قوربان بۆ تەویلەکە!!

دەڵێن خەلیفە مەئمون حەزی لە شیعر بووە و حەزیشی لێ نەبووە. رۆژێک شیعرێکی قۆڕی نووسی و لە دیوەخانی کۆشکەکەی لەبەردەم دەست و پێوەندەکەی و میوانەکانیدا بەوپەڕی کرچ و کاڵی و ناسازییەوە خوێندییەوە، کە ئەبو نەواسیشی تێدابوو، هەر هەموویان چەپڵەیان بۆ لێدا و دەستخۆشیان لێکرد بۆ جوانی و روانبێژی شیعرەکەی، بەڵام ئەبو نەواس هەر  سەیریشی نەدەکرد، خەلیفە مەئمون روویکردە ئەبو نەواس و پێی وت:  شیعرەکەمانت بەدڵ بوو ئەی شاعیر؟ ئەبو نەواس وتی: نەبەخوا، نە بۆنی شیعرم لێکرد، نە رەوانبێژی. خەلیفە ناوچەوانی دا بەیەکدا و تووڕە بوو، فەرمانیکرد یەک مانگ لە تەویلەدا بەندی بکەن، دەبێت یەک مانگ لەگەڵ کەر و مەڕو ماڵاتدا بژی، یەک مانگی تەواو کرد، دیسان بانگ کرایەوە بۆ کۆڕی خوێندنەوەی شیعری دووەمی خەلیفە کە لە شیعری یەکەم قۆڕتر بوو، خەلیفە شیعرەکەی خوێندەوە، ئەبو نەواس یەکسەر هەڵسا و بەرەو لای پاسەوانەکان رۆیشت، خەلیفە لێی پرسی بۆ کوێ ئەی شاعیر؟ ئەبو نەواس وتی: بۆ تەویلەکە قوربان.