گومان له‌وه‌دا نییه، سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان دووچاری گه‌لێك قه‌یرانی جیاواز بووه، پێویسته ئه‌م قه‌یرانانه به شێوه‌یه‌كی جدی گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت، تاوه‌كو بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ده‌ستنیشانی كێشه‌كان بكرێت، گفتوگۆی وردی له‌باره‌وه بكرێت و سه‌رنج و بۆچوونه‌كان بخرێته‌ڕوو، ئه‌م سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌ی ئێمه ده‌مێكه نه‌یتوانیوه رۆڵی هه‌بیت له‌په‌روه‌رده‌كردن و دروستكردنی كه‌سایه‌تیدا، لانیكه‌م به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی كه به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی بكات به به‌شێكی جیانه‌كراوه له كه‌سێتی و دنیابینی تاك، ره‌وشت و نه‌ریته به‌رزه‌كان به زیندوویی بهێڵێته‌وه، له ئاستی فێركاریشدا تاكێكی زانستخواز و عه‌وداڵ به دوای مه‌عریفه و زانست‌دا به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵكو له زۆر باردا به‌داخه‌وه تاكێکی بێ ئینتیما و نا په‌یوه‌ست و كه‌م بایه‌خ بۆ فێربوون و زانیاری به‌رهه‌مهاتووه، سه‌ره‌نجامیش كۆمه‌ڵگایه‌كی گرفتار به ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ی قووڵه‌وه دروست بووه.
كام فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی له هه‌رێمدا؟
یه‌كێك له پایه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا بریتییه لە بوونی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی ده‌وڵه‌ت، تاوه‌كو له ژێر رۆشنایی ئه‌و فه‌لسه‌فه په‌روه‌رده‌ییه‌ی ده‌وڵه‌تدا ته‌واوی سیستمی په‌روه‌رده بكه‌وێته كار، ئامرازه په‌روه‌رده‌ییه‌كان بهێنرێنه كایه‌وه و به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌نگاو بنرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ده‌وڵه‌ت لاوازه و خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی روون و ئاشكرا نیه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كه‌س، بنه‌مای دیكه‌ی په‌روه‌رده‌یی جێگای فه‌لسه‌فه په‌روه‌رده‌ییه‌كه ده‌گرنه‌وه، له هه‌رێمی كوردستاندا حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كێكه له‌و حكومه‌تانه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی روونی په‌روه‌رده‌یی نییه، روون نییه ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك تاكه‌كه‌س دروست بكات، چ جۆرێك له هۆشیاری به‌مرۆڤ ببه‌خشێت، ئایا له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی، یان سوشیالیستی، یان نه‌ته‌وه‌یی یان لیبرالی، یان ئاوێته‌كردنی هه‌ندێكیان فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی خۆی داده‌ڕێژێت، كاتێك هێڵه‌كانی ئه‌م فه‌لسه‌فه په‌روه‌رده‌ییه روون نین، ئیدی شتی دیكه جێگای ده‌گرێته‌وه، به بڕوای من له كوردستان دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی جێگای فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌ده‌یی گرتۆته‌وه و په‌روەرده‌ی ئێمە له‌سه‌ر ئه‌و دوو بنه‌مایه داده‌ڕێژرێت. یه‌كه‌میان: ئایین و كه‌لتوری ئایینی، دوه‌میان: داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
هه‌رچی خاڵی یه‌كه‌میانه به‌و پێیه‌ی ئایین و كه‌لتوری ئایینی هێزیكی مه‌عنه‌وی كاریگه‌ره له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، رۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه بهسهربیركردنهوه و په‌روه‌رده‌ی تاكی كورده‌وه، وایكردوه به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر بیت به‌سه‌ر روئیا و بۆچوونی كه‌سانی په‌روه‌رده‌ییه‌وه، كاریگه‌ر بیت به‌سه‌ر دانانی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی رۆڵ ده‌بینیت.
هه‌رچی خاڵی دووه‌میشیانه: نه‌ریت و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه، سیستمی په‌روه‌رده و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی به ته‌واوی له ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌مه‌دایه، سیستم نه‌بۆته هۆی گۆڕینی نه‌ریت و كەلتوری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكو سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌كه، فه‌لسه‌فه پهروەردهییهكه به ته‌واوی كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ئه‌مه و تاكێك دروست ده‌كات كه هه‌موو ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م سیستمه‌ی تێدا چێنراوه.
له راستیدا من ئینكاری ئه‌وه ناكه‌م هه‌ریه‌ك له كەلتوری ئایین و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی دوو پرسی گرنگن، بگره پێویسته دوو بنه‌مای رێز لێگیراویش بن له په‌روه‌رده و سیستمه‌كه‌یدا، به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌ده‌یی ده‌بیت گشتگیرتر و فروانتر بێت، ئه‌و شتانه‌ی لایه‌ن نەرێنین له نه‌ریت و كەلتوردا پێویسته دووریان بخاته‌وه و نه‌بن به به‌شێك له كهسیتی نه‌وه‌ی داهاتووی ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا په‌روه‌رده‌ی ئێمه و ئه‌و روانینه فه‌لسه‌فییه‌ی تیایدا كارده‌كات كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌های گرنگی مرۆڤانه ده‌كات، وه‌ك به‌های راستگۆیی و ده‌ستپاكی، به‌های مرۆڤدۆستی و مرۆڤپه‌روه‌ری، به‌های خۆشویستنی مه‌عریفه و زانست و گه‌ڕان به دوای فێربووندا، به‌ڵام ئه‌و سیستمه‌ی له وڵاتی ئێمه‌دا كارده‌كات تاچه‌ند تاكی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه په‌روه‌رده كردووه؟ ئه‌گه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌یی ئێمه تاكه‌كه‌سی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستپاكی و دڵسۆزی په‌روه‌رده كردووه ئه‌ی ئه‌م هه‌موو مرۆڤه گه‌نده‌ڵ و (پیسڕهوشتی)یه له كویوه دێ؟ ئه‌گه‌ر سیستمه‌كه‌ی ئێمە مرۆڤ شه‌یدای فێربوون و زانستخوازی ده‌كات، ئه‌م له‌شكره نه‌خوێنده‌واره له دنیای ئێمه‌دا له كوێوه دێن؟ ئه‌م ئاسته نزمه‌ی فێربوون و زانین له كوێوه سه‌رچاوه ده‌كرێت؟
قه‌یرانی سیستم
دیاره حكومه‌ت بۆ به‌جێگه‌یاندنی بنه‌ما په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵێك ئامراز و كه‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌یی خستۆته به‌رده‌ست، كه تێكرا به‌شێكی گرنگی سیستمی په‌روه‌رده پێكدێنن، به‌داخه‌وه له وڵاتی ئێمە هه‌ر یه‌كێك له‌م كه‌ره‌سته گرنگانه‌ی ناو سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه، وایكردووه نه‌بیت به یه‌كێك له فاكته‌ره به‌هێزه‌كانی به‌دیهێنانی ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
بۆ نموونه، كادری په‌روه‌رده‌یی (مامۆستا، سه‌رپه‌رشتیار) یه‌كێكه له گرنگترین بنه‌ماكانی ناو سیستمی په‌روه‌رده‌یی، هۆكاری به‌هێزی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كادری په‌روه‌رده‌یی له سیستمه‌كه‌ی ئێمە له ئاستی پێویستی ئامانجه گه‌وره‌كانی فێركردن و په‌روه‌رده‌دا نییه، ره‌نگه هۆكاری به‌هێزی ئه‌مه‌ش ئه‌وه بیت، كادری په‌روه‌رده‌یی پێویسته به‌رده‌وام توانا مه‌عریفییه‌كانی خۆی تازە بكاته‌وه، به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه و خۆی به مه‌عریفه‌ی نوێی په‌روه‌رده‌یی چه‌كدار بكات، خولی نوێ ببیت، هونه‌ری نوێی وانه‌وتنه‌وه و فێركردن، به‌ڵام ئه‌م كادره په‌روه‌رده‌ییە له هه‌رێمدا له دۆخێكی چهقبهستوویدایه، نه مه‌عریفه‌ی په‌روه‌رده‌یی خوێ وه‌ك پێویست نوێ ده‌كاته‌وه، نه زه‌مینه‌ی خۆی خۆ نوێكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه به‌رده‌سته، سه‌ره‌نجام په‌روه‌ده تاكێك به‌رهه‌مده‌هێنی وه‌ك پێویست په‌روه‌رده نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت وه‌ك پێویست فێرنه‌كراوه، ئه‌مه‌ش نهێنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یه كه بۆچی تاكی ئێمە سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندنی بڕیوه، به‌ڵام هێشتا زۆر لادانی په‌روه‌رده‌یی مه‌ترسیداری لێده‌بینین، هیشتا وه‌ك پێویست نه فێربووه و نه فێربوون بووه به خولیا و خه‌ون له‌لای.
كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی ناو سیستمی په‌روه‌رده بریتییه له قوتابخانه‌كان و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌و سیستمه كارگێڕییه‌ی تیایدا باڵاده‌سته، بێگومان له‌م لایه‌نه‌وه كێشه‌ی جدی هه‌یه، چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمدا ژماره‌یان زۆر كه‌متره به‌راورد به ژماره‌ی قوتابیان، زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان ناچار به دوو ده‌وام و سێ ده‌وام بوون، خودی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌كه زۆر كلاسیكه و ده‌رفه‌تی فێربوون و گه‌شه‌پێدان وه‌ك پێویست ناڕهخسێنیت.
پڕۆگرامه‌كانیش یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی ناو سیستمی په‌روه‌رده كه قه‌یرانی زۆری هه‌یه، له رووی ئامانج و په‌یامه‌وه، له رووی توانای فێربوون و گه‌شه‌كردنی زانستییه‌وه، ئه‌و پرۆگرامه‌ی ئێستا هه‌یه پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه، هه‌م له رووی په‌یام و به‌هاوه، هه‌م له رووی ناوه‌ڕۆكه زانستی و فێركارییه‌وه، به جۆرێك دابڕێژرێته‌وه له‌گه‌ڵ پێداویستی ئێستای واقعی هه‌رێم و بنه‌ما په‌روه‌رده‌ییه‌كانی بگونجێت.
په‌روه‌رده دوای سێ ده‌یه، چ ئاكامێك؟
له دوای زیاتر له سێ ده‌یه له حوكمڕانی كورد، گرنگه پرسیار له‌وه بكه‌ین سیستمی په‌روه‌رده چی به‌رهه‌مهێناوه؟ كامه ئه‌و تاك و كۆمه‌ڵگا پهروهردهكراوهیه كه سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێمه به‌رهه‌می هێناوه؟ زیاتر له‌وه‌ش پرسیار بكه‌ین كامانه‌ن فاكته‌ره كاریگه‌ره‌كانی سه‌ر په‌روه‌رده‌ی تاكی ئێمه؟
گومان له‌وه‌دا نییه، په‌روه‌رده و فێركاری تاكی ئێمە تووشی قه‌یران و كێشه‌ی قورس بووه، بگره تووشی شكست بووه، به‌ڵام په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌كان و سیستمه په‌روه‌رده تاكه به‌رپرسی ئه‌و شكسته نین، چه‌ندین فاكته‌ری دیكه هه‌ن به‌رپرسیارن له‌و شكسته، له‌وانه میدیا بێدهربهرستەکان، میدیایه‌ك كه له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین بینه‌ر و زۆرترین لایك و كۆمێنت سه‌رقالی شێواندنی هه‌موو شتێكه، له جیاتی گفتوگۆی عه‌قلانی مرۆڤیان فێری جنێودان و سووكایه‌تی كردووه، حزبه سیاسییه‌كان به بڕوای من رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه له شكستپێهێنانی په‌روه‌رده‌ی تاكدا، چونكه حزبه سیاسییه‌كان خۆیان په‌روه‌رده‌ی سیاسیان نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی هۆكاری كۆكردنه‌وه‌ی كادر و ئه‌ندامه، به‌رژه‌وه‌ندییه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له جیاتی مرۆڤی عه‌قڵانی مرۆڤی گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چیان دروست كرووه، به‌شێك له گوتاری ئایینیش هه‌مان رۆڵی بینیوه، له جیاتی دروستكردنی مرۆڤی مرۆڤدۆست و لێبوورده، مرۆڤی توندوتیژ و پهلاماردهریان دروستكردووه، به‌ڵام دیسانه‌وه پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه، له بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا سیستمی په‌روه‌رده چ ئه‌ركێكی هه‌یه، ئایا دروستبوونی ئه‌م دۆخه له ئه‌نجامی شكستی سیستمی په‌روه‌رده‌وه نایه‌ت؟ پێویسته په‌روه‌رده چ رۆڵێك بگێڕێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی لانیكهمی ئه‌م دۆخه؟ ئه‌مانه و زۆر پرسیاری تر بابه‌تی جدین و شایانی لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆی جدین.
به‌ناز كه‌ریم
سەرچاوە: knwe