چیرۆك نووس و رۆمان نووس و نووسەری گەورەی كورد كاكە مەم بۆتانی، ناوی تەواوی (كاكە مەم فەخری سامی سەید سولەیمانە)، لە ساڵی 1937 لە كۆیە لە دایكبووە، باپیری خەڵكی جزیری بۆتانی باكووری كوردستان بووە، لە 10 ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی كردووە، پاشان ماڵە خاڵوانی پەروەردكردنى لە ئەستۆ دەگرێت. كاكەمەم خوێندنی سەرەتایی لە كۆیە و سولەیمانی تەواو كردووە، دواتر بۆ خوێندنی دوا ناوەندی دەچێتە كەركوك، دواجاریش بڕوانامەی لە پەیمانگای باڵای دارستان لە بەغدا وەرگرتووە، هەر زوودەچێتە ناو كاری سیاسی ودەبێتە ئەندام لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دواتر دەبێتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەساڵی 1964 وازی لە حیزبایەتی هێناوە، لە ساڵی 1957 یەكەم چیرۆكی لە گۆڤاری (هەتاو)ی گیوی موكریانی بڵاوكردۆتەوە، لە 10/ی شوباتی ساڵی 1970 لە گەڵ چەند ئەدیب و نووسەرێكی دیكە یەكێتی نووسەرانی كوردیان دامەزراندووە، هەروەها لە نیسانی ساڵی 1970 لەگەڵ هەری هكە لە هاوڕێیانی حوسێن عارف و شێركۆ بێكەس و جەلالی میرزا كەریم و جەمال شاباژێڕی گروپی ڕوانگەی دامەزراندووە، ڕوانگە بزووتنەوەیەكی ئەدەبی نوێخواز بوو كە ئاستی شیعر و ئەدەبی كوردی بەرەو پێشەوە برد، بەڵام نەیارانی ئەم بزووتنەوەیە هەر زوو لێیان بە خۆ كەوتن و پوكاندیانەوە.
لە ساڵی 1974 پاش ڕێكنەكەوتنی سەركردایەتی كورد لە گەل رژێمی ئەو كاتى عیراق، كاكە مەم بۆتانی بۆتە پێشمەرگە لە شاخ، لە ساڵی 1975 كە شۆڕش هەرەسی هێنا هاتۆتەوە و بڕیاری دا كە هیچ لە بەرهەمەكانی لە دام و دەزگاكانی رۆشنبیری ئەو كات بڵاونەكاتەوە، لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2000 ڕاوێژكاری رۆشنبیری بووە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دواتر بۆتە سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد (مەڵبەندی گشتی).
كاكەم بۆتانی كۆمەڵێك شاكاری ئەدەبی لە چاپ داوە لە چیرۆك و ڕۆمان و پەخشانی شیعری و ژیاننامەو بەسەرهاتی خۆی و هەتا لە بواری دارو دارستانیش.
بەرهەمە باو كراوەكانی ئەمانەن: چیڕۆك و كورتە چیرۆكەكانی: (سمكۆڵی ئەهریمەن سولەیمانی ساڵی 1973، بوومەلەرزە لە گۆمی مەندا بەغدا ساڵی 1969، بازنە هەولێر ساڵی 1979، خەرەندی مەرگ هەولێر 1992).
ڕۆمان: (درز هەولێر 1997، كەوشی پەیكەر تاشێكی تر. سلێمانی 2003، میری ئاواییوەرزێر هەولێر 1992).
پەخشانە شیعر: (هۆ-تاكە برا، ڕانیە ساڵی 2003).
مێژووی سیاسی: (لە دوو تۆی یاداشتی شاردایە-عەلی خالید حەمید-چاپخانەی پیشمەرگە ساڵی 1984)، توركمانی كوردستانی باشوور-سامی فەخری سولەیمانی ساڵی 2002.
ژیاننامە: (كاكی كاكان هەولێر 1997، كاكە بلە لە یاد من سلێمانی 2007.
مێژووی بە سەرهاتی نووسەر: (كاكەمەمێكی تر سولەیمانی 2003، ژانە ڕێیە خۆڵە مێشییەكان سلێمانی 2007، بەهاڕێزان سلێمانی 2008.
لە بواری ئابوری: (دارە بەن لە پارێزگای سلێمانی و بەغدا 1985، بەرهەمی رۆژانەی كرێكارانی نەمامگای دارستان هەولێر 1981.
لە بەرواری 13 / 3/ 2019 بەڕێز (نظمی حزوری) قونسولی فەلەستینی لە هەولێر بە بۆنەی ساڵیادی لە دایك بوونی شاعیری شۆڕشگێری فەلەستینی (محمود درویش) بڕوا نامەی ڕێزلینانی داوەتە كاكە مەم بۆتانی.
لە 25 / 10 / 2010 كاكە مەم بۆتانی بە نەخۆشی كۆڕۆنا لە هەولێر كۆچی دواییكرد و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بە خاك سپێردراوە.
سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان