فێستیڤاڵێکی فیلم لە پاریس رۆژێک بۆ کەرکووک تەرخان دەکات

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ژان رەوچ لە پاریسی فەرەنسا، رۆژێک بۆ کەرکووکی باشووری کوردستان تەرخانکردووە و چەند فیلمێک لەبارەیەوە پێشاندەدرێن، یەکێک لەوانە فیلمێکی کەی بەهار، دەرهێنەری کوردە.
کەی بەهار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ژان رەوچ لە پاریس، چالاکییەکی چوار رۆژە ئەنجام دەدات و بە شاری کەرکووک، حەلەب، بەیرووت و ئەسکەندەرییە تایبەت کراوە، تێیدا چەند فیلمێک پێشاندەدرێن، دواتر لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی فیلمەکان و ئەو چوار شارە دەکرێت.

چالاکییەکە لە 21-24 تشرینی دووەمی 2022 لە پاریس بەڕێوەدەچێت و هەر رۆژەو بۆ شارێک تەرخانکراوە و چەند فیلمێک پێشاندەدرێن.

فیلمێکی ئەو دەرهێنەرە بەناوی 'گەڕانەوە بۆ کەرکوک، ساڵێک لە ناو ئاگر' وەک فیلمی سەرەکی بۆ ئەو چالاکییەی هەڵبژێردراوە، کەی بەهار لەمبارەیەوە دەڵێت، رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ژان رەوچ، فیلمەکەیان لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بینیبوو و فیلمەکە هۆکاری ئەوە بووە، رۆژێک بۆ کەرکووک تەرخان بکەن و لەگەڵ چەند کورتەفیلمێک پێشانی بدەن.

کەی بەهار، روونیشیکردەوە، بۆ ئەو چالاکییە بانگهێشتکراوە و ئامادە دەبێت و لەدوای پێشاندانی فیلمەکان، لە پانێڵێکدا بەشدار دەبێت و لەبارەی کەرکووک و فیلمەکەی زانیاری دەدات.

سەرۆکایەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ژان رەوچ، ساڵانە ئەو چالاکییە ئەنجام دەدات و چەند شارێک دیاریی دەکات و فیلم لەبارەی شارەکە پێشاندەدات و گرنگی بەو شار و میللەتانە دەدات کە کەمتر ناسراون.

'گەڕانەوە بۆ کەرکوک، ساڵێک لە ناو ئاگر' لە 2005-2006 بەرهەمهاتووە و لە چەندین کەناڵ پێشاندراوە، لەوانە تۆڕی میدیایی رووداو، بی بی سی و جەزیرە و چەندین کەناڵی دیکە و دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.

بەشێکی بەڵگ فیلمەکە باس لە ژیانی کەی بەهار دەکات کە لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە سەردەمی رژێمی بەعس لە کەرکووک، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت، دوای 25 ساڵ لە دەربەدەری، ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی بەریتانیا، گەڕایەوە زێدی خۆی بۆ بەشداربوونی لە پرۆسەی دەنگدان لە یەکەمین دەنگدان دوای نەمانی رژێمی بەعس.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چالاکییەدا ئامادە دەبێت و ژمارەیەک کەسایەتی بانگهێش دەکرێن کە بایەخ بە دۆزی کورد دەدەن.

کەی بەهار، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری فیلمە و لە بەریتانیا دەژی، خاوەنی 21 فیلمی کورت و درێژە، لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فیلم و میدیا لە کۆلێژی بیرکبێک لە لەندەنی بەریتانیا بەدەستهێنا و ماستەری لە فیلمکاری لە زانکۆی باس سپای بەریتانیا لە 2020 بەدەستھێنا.

یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردە، بەناوی 'I am Sami'یە کە زیاتر لە 150 پێشاندانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە و 53 خەڵاتی بەدەستهێناوە.

 

 

سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق