فیلمی "ژان" نمایش دەكرێت ‎‎

بڕیارە بەم نزیكانە فیلمی "ژان"، لە نووسینی لەیلا باغ پیرا و دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و بەرهەمهێنانی ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدی، بە بەشداری چەندان هونەرمەند و ئەكتەر لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان نمایش بكرێت.
لەبارەی ناوەڕۆكی فیلمەكەوە، بورهان ئەحمەدی، دەرهێنەر بە "وشە"ی گوت، بیرۆكەی ئەم فیلمە لەوەوە دێت كە چەند مانگێك لەمەوبەر دەستدرێژی سێكسی كرایە سەر كچێكی  13 ساڵانی كەم توانای هزری، پاشان ئەم كچە دووگیان دەبێت، جەلال، كە باوكیەتی و دایكی كە ناوی مەریەمە تازە زانیویانە، بۆیە راستەوخۆ هەوڵ دەدەن كۆرپەلەكەی ناو سكی كچەكەیان لەناو ببەن لێی رزگار ببن، بەڵام چارەنووسیان بە شتێكی تر دەگات.

زیاتر گوتی، ناوەڕۆكی فیلمەكە، پێشاندانی رووبەڕووبوونەوەی قارەمانانەی باوكەكەیە لەگەڵ ئەو كارەساتەی كە بەسەریدا هاتووە، لە لایەكەوە كۆمەڵگەیەكی نەریتی و دواكەوتوو و ترسی ئاشكرابوونی،   لە لایەكی ترەوە گیروگرفتی مایەكی و هەژاری و كەمدەرامەتی، لە هەمووی تراژیدیتر خۆشەویستی باوكەكە بۆ كچەكەی و ئازار و خەفەتی ئەو حاڵەتەی كە كچەكەی بەسەریدا هاتووە.

ئەحمەدی روونی كردەوە، فیلمی "ژان"، كە ئەكتەری سەرەكیی فیلمەكە هونەرمەندی گەورە ماهیر حەسەنە، لەم مانگەدا نمایش دەكرێت، و هیوادارین بە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان بێت.

 

 

سەرچاوە: wishe/ ئاسان محەمەد