فیلمی سینەمایی (هیچ) لە سلێمانی نمایشکرا؛ 'زۆر چێژبەخش بوو'

 

 

 

رووداو دیجیتاڵ

لەسیتی سینەمای شاری سلێمانی، فیلمی سینەمایی کوردی (هیچ) نمایش کرا. تێیدا بینەران بە فیلمێکی دیکەی کوردی پرۆفیشناڵ ئاشنا بوون و رەخنە و تێبینی و دەستخۆشیشیان لەوانە کرد کە رۆڵیان تێدا گێراوە.

ئاری عەبدوڵڵا یەکێکە لە ئەکتەرانی فیلمەکە و دەڵێت، "یەکەمجارم بوو رۆڵ بگێرم، خۆشبوو، ویستمان دەوڵەمەند بوون بوو لە فیلمەکە بەڵام هیچمان بەدەستهێنا."

ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەرێکی دیکەیە و لە فیلمەکەدا رۆڵی گێڕاوە و دەڵێت، "زۆر قورس بوو دەوری دایکیک ببینم کە چەند منداڵێکی جیاوازی هەبوو، بەڵام رۆڵگێران چێژێکی زیاتری پێدام."

فیلمی (هیچ) باس لە چیرۆکێکی نەگێڕدراوەی هەڵەبجە و نەهامەتییەکانی ئەو شارە دەکات و بە ئاستێکی بەرزی تەکنیکی و سەردەمیانە کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە.

فیلمەکە لە ژانری نهێنی و چێژبەخشە، لە رۆژی نمایشی تایبەت هۆڵەکانی سیتی سینەمای سلێمانی پڕ لە بینەر کرد.

بێسان وشیار، بینەری فیلمەکەیە و لەبارەی فیلمەکەوە باس لەوە دەکات، "زۆر جیاواز و خۆشبوو فیلمەکە، بەڕاستی چێژم لێ بینی."

رێمەن شەوکەوت، یەکێکی دیکە بوو لە بینەرانی فیلمەکە و لەبارەیەوە دەڵێت، "فیلمێکی جوان و تایبەتی کوردی بوو، داواکارم بینەر بێن  سەیر بکەن و پاڵپشت بن."

فیلمی سینەمایی هیچ، لە دەرهێنانی دیاکۆ بایزە و ژمارەیەک هونەرمەندی ناودار و بە ئەزموونی کوردستان رۆڵیان تێیدا گێڕاوە. فیلمەکە لە یەکەم رۆژی جەژن و رۆژەکانی دواتر لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت و جارێکی دیکە شاشەی سینەماکانی کوردستان بە فلمێکی کوردی دەگەشێنێتەوە.

سەرچاوە : ڕووداو دیجیتاڵ