ئاسۆس هەردی
رۆژگارێکی دوورو درێژە لە کوردستان و لە فەرهەنگی حیزبەکاندا، پۆست و پارەو ئیمتیاز هیچ پەیوەندییەکیان بە لێهاتوویی، لێزانی و شایستەییەوە نەبووەو نیە. ئەگەر ملکەچی حیزب و بەتایبەت سەرکردەکان بیت، دەشێت لە "پڕێ ببیتە کوڕێ"، تەنانەت ئەگەر هیچ لەبارانەبوویش بیت! بە پێچەوانەیشەوە دەشێت لە چاوترووکانێکدا "بتخنە سەر ساجی عەلی"، ئەگەر بە ماندوو بوونی خۆت و لێهاتووییش شتێکت بەدەست هێنابێت. ئەمە رێسای نەگۆڕی کوردستانی دوای راپەڕینە. تەنانەت بینیومانە کاتێک کەسێک یا بەرپرسێک "سەنگەر"ی گواستبیتەوە، تۆمەتی سەیرو سەمەرەی بۆ ئاڕاستە کراوە. کاتێکیش گەڕاوەتەوە، هەموو تۆمەتەکان سڕدراونەتەوە.
لێرەدا قسە لەسەر ململانێی سیاسیی نیوان و ناوخۆی حیزبەکان ناکەم. ئەوەی لەم رووداوانەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر مایەی لەسەر وەستان و تێڕامانە:
١- ئەگەر دەزگایەک یان ناوەندێکی رۆشنبیری موڵکی حیزبەو بەرپرسەکەی پەیوەندیی بە حیزبەوە نەماوە (وەکو روونکردنەوەکەی خۆیان دەڵێت)، ئایا رەوایە کتوپڕ هێزی ئەمنییان بنێریتە سەر، هەرچی لەوێیە بیانکەیتە دەرەوەو قوفڵ لە دەرگاکەی بدەی؟ ئایا رەوایە ناکۆکی و ململانێ لەسەر خاوەندارێتی بە زەبری هێز یەکلابکرێتەوە؟ ئەی کوا بڕیاری دادگا؟ کوا یاسا؟
٢- سەرباری تێبیننەکان لەسەر (بنکەی گەلاوێژ)و (ناوەندی چاودێر)، سەیر نیە حیزبێک خۆی بە سۆشیال دیموکرات بناسێنێ، کەچی بە زەبری هێز دەزگایەکی رۆشبنیری دابخات کە لانیکەم خۆی بە ناوەندێکی "رۆشنگەر" دەزانێت، لە هەمان کاتیشدا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە رەوتێکی دینی بکات کە خاوەنی دەمارگیرترین و داخراوترین فۆرمی دینە؟!
٣- ئەگەر ئیدارەکردنی ئەم دەڤەرە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، واتە هەر کەسێک لە کێشەیەک یان ناکۆکییەکدا خۆی بە خاوەن ماف بزانێ و بۆی هەبێ بە هێزی چەکدار "مافەکەی" وەربگرێتەوە، جگە لە پاشاگەردانی چی دیکە چاوەڕیمان دەکات؟
سەرچاوە : اپی میدیا