پێش ئەوەى حوکم لەسەر لایەنەکانى ئەم ڕۆمانە بدەم لە تەکنیک و زمان و گێڕانەوە و وێنەکانی ناوى و بارى سایکۆلۆژیی و ئەتنى و نەتەوەیی کاراکتەرەکانى... ئەمەوێ ئەوە بڵێم؛ کە ڕۆمانەکە باس لە دوو سەردەمى جیاوازو دوو شێوە سیستەم دەکات، کە خاوەنی جینۆسایید و قڕکردنن دژ بە ئەو نەتەوانەی کە مێژووێکى دێرینتریان هەبووە لە مێژووى تورکەکان لەسەر ئەم خاک و وڵاتەدا، کە ناوى (تورکیایە).
ئاپێ خانی کوردێک وەک ڕزگارکەری ئەرمەنەکان
مێژووى دەوڵەتى تورکیا، جا چ تورکیاى سەردەمى خەلافەت بێ یان تورکیا کەمالی، مێژووێکى خوێناوییە. پڕە لە بەسەرهاتى کۆمەڵکوژی نەتەوەکانی وەک ئەرمەن و یۆنانى و چەرکەس و کورد. پڕە لە فڕوفێڵی سیاسی، لە خشتەبردنى ئەو نەتەوانەى لە کاتى خۆى و بە پێی پێویستى و بەرژەوەندی (تورک) بەکاریان هێناون لە دژى یەکترى. دەیەی کۆتاییەکانی سەردەمى سوڵتان عەبدولحەمید سەردەمێکى ناخۆشە بۆ کوردان، بەجۆرێک بەشێک لە کوردەکان لەژێر کاریگەرى دیین بەکاردێنێت دژ بەنەتەوەکانی تر، بۆ جێبەجێکردنى مەرامە گڵاوەکانى، بەجۆرێک ئەو ڕوداوە بوتە لەکەیەکى پڕ لە شەرمەزاریی بە نێوچەوانى بەشێک لەکوردو بگرە تەواوی کوردەوە، مەگەر ئەدیبان لەڕێی چیرۆک و ڕۆمانەوە بتوانن ئەم ڕوداوە وەک خۆی بگوازنەوەو لەهەندێ چەواشە پاکی کەنەوە، بەجۆرێک لەرێگەی خەیاڵیانەوە قوڵتر بڕۆن و ئەو نهێنییانە ئاشکرابکەن، تیشک بخەنە سەر هەندێک گۆشە و کەنار، کە لێرە و لەوێ و بە ترس و لەرزەوە چەند مێرخاس و عەگیدێکى کورد توانیان چەند خێزانێکى بەلەنگاز لەم هەڵمەتى لەناوبردنانە ڕزگار بکەن، لەناو سەدان هەزار خێزانى ئەرمەنی کە ئەوان نەبان کۆمەڵكوژدەکران، لەم ڕۆمانەدا، ئاپێ خانی نمونەی ئەو مێرخاسێکى کوردەیە، کە بە دوو شێواز دڵسۆزی خۆى بۆ ئەرمەنە هاوسێ و هاوگەڕەکەکەیان نیشان دەدات. چ ئەوەى نەیهێشت چیرۆکى خۆشەویستى (زیلان) ى کچى و (میکایل) ى ئەرمەنى یان لێرە بە ئاراراتى نووسیوویەتى ناکام ببێ، سەرەڕاى زیندان و تێهەڵدانیش لەسەرى، چونکە ئەم دووانە هەڵگرى دوو شوناسی ئایینى جیاوازن و بە پێی یاسا نابێ کچێکى موسوڵمان شوو بە کوڕێکى گاور بکات! چ ئەوەى لە کاتى هەڵمەتى لەناوبردنى ئەرمەن و یۆنانییەکان دەکەوێتە ڕزگارکردنى چەندین خێزان، بە حەشاردانییان و دواتر پەڕاندنەوەیان بۆ ئەو دیو سنوور.
چیرۆکی خیلاسێۆس و ئیرینا
چیرۆکى (خیلاسیۆس و ئێرینا) یەکێکی ترە لە چیرۆکە جوان و سەرنجڕاکێشەکانى ناو ئەم ڕۆمانە. پڕە لە عەشق و خۆشەویستى و جوانى، وەسفێک بۆ ئێرینا کراوە مەگەر شیعر بتوانێ چوارچێوەیەکى ئاوا جوانى بۆ بدۆزێتەوە! ئەم دووانە هاوژیینى یەکتریین و بە ئایینیش کریستیانن، وەلێ جوانی ئێرینا کە وێردى سەر زارى هەموو مەردوومێکە کە بینییویەتى و زیاد لە هەمووان بۆتە مایەى سەرنج و چاوچنۆکى سینان دۆغان (فەرماندەى باڵاى گورگان خەلاف) یان نوێنەرى سوڵتان لە شارى ئەپیۆلۆ. ئەم جوانییەی ئێریناو حەزی سینان بۆ ئێرینا، ئەبێتە مایەى تیاچوونى سەرى هاوژینەکەى و کوژران بەو نیازەى دواى کوشتنی بەدەستی خودی سینان خۆی، بۆ ئەوەی ئێرینا ببێتە هاوسەری و زەماوەندى لەگەڵدا بکات. دواى پێنج ساڵ ئارامگرتنى ئێرینا و دانانى ژووان لەگەڵ سینان دۆغان، لە شەوێکى تاک و تەنیا و بەکارهێنانى هەموو هونەرەکانى مەکرو ناز و فڕوفێڵ توانى بە هەمان ئەو خەنجەرەى خیلاسیۆسی هاوژینى پێ کوژراوە سینان دۆغان بکوژێت و خۆى و منداڵە پێنج ساڵانەکەى و دایکى لەبەر چاوى خەڵک ون ببن و دواى زەمەنێکى دى و دواى بوون بە سیمبوڵى نەتەوەیی و ناوهاتنى لەڕیزى شەهیدان جارێکى دى لە باوەشی قەشەیەکى ڕوحانى سەرهەڵبداتەوە، بەجۆرێک جوانییەکەی ئئرینا وا لە قەشە دەکات، دەستبەردارى بیرۆکەى (دەستهەڵگرتن لە خۆشیەکانى دونیاو توانەوە لە نوورى یەزدان) ببێ و دواى چێژ و لەزەت و جوانى ئێرینا بکەوێت. چیرۆکى ئێرینا ئەوەندە تراژیدییە، بە دەست خۆت نییە لەگەڵ خوێندنەوەى ناوپەنجەکانت ژان ئەکات. ڕەنگە هۆکارەکەى بۆ ئەو وەسفە جوانە بگەڕێتەوە کە نووسەر بۆ ئێریناى داڕشتووە. گرتووخانەى ئالچین قایە، گۆشەیەکى ترى ترسناک و مەترسیدارە، کە لەم ڕۆمانەدا تیشکى خراوەتەسەر و ژوورەکانى تژى کراون لە گیراوانى ئەرمەن و یۆنانى و تەنانەت کوردەکانیش.
ناوی ڕۆمانەکە و چیرۆکی کەشتیەکە
بەر لە خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە، ناونیشانەکە هیچ سەرنجی ڕانەکێشام. دەمگوت باشە کاک هیوا ئەدیبێکى جواننووسە ئەم ناونیشانە چییە بۆ ڕۆمانەکەى دایناوە، بەڵام کە گەیشتمە ئەو بەشەى باس لە بارکردنى لاشەى دەیان هەزار منداڵ و گەنجى ئەرمەن و کورد و یۆنانى دەکات لەسەر پشتى کەشتیێک کە لە بەریتانییاوە ئەیەوێ بەرەو فەرەنسا ببرێن. ئەم مامەڵە بازرگانییە بە لاشەى مردووى تازە لەنێوان ئەم سێ دەوڵەتە، نازانم لەڕاستییدا تا چەند هەقیقەتى هەیە، بەڵام وەک بابەتێک لەم ڕۆمانەدا بۆ من مایەى تێڕامان و تاسان بوو، هەر بۆیە لە هەڵگرتنى ناونیشانەکە تێگەیشتم نووسەر بە مەبەست ئەو ناونیشانەى هەڵبژاردووە. ئەوەى لەم ڕۆمانەدا لەپاڵ ئەو وێنە تراژیدیانەى دووبارە دەبنەوە و جوان خۆى نمایش دەکات، ئەوەیە لە وەسفى جوانى ناکەوێ، لەباس و پێناسی پیاو و تێڕوانینى بۆ ژیان و ژن ناکەوێ. پڕە لە وێنەى ئیرۆتیکى و سێکسی، لە هەمان کاتیشدا پەیامى مەعریفى قووڵى هەڵگرتوون لە دوواندنى خودا و هێنانەوەى نموونە لەسەر ئافراندنى ژن، کە چۆن ئەوپەڕى سەلیقە و هونەرکارى لە دروستکردنییاندا کردووە. تا زیاتر ڕۆبچییت ئەوەندە گەوهەرى جوان لەم ڕۆمانەدا دەدۆزییتەوە. ئەوەى لەم ڕۆمانەدا وەک پەیامێک بە من گەیشت، ئەوەیە، کورد سەرەڕاى نەهامەتییە زۆرەکانى، هەمیشە لە خەمى ئەوانى دیکەدایە و پەیامى ڕاستەقینەى هەر ئاشتییە. ئەم رۆمانە ئەگەر وەربگێڕدرێتە سەر زمانى ئەوانەى لەم ڕۆمانەدا بەدەستى (تورک) جینۆسایید کراون، ئەگەر خەڵاتى نوسەرەکە نەکەن، ئەوا دەستخۆشانەى گەرمى لێدەکەن. چونکە ئەزانن ئەوەى لەڕابردوودا کراوە هەڵەیەک بووە، دەستى کەمینەیەکى ناپاکى تێدابووە، نەک هەموو کورد، ئەگینا لە زەمینەى ڕاستییدا کورد هاوسۆز بووە لەگەڵییاندا. ئەم ڕۆمانە بە زمان و تەکنیکێکى جوان نووسراوە و دابەشکاریێکى سادە و گونجاوى هەیە خوێنەر ماندوو ناکات. ڕووداوەکان ڕوون و بێ تەمومژن. ڕۆمانەکە لەسەر دوو تەوەر دەڕوات، دواجار لەسەر پشتى کەشتیێک هەموو جەمسەرەکان، یەک دەگرنەوە و کۆتایی بە ڕۆمانەکە دێت. ئەوەندە ماوەتەوە بڵێم، ئەم ڕۆمانە شان لە شانى ڕۆمانە جیهانییەکان دەدات و بە هەموو پێوەرێک سنوورەکانى کوردستانى تێپەڕاندووە و هەقە زمان زانەکان وەریبگێڕنە سەر زمانەکانى دیکەى بیانى. دەست خۆش هاوڕێی ئازیزم بۆ ئەم بەرهەمە جوانەت.
حەسەن هەندرێنی
سەرچاوە: galawej