فرە حزبی لە سیاسەتی كوردیدا لە پەیڕەوكردن لە سیستەمی دیموكوراسییەوە سەرچاوەی نەگرتووە

 

عیرفان مستەفا

 كورد لە ینچینەدی بوونی لەسەر فرەیی دامەزراوە و بە پێی سیستەمێكی ناوەكی تایبەت بە پەرەسەندنە مێژووییەكەدا رۆشتووە و كە لە خێڵەوە بەرەو هۆز رۆشتووە لە یەكبوونی خێڵەكان لە ناو هۆزدا جیاوازییە خێڵەكییەكانی لە ناو یەكبوونی هۆزەكەدا هێشتووەتەوە، كە لە كۆمەڵە هۆزێكیشەوە بووە بە ئیتنیك بە هەمان شێوە یەكبوونە ئیتنیكییەكە جیاوازییەكانی هۆزەكانی نەفینەكردووەتەوە، كە بووە بە نەتەوە و بە كورد ناو براوە، یەكبوونە نەتەوەییەكەی كە یەكبوونێكی سەروو ئیتنیكییە جیاوازییە كولتورییەكانی ئەتنیكەكانی نەسڕیوەتەوە.

بۆیە پەرەسەندنە مێژووییەكە لە هەموو قۆناغەكاندا بە پێی سیستەمی یەكبوون لە جیاوازیدا دامەزراوە و من ئەمەم ناوناوە سیستەمی كوردبون.

پارەتە سیاسییەكان كە لە سەردەمە مۆدێرنەكەدا وەك پێداویستییەكی ئەو سەردەمە دروست دەبن، ناسیونالیزم و سۆشیالیزمیش كە دیاریكەری تایپەكانی دەوڵەتی مۆدێرنن، لەو شوێنەدا كە رێگری لەو یەكبوونە لە ناو جیاوازیدا دەكەن لەگەڵ ئەو سیستەمە ناوەكییەی كوردبووندا لێكدژ دەبنەوە.

ئەم سیستەمە ناوەكییەی كوردبوون كە پەیڕەوی كردنە لە فرەیی لە زمان و كولتور و سیاسەت و هتد.

رێگربووە لەبەردەم ئەوەدا ناسیونالیزم و سوشیالیزم كە كە دیاریكەری تایپەكانی دەڵوتی مۆدێرن لە ناو كوردا وەك ئەوەی كە دەوڵەت دەیانخوازێت هەبن.

ئەمەش هۆكارەكەی ئەوەیە دامەزراندنی دەوڵەت بە تایپە ناسیونالیستییەكەی یەكبوونی زمانی و كولتوری دەخوازێت و روایەتی بە ئیتنییەك لە ئیتنیەكانی ناو سنوری سیاسی دەوڵەتەە دەدات لەسەر نەفیكردنی ئیتنییەكانی تر، ةمەش لەگەڵ یەكبوونی نەتەوەیی لە جیاوازی ئیتنیدا -كە بنەمای كوردبوونە- دژدەبێتەوە.

تایپە سۆشیالیستیەكەی دەوڵەتیش كە دەوڵەتە سۆشیالیستییەكان پەیڕەویان دەكردو ئێستاش ئەوانەیان ماون پەیڕەوی دەكەن، ئەوە دەخوازێت كە فرەیی سیاسی نەبێت و لە سنوری دەوڵەتدا پەیڕەوی لە فرەیی سیاسی نەكرێت و یەك پارتی سیاسی حاكم بێت.

ئەمەش بە هەمان شێوە لەگەڵ بنەمای كوردبوون لێكدژ دەبێتەوە، چونكە كوردبوون دەخوازێت كە لە هەموو یەكبوونێكدا جیاوازی نەفی نەكرێتەوە.

بۆ ئەوەی لە یەكبوونی سیاسیشدا جیاوازی نەفینەكرێتەوە بە ناچاری دەبێت پەیڕەوی لە فرەحزبی بكرێت.

ئەوەی رێگرە لە بەردەم ئەوەدا ئەو پارتانەی كەڵكەڵەی تاكحزبیان هەیە و دەیانەوێت حزبەكەیان حزبی حاكم بێت بنەمای كوردبوون رێگری لە خەونەكەیان دەكات و ناچاریان دەكات فرەحزبی لە سیاسەتدا قبوڵ بكەن.

بۆیە فرەحزبی لە سیاسەتی كوردیدا پەیوەندی بە تایپە ناسیونالیستییەكەی دەوڵەتی مۆدێرنەوە نییە، كە دەخوازێت لە سیاسەتدا لە ناو دەوڵەتدا پەیڕەوی لە فرەحزبی بكرێت و لە زمان و كولتوردا پەیڕەوی لە تاكزمانی و تاككولتوری بكرێت.

بنەمای كوردبوون رێگری لە لایەنە تۆتالیتارییەكەی ناسیونالیزم و سوشیالیزمیش دەكات.

ئەمەش وا دەكات كورد لە ناو ئەو دوو تایپە لە دەوڵەتی مۆدێرندا رێی نەبێتەوە.

ئەو سیستەمی كوردبوون و كێشەی لەگەڵ سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرندا بە وردی لە كتێبی (بوونی نەتەوەیی كورد) و لێكۆڵینەوەیەك بە ناوی (كورد و تاییپەكانی دەوڵەتی مۆدێرن) روونكراوەتەوە .

سەرچاوە : هاوڵاتی