لەتیف فاتیح
ڕێک لەم بارو دۆخە هەستیارو پڕ مەترسیەی ڕۆژ ئاوادا، دەسەڵاتی ماوە بەسەرچوی خۆسەپێنی باشور، دەستی ناوەتە بینا قاقای میلەتەکەی، ئەو میلەتەی بەهەموو شێوەیەک دەست و پشتی ئەو ستەمکاریەی گرتوە، عەرەب قسەیەکیان هەیە زۆرجار ڕژێمی بەعس دەیانگوتەوە، بڕینی قوڕگ نەک بڕینی قوت،کەچی ئەم برادەرانە بەناوی کوردایەتیەوە خەنجەریان ناوەتە قوت و قوڕگی گەلەکەیان.
یەکێک لەمنەتەکانی ئەم حکومەتەو دەفژەنەکانی ئەوە بوو گوایە موچە لەکاتی خۆیدا دەدەن، ئێستا ئەوە ماوەیەکی زۆرە حکومەتی عێراقی و خاتو تەیف پارە دەنێرن و ئەمانیش پارەی باج و سەرانەو سنورانە حەپەلوش دەکەن و ئێستاش بەبیانوی ئەوەی نوقستانی هەیە دەست بەسەر ئەو پارەیەدا دەگرن کە حکومەتی عێراقی دەینێرێت، سەیر ئەوەیە مانگی دەیان نەداوە لیستی یازدەو دوازدە بۆ عێراق دەنێرن، عێراقی ئیحتیلال و بای بای بەغداو موفلیس.
برادەرانی دەسەڵات زۆر باسی شکۆو کەرامەت دەکەن، وەک ئەوەی نەزانن شکۆو کەرامەت کاتێ دەشکێ کەمرۆڤ ناچار بێت بۆ قوتی خۆی پەنا بەرێتەبەر کاری نەشیاو، شکۆو کەرامەت کاتێ دەشکێ کە پێشمەرگە گیرفانی خاڵی بێت و نەتوانێ شیر بۆ مناڵەکەی بکڕێت، کاتێ دەشکێ کە دەسەڵاتداران لەو پەڕی تێری و پۆشتەو پەرداخیدا بن و مناڵەکانیان لاسای مناڵی دیکتاتۆرەکان بکەنەوەو موچە خۆریش لەمانگی دوازدەدا موچی مانگی دەی وەرنەگرتبێت، پێدەچێت ئەوان هێشتا نەزانن شکۆ شکاندن چیە، بۆیە سڵاو لەخۆڕاگری موچە خۆران دەکەن و لەکەناڵەکانەوە سڵاویان بۆ دەنێرن.
ئەوانەی بانگەشەی دەوڵەتسازیان دەکرد ، شەرمێکی گەورەیە نەتوانن ژیانێکی شیاو و شایستە بۆ هاوڵاتیەکانیان دابینبکەن، هەموو مانگێک لەبەر بەغدا بلاڵێنەوە، بەغدایەک کەئێستاش عەڕابە ساختەچیەکانی کوردایەتی بەدەم جنێوی پێدەدەن و بەدەست سواڵی لێدەکەن.
سەرچاوە : سپی میدیا