فیلمێکی کوردی لە 47مین فێستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبۆری کێبڕکێ دەکات

 

 

دیمەنێک لە فیلمی 'کاتێک گەڵای دار گوێزەکان زەرد دەبن'
دیمەنێک لە فیلمی 'کاتێک گەڵای دار گوێزەکان زەرد دەبن'

 

پەسار فایەق

فێستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبۆری

 

فیلمی کوردی 'کاتێک گەڵای دار گوێزەکان زەرد دەبن' لە دەرهێنانی محەممەد عەلی کونار، لە 74مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆتۆبۆری بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.

هەڤاڵ نایف، ئەکتەری سەرەکییە لە فیلمەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی 74مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆتۆبۆری بەشدارە. گوتیشی، مایەی دڵخۆشییە بۆیان کە فیلمەکەیان لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدایە.

روونیشیکردەوە، لە باکووری کوردستان وێنەگیراوە و باس لە موختاری گوندێک دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پلانیان هەیە فیلمەکە لە فێستیڤاڵی دیکەدا بەشداری پێبکەن و دواتر لە باکووری کوردستان و تورکیا پێشاندەدرێت.

'کاتێک گەڵای دار گوێزەکان زەرد دەبن' سێیەمین فیلمی محەممەد عەلی کونارە و دوو فیلمی پێشووی براوەی چەند خەڵاتێکن. 

چالاکییەکانی 47مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆتۆبۆری لە شاری یۆتۆبۆریی سوێد لە 26ـی کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 4ـی شوبات بەردەوام دەبێت و 250 فیلم تێیدا بەشدارن و 50 فیلم بەشێوەی ئۆنلاین پەخش دەکرێن.

فێستیڤاڵ خەڵاتی 400 هەزار کرۆنی سوێدی، خەڵاتی باشترین ئەژدیهای زێڕین بۆ باشترین فیلمی باکووری و خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئینگمار بێرگمان دەبەخشێت.

سەرچاوە : رووداو دیجیتاڵ