عارف قوربانی
سەربارى ئەوەى رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە و رێوشوێنەکانى بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق گیراونەتەبەر، بەڵام بەهۆى بڕیارێکى پێشوەختەى پارتییەوە بۆ بایکۆتى پرۆسەکە، هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە لەوەى لەو وادە دیاریکراوەدا کە بڕیارە رۆژى 10ى حوزەیرانى 2024 بێت، پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت یاخود نا؟
بێگومان ئەمە کێشەیە، بەتایبەت کە وا بۆ ساڵێک دەچێت لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقەوە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە و دام و دەزگە دەستوورییەکانى هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەى لەدەستدانى شەرعیەتى یاساییەوە، بەڵام کێشەکە تەنیا لە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى پەرلەماندا نییە، ئەوەندەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنیش لە عێراق و کوردستان بەهۆى نەمانى متمانەى خەڵکەوە بە پرۆسەى هەڵبژاردن بووە بە کێشەیەکى سەرەکى.
هەڵبژاردن لەدواى هەڵبژاردن رێژەى بەشداریی خەڵک لە دەنگدان کەم دەبێتەوە، لەدوای پرۆسەى هەڵبژاردندا رێژەى ئەوانەى بەشدار نەبوون سێ جار بە ئەندازەى ئەوانەبوو کە دەنگیان داوە. هەرچەندە ئەو رێژە کەمەى کە وەک دەنگدەریش هەژمار کراوە، بەهۆى ساختەکارییەوە هێشتا جێگەى گومان بوو. لە بنەڕەتدا ئەمە کێشەیەکى گەورەیە. نەمانى متمانەى هاووڵاتییان بە دامەزراوەیەکى گرنگى وەک یاسادانان، بگاتە ئەو ئاستەى سێ بەشى کۆمەڵگەى عێراقى بایکۆتى بکات، مەترسیدارە، بەڵام هێشتاش ئەمە هەموو مەترسییەکە نییە، ئەوەندەى دابەزینى کوالێتیی پەرلەمان بۆ ئاستێکى زۆر نزم کە ئەگەر ئیمتیازە زۆر و زەوەندەکانى وەک بزنسێک نەبووایەتە خاڵى سەرنج، کەم کەس هەبوون ماف بەخۆیان بدەن بچنە ئەو شوێنە، ئەمە مەترسییە گەورەکەیە.
بێگومان هۆکارەکانى بێمتمانەیی خەڵک بەم دامەزراوە گرنگە زۆرن، بەڵام لە سەرووى هەموویانەوە رێژەى ئەو ساختەکارییانەن کە لەلایەن حیزبە دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارەکانەوە لە پرۆسەى هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. بەداخەوە هەڵبژاردنەکانى کوردستان خاوەن نێوبانگێکى باش نین لە پاکى و بێگەردیی بەڕێوەبردنى پرۆسەى هەڵبژاردن.
سەرەڕاى ئەوەى بەڕەهایى باوەڕم وایە لە هیچ خاڵێکدا بەغدا نموونەى باڵا نییە بۆ کوردستان، بەڵام حاڵى پەرلەمانى عێراق بەو هەموو سەرنجەوە لە حاڵ و لە ناو و ناوبانگ و متمانەى خەڵک پێى، لە ئاستى پسپۆڕیى و شارەزایى و لێهاتوویی ئەندامەکانییەوە بیگرە تا بینینی رۆڵى چاودێریکردنى حکومەت و شێواز و جۆرى دەرچوواندنى یاساکانییەوە تا دەگاتە سومعەى دامەزراوەکە و سەربەخۆیى لە کارەکانیدا، زۆر لە پەرلەمانى کوردستان باشترە.
نەک بەراورد بە پەرلەمانى عێراق، تەنانەت ئەگەر بەراوردى پەرلەمانى کوردستان لەنێوان خولەکانى خۆیشیدا بکەین لە پێگەو متمانەى خەڵک بە دامەزراوەکە و سەرۆکایەتیکردنى و کەسایەتییەکانى نێو پەرلەمان، رۆڵى سیاسى و یاسایى ئەم دامەزراوە گرنگە بخەیتە بەر نەشتەرى هەڵسەنگاندن، هەموو کەس هەست بەوە دەکات خول لەدواى خول رۆڵ و پێگە و کوالێتییەکەى روو لە دابەزینە.
بۆیە لەخۆڕا نییە ساڵ لەدواى ساڵ رێژەى بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن کەمتر دەبێتەوە و هاووڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان کەمتر دەبێتەوە. هەڵبژاردن زۆر بێ سومعە بووە، زۆرێک لە کەسانى خاوەن پێگە و پسپۆڕ و شارەزا خۆیان لە پرۆسەکە بەدوور دەگرن و ناوێرن بچنە نێو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە. شوێنى ئەوان بە کەسانى نەشارەزا و گۆرانیبێژ و ئەکتەر و بێژەرى رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان پڕ دەکرێتەوە، چونکە کەسانى هۆشیار دەزانن ئەوەى بڕیار دەدات کێ بچێتە پەرلەمان دەنگى راستەقینەى دەنگدەر نییە، بەڵکو جۆر و رێژەى ئەو ساختەکارییەیە کە دەزگاى هەواڵگریى حیزبەکان و وڵاتان دەیکەن.
ئەگەر پێشتر ساختەکارى بەشێوەى تەقلیدى دەکرا، بە چەندبارە دەنگدانەوەى دەنگدەر بەهۆى سڕینەوەى مەرەکەبى پەنجەمۆر، بە دەنگدان لە برى ئەو دەنگدەرانەى مردبوون، یان بە پڕکردنى سندووق لە دەنگى زیادە، یاخود بە گۆڕینى سندووق لەکاتى گواستنەوەى لە بنکەکانى دەنگدانەوە بۆ بنکەى سەرەکى، یاخود لەکاتى فەرزى دەنگەکان و راگەیاندنى ئەنجام و چەندین شێوازى دیکە. دەکرا ئومێد لەسەر ئەوە بینا بکرێت ئەو پێشکەوتنانەى لە بوارى زانست و داهێنانەکانى بوارى تەکنەلۆژیا هاتوونەتە ئاراوە، بە داهێنانى سیستمى ئەلیکترۆنى بە پشتبەستن بە بایۆمەترى و خوێندنەوەى پەنجەمۆرى ئەلیکترۆنى و دەنگدان بە سیستمى ئەلیکترۆنى، هەروەها چاودێریکردن لەکاتى دەنگدان و کردنەوەى سندووقەکان، چاودێریی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و میدیا، کە تا ئەندازەیەک رێگەى لەوە گرتووە بەشێوە تەقلیدیەکەى پێشتر ساختەکارى بکرێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێستا بەشێوەیەکى رێکخراو بە پرۆگرامکردنى خودى سیستمە ئەلیکترۆنییەکە یارى بە دەنگ و دەرئەنجامەکانەوە دەکرێت. کە ئەمەیان زۆر لە شێوازەکانى ساختەکارى پێشووتر مەترسیدارترە.
ئێستا کە لەبەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانداین و ساڵى داهاتووش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەدەچێت، دەمەوێ لێرەدا رووداوێک بگێڕمەوە بە ئامانجى ئەوەى یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ رێگری لە ساختەکاریی رێکخراو. ساڵى 2018 بوو لە سەروبەندى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئێوارانێک کاک کۆسرەت گوتى با پێکەوە بچین بۆ گوڵەخانە و ئێوارە میوانى کاکەحەمەین. دوو دۆستى دیکەشمان لەگەڵ خۆمان برد و رۆیشتین. لە قسەوباسى سیاسیی ئەو ئێوارەخوانەدا کاکە حەمە گوتى، لەم ماوەیەى رابردوو چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن وەفدێکى خزمانى ئێران هاتن بۆ ئێرە، (حاجى قاسم سولەیمانى و مەسجدى ) و کۆمەڵێک ناوى دیکەی گوت. روون و راشکاو گوتوویانە هاتوین لەم هەڵبژاردنە یارمەتیی یەکێتی، پارتى و کۆمەڵى ئیسلامى بدەین و ناهێڵین حیزبەکەى دکتۆر بەرهەم و شاسوار عەبدولواحید دەنگى زۆر ببەن. گوتى، لێم پرسیون چۆن ئەمە دەکەن؟ گوتوویانە لەڕێگەى هاککردنى سیستمە ئەلیکترۆنییەکەوە دەیکەین.
دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەوکاتە و رووداوە سەیروسەمەرەکانى هەندێ لە سندووق و بازنەکانى هەڵبژاردن لە شار و شارۆچکەکانى کەرکووک و هەرێمى کوردستان، ئەو قسەیەى کاکەحەمە دەسەلمێنن کە چۆن یارى بە پرۆسەى هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى کراوە. وەک رۆژنامەنووسێکیش لە بەدواداچوونەکانم و وەرگرتنى زانیارى لەوانەى ئاگادارى پرۆسەکە بوون لەنێو کۆمیسیۆن و دەرەوەى ئەو دەزگایە، لەوە تێگەیشتم چیان کردووە، کە ئەم وتارە شوێنى گێڕانەوەیان نییە، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم یەکێک لە رێگەکانى ساختەکاریی رێکخراو بەهۆى قەڵەمە سیحرییەکەى هەڵبژاردنەوەیە.
ئەو قەڵەمەى هاووڵاتییان دەنگى پێدەدەن و دەیخەنە نێو سندووقەکەوە، پاش کەمێک رەنگەکەى نامێنێت. لەوکاتەى کارتى دەنگدانەکە دەخرێتە نێو سندووقەکەوە، ئامێرەکە بەپێى ئەو پرۆگرامینەى بۆى کراوە ناو یان لیستێک دیارى دەکات و دواجار ئەو دەنگە تۆمار دەکرێت. بۆیە لەکاتى پێداچوونەوە و هەر تەئکیدکردنەوەو تەنانەت بەدەست ژماردنەوەیشدا ئەو دەنگانەى ناو سندووقەکە و ئەوەى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکە خوێندوویەتییەوە بەراورد بکەیت، هیچ ئاماژەیەکى ناڕاستى تێدا نییە.
بۆیە بۆ ئەوەى رێگە لە ساختەکاریی رێکخراوى دەزگاى هەواڵگریی وڵاتان و دەزگا ئەمنییەکان بگیرێت، هەق وایە حیزبە بەشدارەکانى هەڵبژاردن و کەسانى سەربەخۆ کە بەشداری پرۆسەکەیان کردووە، بەتایبەت ئەوانەى کە تەنیا پشت بە دەنگدەر دەبەستن، لە ئێستاوە گوشار بکەن کە رێگە نەدرێت هاووڵاتییان بە قەڵەمى سیحرى دەنگ بدەن، با بە قەڵەمى ئاسایى (جاف) دەنگبدرێت.
ئەگەر کۆمیسیۆنیش گوتى قەڵەمى جاف لەسەر ئەو کارتە نانووسێت و پێویستە هەر بە قەڵەمە سیحرییەکە دەنگ بدرێت، ئەوکات روون دەبێتەوە "کەر لە کوێ کەوتووە و کونە لە کوێ دڕاوە."
* ئەم وتارە لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە.
سەرچاوە : خەندان