كوردستان ئارام نیه‌

 

لەتیف فاتیح فەرەج

1- هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو خۆدا ته‌باو ڕێك بن، له‌ خه‌می هاونیشتمانی و میله‌ته‌كه‌دا بن ، لانی كه‌م سه‌باره‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، پرسی موچه‌، یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، پرسی كه‌ركوك  و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست بن، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و حزبیه‌وه‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگرو وه‌زیرو گزیرپیاوی حكومه‌ت بن و كه‌متر پیاوی حزب بن، ده‌كرێت بڵێن سبه‌ینێ‌ باشتر ده‌بێت له‌ ئێستا، به‌ڵام به‌م ئاوه‌زو ئاكارو سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌رگیز سبه‌ینێیه‌كی باشتر بونی نیه‌ .

2- گوێنه‌گرتن له‌ خواستی مامۆستایان، ئه‌وانه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌وقی به‌ پێغه‌مبه‌رانیان ده‌چوێنێت، هه‌ر گوێ‌ نه‌گرتن نیه‌ له‌وان، هه‌وڵه‌ بۆ په‌راوێزخستنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و گه‌مژه‌كردنیان، داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان به‌و جۆره‌ به‌رهه‌مهێنی گه‌مژه‌ییه‌، به‌رپرسی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یدایه‌، چونكه‌ نه‌گوێ‌ له‌ مامۆستایان ده‌گرن ، نه‌له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن، نه‌باكیان به‌ وێرانكردنی په‌روه‌رده‌یه‌ له‌ سنوری سلێمانی و گه‌رمیان و ڕانیه‌و شوێنه‌كانی دیكه‌، ئه‌و ناوچانانه‌ی كوره‌ی شۆڕش و دژایه‌تی سته‌مكارین .

3- هاواره‌كه‌ی مه‌سعودی نانه‌وا  هاواری هه‌موو هه‌ولێرو دهۆكه‌، تێناگه‌م چۆنیه‌ پارتی له‌بری هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و هاواره‌، دێت هه‌موو ناجۆریه‌كان په‌رده‌ پۆش و ناشرینیه‌كان جوانده‌كات و هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ دوژمن ده‌زانێت كه‌ له‌خه‌مخۆریه‌وه‌ هاواری چاكسازی ده‌كه‌ن،  مادام كار گه‌یشته‌ هاوار با حكومه‌تی پارتی له‌بری گرتن و سزا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ چی بكرێت باشه‌، بۆئه‌مه‌ش هه‌ر قوربانی دانێك ئه‌ركێكی ئاكاریه‌، مه‌سعود نه‌ قسه‌ی زبری كرد نه‌ هه‌ولێریه‌كانی ناشرین كرد، شه‌ڕه‌كه‌ش شه‌ڕی ئه‌ووهه‌ولێریه‌كان نیه‌ ،شه‌ڕه‌كه‌ شه‌ڕی چاكسازی و چاره‌سه‌رو گۆڕانكاری ڕیشه‌ییه‌، كه‌ موچه‌ نه‌بێت نه‌ك  ده‌ نان سه‌ت نانیش بكه‌ی به‌ هه‌زار فلسێك ناهێنێ‌، پاره‌ نیه‌ كێكی چی بخۆن .

4- ئه‌و  داتایه‌ی سنوری گه‌رمیان كه‌له‌باره‌ی هاوسه‌رگیری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌واوی دام و ده‌زگا دادوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و حكومه‌تیش به‌رپرسیار ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ به‌ دواداچوونی ورد بۆ ئه‌م دۆخه‌ بكات و پرسیاری ئه‌وه‌ بكات ئه‌و دۆخه‌ شێواوه‌ خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م وڵاته‌ی گرتوه‌ته‌وه‌ هۆكاره‌كانی چین ، له‌و سنوره‌ له‌ ساڵێكدا 2618 هاوسه‌رگیری كراوه‌و 1352 هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان و ته‌ڵاق ڕویداوه‌، ئه‌مه‌ مه‌ترسیدار نه‌بێت هیچ مه‌ترسیدار نیه‌، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌م تێكچونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیه‌ هۆكار زۆرن ، نه‌بونی، لێكنه‌گه‌یشتن، بارو دۆخی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌بونی بژێوی وكاربه‌ڕێكردی خێرای دادوه‌ره‌كان و نه‌بونی ئامۆژگاری و هتد ، له‌هه‌مووشی خراپتر ئه‌وه‌یه‌ مه‌لایه‌ك به‌ كۆڵێك ڕیشه‌وه‌ له‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانیه‌وه‌ به‌ خاتونێك بڵێت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت جیابه‌ره‌وه‌و داواكارێكی گشتیش نه‌بێت ڕایكێشێته‌ به‌رده‌م دادگا، مۆدێل و به‌ربادییش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت .

سەرچاوە : سپیمیدیا