌ جۆرێك لێره‌ن و زۆربه‌ی وڵاتانیش كونسڵگه‌ریان له‌ هه‌رێم هه‌یه‌. 
 

2- توركیاو ئێران دوو به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌وره‌ی درۆنن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ر سوڕمانه‌ درۆنه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ كار دێنن، له‌ كاتێكا هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ردوو حزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتین هیچ نه‌ماوه‌ بۆ توركیاو ئێرانی نه‌كه‌ن ، تا ئه‌و ئاسته‌ی مه‌سعود بارزانی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بوو له‌ ناو ئامه‌دو له‌ گه‌ڵ ئه‌ردۆغان  بانگه‌شه‌ی بۆ ئاكپارتی ده‌كرد ، كه‌چی هێشتا توركیاو ئێران نه‌ك ڕازی نین ،بگره‌ له‌وه‌ زیاتریان گه‌ره‌ك ، ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ بری هه‌وڵدان له‌ سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕاگرتنی ئه‌و هێرشانه‌ ، به‌رده‌وام خه‌ریكی تانه‌ دانن له‌ یه‌كتر وه‌ك بڵێی هه‌ر لایه‌نه‌و چاوسا و هاوكاری سه‌رداره‌كه‌ی خۆیه‌تی ، ئه‌مه‌ش سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌به‌رده‌م دراوسێ‌ دژه‌كاندا گرگن كردوه‌ ، توركیاو ئێران كه‌له‌ڕوكه‌شدا وا خۆیان نیشانده‌ده‌ن كه‌ هاوكارو پشتیوانی حه‌ماسن ، به‌ڵام تا ئێستا بچوكترین كاردانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر ئیسرائیل نه‌بووه‌ كه‌ غه‌زه‌ی كردوه‌ به‌ وێرانه‌ كه‌چی ده‌رهه‌ق هه‌رێمی كوردستان وێڕای منه‌تی زۆر به‌ سه‌رماندا رۆژ نیه‌ به‌ درۆن به‌یانی باشمان لێنه‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ش وێڕای ترسنۆك نیشاندانی ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان چه‌ند دژو نه‌یاری یه‌كیش بن به‌ڵام كوشتنی كورد خاڵی هاوبه‌شی نێوانیانه‌ .
 

3
 

هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ كه‌ ساڵی 2024 درۆنی توركی و ئێرانی ده‌ستبه‌رداری كوشت و بڕی كورد بن ، له‌ ته‌ك ئه‌وه‌شدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرش و كوشت و بڕانه‌ پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ بن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ردوو زۆنی پارتی و یه‌كێتی دوو زۆنی به‌بارمه‌ته‌ گیراوی ئه‌و دوو وڵاته‌ بن و هیچی تر ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ هیچ ئاماژه‌یه‌ك نابینێت كه‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا لانی كه‌م وه‌ك چۆن كاتی خۆی ناوچه‌ی دژه‌ فڕینیان بۆ كورد دانا هه‌ر به‌و جۆره‌ ڕێگری له‌ هاتنی درۆنه‌كان بكه‌ن ، له‌و نێوه‌نده‌دا كێشه‌ی گه‌وره‌ خۆمانین كه‌ پێكه‌وه‌ نین ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد به‌ تایبه‌ت پارتی ، یه‌كێتی ، پارتی كرێكاران ، له‌ بری ئه‌وه‌ی ته‌دبیرێكی ئه‌و بارو دۆخه‌ بكه‌ن هه‌رسێك به‌رده‌وام كار له‌ سه‌ر خائین نیشاندانی یه‌كتر ده‌كه‌ن ، ته‌نانه‌ت له‌ دوا ڕاگه‌یه‌ندراوی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ناوی حكومه‌ته‌وه‌ خۆی پێنه‌گیراو به‌ بێ‌ ناوهێنانی هیچ لایه‌نێك باسی خیانه‌تی هێنایه‌ گۆڕێ‌ ، وه‌ك چۆن ڕێ‌ دروستكردن بۆ سوپای توركیاو گه‌یشتن به‌ شاخه‌كانی هه‌رێم به‌ خیانه‌ت و چاوساغی دوژمن ناو ده‌برێت، دیار نیه‌ شه‌ڕی درۆنه‌كان كه‌نگێ‌ كۆتای دێت ، دیار نیه‌ كورد كه‌ی واز له‌ ته‌خوینكردنی یه‌كتر دێنن ، به‌ڵام ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌و ئاسانیه‌ له‌ ناو ناچێت و به‌رده‌وامه‌ .

سەرچاوە : سپیمیدیا