فێمینیستەكان ڕكیان لەپیاوان نابێتەوە

تا ئێستەیش لەوڵاتانی پێشكەوتووی ڕۆژئاوا، بەتێڕوانینی پیاو دەڕوانرێتە جیهان (فیگن و دوسی، 2018). جیهانبینی پیاو زاڵە لە بوارەیلی سیاسەت، ئابووری، سەربازی، ئەدەب، فەلسەفە، هتد (جێفریس، 2008).  لەبەر هەندێ، بزووتنەوەی فێمینیستی هەس. لەبەر هەندێ، تیۆری ڕەخنەی فێمینیستی هەس لەبواری ئەدەبدا. تا ئێستەیش لە ئەمریكا، مووچەی پیاو و ئافرەت یەكسان نییە. واتە: ئەگەر پیاوێك و ئافرەتێك لە یەك شوێن كار بكەن و هەمان پێگەیان هەبێت، پیاوەكە زیاتر وەردەگرێت (ئەگەر پیاو هەزار دۆلار وەرگرێت، ژن 750 هەندێ جار 550 بۆ هەمان پۆست) (ئۆلیز، 2013). كاتێ دەرمانێك بۆ پیاو و ئافرەت دروست دەكرێ، زۆربەی جار تەنیا لەسەر پیاو تاقی دەكرێتەوە، یان تەنیا ڕای پیاوان وەردەگیرێت (لۆیس، 2018). بۆیە گرنگ نییە بەلایانەوە ئەگەر دەرمانەكە كاریگەریی خراپی هەبێت لەسەر تەندروستیی ئافرەتان. باشە بۆ بیریان بۆ ئەمە نەچووە؟ بیریان بۆ چووە، بەڵام هەموو شتێك لە ڕوانگەی پیاو و ئەزموونی پیاو دێتە نۆڕین (لۆیس، 2018). 
بە گشتی، لە ڕۆژئاوا لەهەموو بوارەكانی ژیاندا، ئافرەت دێتە چەوساندنەوە (فیگن و دوسی، 2018). ئامانجی ئەم تیۆرە ئەوەیە ڕەخنە لەڕۆمان، چیرۆك و شیعر بگرێت ئەگەر پرسەكانی ئافرەتیان وەلانا، یان پاڵپشتی چەوساندنەوەی ئافرەتیان كرد، یان نوێنەرایەتیی ئافرەتیان نەكرد.
لە 2017، پڕ فرۆشترین سەت كتێبی منداڵانیان خستە ژێر هاوێنە. زۆربەی ڕۆڵە باشەكان درا بوون بەكارەكتەری كوڕ. كارەكتەری كچ لاوازو چاو لەدەستی كوڕان بوون. سەتا نەوەتی باشترین نووسەرانی دنیا پیاوانن، هێندە مەجال و گرنگی نادەن بەدەنگی ئافرەت. لەسینەما، لەئەدەب، لەهونەر، زانست و كایەكانی تری ژیان، پیاو باڵا دەستە (لۆیس، 2017). ئەوە لەڕۆژئاوا.
لۆیس تایسۆن (2018) دەڵێ ئەو لەپڕۆسەی چاكبوونەوەیە، ئەو هەوڵ دەدات لە ژێر كاریگەریی پیاوسالاری بێتە دەرەوە. لۆیس تایسۆن نووسەر و ڕەخنەگرێكی دیاری ئەدەبی ئەمەریكییە. بە تێڕوانینی من، تەواوی فێمینیستەكان، تەواوی ئافرەتانی خاوەن بۆچوون و پێگە و ئابووری و كیانی سەربەخۆ لەو هەوڵە دان، چونكە ڕەگی پیاوسالاری هێندە ئەستوور و درێژە، بە سی ساڵ قوت ناكرێت. لە هەشتاكانیش، ئافرەت پێی عەیب بووە بڵێ نووسەرە (جێفریس، 2008). ئەوە لە ڕۆژئاوا.
ئەقڵییەتی نەریتیی ڕۆڵی جێندەر هێندە ڕەگی داكوتاوە، ئاسان نایەتە هەڵكەندن. ئەو ئەقڵییەتە لە بیری هەموو تاكێكی ڕۆژئاوای چاندووە كە پیاو بەهێزترە، وەستایە، بەرگەگرە، زانایە؛ ئافرەتیش لاوازە، بەسۆزە و بەرگە ناگرێ، زانا نییە، بەڕێوەبەر نییە، هتد. هەندێ جار دەپرسم، تۆ بڵێی مرۆڤ پرۆگرام نەكرا بێت بەو ئەقڵییەتە؟  
نێرسالاری هەموو شتێكی ئەرێنی داوەتە پیاو و هەموو شتێكی نەرێنی داوەتە ئافرەت (لۆیس، 2018). باسی هەر شتێك دەكەی، پیاو تێیدا پاڵەوانە و ئافرەتیش یەخسیر. سەیری چیرۆكی ساندرێلا بكە (بەداخەوە شانازی پێوە دەكەین؛ هەیە دەڵێ كچەكەم هێند مەرەقی ساندرێلایە، خەون و خەیاڵی بووەتە ساندرێلا). ساندرێلا جیهانێكە پیاو لە مێشكی كچاندا دەیچەقێنێت: كچ دەبێ ملكەچ بێ، چاوەڕێ بكات هەتا پیاوێك دێ ڕزگاری بكات. كە دەڵێم ڕەگی ئەستوورە، ئەوەیە مەسەلەكە. وەرە سەیری (جوانی و جانەوەر) بكە، دیسان ئافرەتەكە لاوازە، دەبێ ئاژەڵێكی نێرینە بێ ڕزگاری بكە. ئیتر سەتان نموونەی لەم جۆرە هەن لە شیعر و ڕۆمان و چیرۆكدا كە پاڵپشتی نێرسالاری دەكەن. 
لۆیس تایسۆن (2017) دەڵێ ئەدەبی نێر هێندە بە شێنەیی بەربووەتە گیانی ئافرەتان، وای لێهاتووە نێرەئەدیب بڵێن، "كوا شتی وا نییە." واتە نكووڵی لێ دەكەن. لە فەزای ئەدەب و تەواوی بوارەكانی تر لە كوردستان، زۆر جار، هەمان قسە دەبیستین، "كوا غەدر لە ئافرەت دەكرێ، ئەوە نییە هەموو شتێكیان هەیە." ئەوەیە ئەقڵییەتی نێرینە. 
خۆشبەختانە كۆمەڵێك ڕۆمان هەن توخمی فێمینیستیان تێدایە و ڕەخنە لە نێرسالاری دەگرن و ڕەتی دەكەنەوە. بۆ نموونە: ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبڕام، (زەیتوونستان)ی كەریم كاكە، (كچانی دووكەڵ و ئاگر)ی ئاڤا هوما و (مرۆڤی هەرزان)ی بەندە.
 لێرە زێتر دەپڕژێمە سەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان هەوڵێكە بۆ تێكشكاندنی ئایدیۆلۆژیای نێرسالاری لە كۆمەڵگەی كوردیدا. دەسەڵاتی پاڵەوانیبوون لە پیاو وەردەگرێتەوە و دەیدات بە ئافرەت. لە ڕێگەی كارەكتەرانی وەك شووشە، مێتال، خێزانی سامی سێڵ، خێزانی بێرنی لومۆ، خێزان و كچەكانی ئیمام حەكیم و چەندان ئافرەتی تر، ڕۆمانەكە هێزی هەقیقی ئافرەت پێشان دەدات.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە تەواوی ئەقڵییەتی كۆنی جێندەری ڕەت دەكاتەوە. پێمان دەڵێ خۆ هەر پیاو فریادڕەس نین، سەركردەی دەریا و وشكانی نین، نەخێر. شووشە كارەكتەرێكی ئافرەتی گەنجی كەمئەندامە، دەتوانێ ببێتە فریادڕەس، هەموو دنیا چاویان لە دەستی ئەوە، چاویان لە پڕۆژەكەی ئەوە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەی پیاو خۆی ناكاتە خاوەنی هەموو شتێك، ڕكی لە پیاوان نابێتەوە. تیمێك پێك دێنێت و لە ڕێگەی كاری تیمەوە پڕۆژەكەی جێبەجێ دەكات. بە پێچەوانەوە، لە ڕۆمانەیلی تر تەواوی هێز و پێگە دەدرێنە یەك پیاو. وەرە سەیری فیلمەكانی هۆلیود بكە، فیلمە هیندییەكان، پیاوێك دەتوانێت هەموو شتێك چاك بكاتەوە، هەر پیاوەكەیە ژنەكە ڕزگار دەكات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەقڵییەتی نێرینەیە.
مرۆڤی هەرزان تێڕوانین و دیدگەی لەمەڕ پێگەی ئابووری، زانستی، كۆمەڵایەتی، سیاسی و فەلسەفی ژن دەگۆڕێت لە نەرێنییەوە بۆ ئەرێنی. ئەقڵییەتی نێرینە پێمان دەڵێ ژن ناتوانێت پڕۆژەیەكی گەورە بەڕێوە ببات، ناتوانێت تیمێكی زانایان بەڕێوە ببات، ناتوانێت بیرۆكەیەكی هەبێت هەمووان پێی سەرسام بن، ناتوانێت مرۆڤ ڕزگار بكات. ئەم ڕۆمانە دەڵێ نەخێر، وا نییە. ئەوەتا شووشە و ئەوانی تر دەتوانن هەموو ئەو كارانە بكەن.
لە سەرووی هەموو ئەوانەوە، مرۆڤی هەرزان تێڕوانینی نێرینە بۆ لایەنی دەروونیی ئافرەت بە تەواوی تێك دەشكێنێت. شووشە زانایە لە بواری دەروونیی تەكنەلۆژیای زیرەك، دەتوانێت دەروونیی مرۆڤ لەو سەردەمە پێشكەوتووەدا چێتر و قووڵتر بخوێنێتەوە لەچاو دەروونناسە پیاوەكانی پێش خۆی. بۆیە دەتوانێت بیرۆكەیەكی بەهادار پێشكێشی مرۆڤایەتی بكات.
ئەقڵییەتی نێرینە تۆوی ئەوەی چاندووە گۆیا ئافرەتی داهێنەر نییە، هەشبێت پیاوێكی لەپشتە. ئەمە ئەوپەڕی كۆلەوارییە. مرۆڤی هەرزان ئافرەتی سەربەخۆ و داهێنەر زەق دەكاتەوە، ئەمەش هەوڵێكی نوێیە لە ئەدەبی كوردیدا. شووشە داهێنەرێكە دنیا سەرسام دەكات لەبوارەیلی زانستی تەكنەلۆژی، فەلسەفەو دەروونناسی و ڕۆحانییەت.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان دەیان پرسی تری تێدایە پێوەست بەتیۆری فێمینیستی، هیوادارم ڕەخنەگرانی تر بێن كار لەسەر ئەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریش بكەن كە لەسەرەوە ناوم هێناون.

سەرچاوەكان
Feagin, J.R. and Ducey, K., 2018. Racist America: Roots, current realities, and future reparations. Routledge.
Jeffreys, S., 2008. Keeping women down and out: The strip club boom and the reinforcement of male dominance. Signs: Journal of Women in Culture and Society, 34(1), pp.151-173.
Lois Tyson (2018). Critical theory today. New York: Routledge. 
Lois Tyson (2017). Critical theory today. New York: Routledge.  
Oelz, M., Olney, S. and Tomei, M., 2013. Equal pay: An introductory guide.
گۆران سەباح (2021). مرۆڤی هەرزان. نووسیار:کۆپنهاگن

گۆران سەباح
May 9, 2022

 

 

سەرچاوە: galawej